ئاگریان بەردایە عێراق

14/12/2019

ھێمن كەریم

(شەری ناوخۆ ئەگەرێكی چاوەروانكراو)
بەوتەی بەشێك لە شرۆڤەكارانی عەرەبی ‌و ئەمریكایی بەتایبەتی ‌و خۆرئاواییش بەگشتی، هەژموونی دەوڵەتی ئێران بەسەر تەواوی عیراقەوەیە و لەم نێوەندەشدا كێشە مەزهەبی و تائیفییەكان رۆژ بەڕۆژ لەزیادبوندان،

عیراق وەك شارێگەی ئیران لەلایەن ئەمریكاوە تەماشادەكرێت كە سەرجەم یارمەتییەكانی ئەم یان ئەو وڵات لێوەی سەرچاوە دەگرێت، بەدیوێكی تریشدا ئەمریكییەكان پێیانوایە «دەستێوەردانی ئێرانییەكان لە چەند دەیەی رابردووەوە بۆ وڵاتانی ناوچەكە لەرێی ئامادەیی ئێرانەوە بووە لە عیراقدا بەتایبەتی لە ئێستادا».

كەمنین ئەو لێدوانانەی كە لەلایەن ئیدارەكەی ترەمپەوە ئاماژە بەوە دەدەن كە گوایە حكومەتەكەی ترەمپ وەك حكومەتی سەرۆكەكانی دیكە نییە، واتە وەك ئەوانەی رابردوو بەتایبەتی حكومەتە دوو قۆناغییە هەشت ساڵییەكەی ئۆباما، واتە وەك ئەوان ئارامگر‌و چاوەڕوانیی زۆریان نییە، بەواتایەكی تر ئیدارەی ئێستای ترەمپ ناتوانێت ئیتر چاوەڕوانی سەركردە عیراقییەكان بكات، بۆیە زۆر بەڕوونی ستراتیژی خۆی بۆ عیراق خستۆتەڕوو كە پشتیوانیی هەر دەنگێكی ناڕەزایی دەكات لە شەقامی عیراقیدا، بەتایبەتی ئەو ناڕەزاییانەی كە بەوە لێكدەدرێنەوە كە لەدژی ئێران بن، ئەمەش ئەو هۆكارەیە، كە عیراق بەرەو شەڕێكی ناوخۆی و تائیفی دەبات.

هەرچی ئێرانیشە دەستبەرداری ئێستای عیراق نابێت و بە پێگەیەكی ستراتیژی و ئامانجێكی خۆی پۆلێنی كردووە، بەواتای لێدان لە ئێستای عیراق، ناڕاستەوخۆ لێدانە لە ئایندەی ئێران، ئەگەر بە راستەوخۆش وەسف نەكرێت لەلایەن ئێرانییەكانەوە، ئەمەش واتە دەستێوەردانی راستەوخۆی لایەنی دووەم و لایەنی سێیەم، بۆ كاروباری ناوخۆیی عیراق، بە دەستتێوەردان و پێشێلكردنی تەواوی سەروەریی خۆیشی دەبینێت.هەرچی بەشێك لە هاووڵاتیانی عیراقیشە هەندێك لە سەركردەكان بە خەڵكانی سەر بەم یان ئەو دەوڵەت دەزانن، ئا لێرەشەوە ئەگەری شەڕێكی ناوخۆیی رووی لەعیراقە.

بەپێی هەندێك ئاماریش لەپاش كۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانەوە تا ساڵی 1999، نزیكەی 150 جار شەڕی ناوخۆ روویداوە، ئەم شەڕە ناوخۆییانەش كە لەهەر وڵاتێك روویدابێت، دەستێوەردانی دەرەكی هۆكاری هەڵگیرساندنی بووە، لایەنی دووەم و سێیەمیش وەك نێودەوڵەتی یان هەر رێكخراوێكی جیهانی هاوكاربووە لە پەرەسەندنیاندا، چونكە لەهەر راگرتنی شەڕێك گروپ و تاقمی جیاواز جیاواز دروست بوون لە ئەگەری پەراویزخستنیاندا.

لە ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆییدا ئارگۆمێنتی جیاوازهەن، لەبارەی هۆكانی پشت دەستێوەردانی دەرەكی هەم بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هەم بۆ پەرەپێدانی ململانێكان بۆ هەڵگیرسانی ئەو شەڕە، یان وەك هاوبەشی خۆی یان وەك لایەنی درێژەپێدەری رێباز و ئامانجەكانی، بۆ نموونە پەیوەندیی ئێران بە عیراقەوە لەسەر بنەمایی شیعەگەریی و ریبازی شیعی سەرچاوەی گرتووە، واتە مەزهەبگەرییە، نزیكیی توركیا لە توركمانەكانی عیراقەوە واتە پەیوەندیی خاكی و خوێن، ئەمەش بۆ توركیا دەبێتە هۆكار بۆ دەستتێوەردان، پەیوەندیی ئەمریكا بە عیراقەوە واتە فریادڕەسی عیراق لەدەستی زوڵم.

ئێستاش ئیدارەی ترەمپ كاتێك دەیەوێت قسەیەك لەسەر عیراق بكات، خۆی بە خاوەنی شەرعی دەزانێت بۆ دەستێوەردان لەناوخۆی عیراقدا، بەهۆكاری ئەوەی كە ئەوانبوون عیراقییەكانیان لەدەستی سەدام ئازادكرد، بۆ نموونەش لەساڵی 2017دا ترەمپ دەڵێت: ئێمە لەتەواوی سەركردەكانی عیراق نیگەرانین و ناتوانن سەروەریی عیراقییەكان بپارێزین».
لەبەشێكی تردا ناڕاستەوخۆ دەڵێت:» ئێمە بۆ ئەوە عیراقمان ئازاد كرد تا هاووڵاتیانی عیراق ئازادبن، نەك سەركردەكانیان هی وڵاتە دراوسێكانیان بن، بۆیە دەبێت ئازادیان بكەینەوە»، واتە ئەمریكاش رێگەی راستەوخۆ و شەرعییەتی راستەخۆی بەخۆی داوە بۆ دەستتێوەردان لە هەركارێك و هەركاتێك بیەوێت بۆ ناوخۆی عیراق.

 عیراقی ئێستا بەدەست ئەو دەستێوەردانانەوە سەروەریی لەدەست داوەو بەرەو ناڕەزایی توندی هاووڵاتیانی هەنگاوی ناوە و بەئاشكرا رۆژانە دەستێوەردانەكان پرۆتستۆ دەكەن و هاووڵاتیانی عیراقیش بەدەست میلشیاكان و هێزە چەكدارەكانەوە دەكوژرێن، بەمانایەكی تر تەواوی عیراق لەشەڕی ناوخۆییدان بەتەواوی پێكهاتەكانەوە لەدژی یەكترین.

هیچ سەروەرییەكی عیراق نەماوە دەستی بۆ نەبرێت لەلایەن ئەم یان ئەو وڵاتی دراوسێوە.

هەرێمی كوردستانیش بەدەرنییە لەو دەستێوەردانە، ئەویش كەوتۆتە قووڵایی ململانێكانەوە. كەوتۆتە نێوان ململانێی مەزھەبی و هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە، بۆیە دەست تێوەردان بۆ ھەرێمیش ئاسانتربوە، بەداخەوە بەبێ رەچاوكردنی هاوسەنگیی هێزو پێگەی جوگرافی ‌و سەربازیی، حزبێك كۆی بڕیارەكانی گرتۆتە دەست و نایەوێت و ناهیڵێت پەیوەندیی و پرسە نێودەڵەتییەكان بەهەمەلایەنە بكرێت و هەمووان رۆڵ ‌و قورسایی ‌و قسەیان هەبێت لەو پرسەداو بەپێچەوانەوە دەیەوێت بەخواستی خۆی تەحەكوم بە پەیوەندییە هەرێمییەكانەوە بكات، كە ئەمەش مەترسیی بۆسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت لە ئایندەدا و ئەگەر تەباییەكیش لەنێوماڵی كوردیدا هەبێت لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەكییەكان ‌و دەستێوەردانە ئیقلیمییەكان، ئەم جۆرە مامەڵەو تێڕوانینە ئەویش دەخاتە مەترسییەوە.

بۆیە گرنگە هاووڵاتیبوونی كورد رەچاوبكرێت و لەبازنەی خواستی یەك حزب دەربكرێت تا سەروەرییەكانی بپارێزرێت و هەمووان پێكەوە و بە بیركردنەوەی دەستەجەمعی بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەر دۆخێكی نەخوازراو بگرنە ئەستۆ كەروبەری عێراقێكی ئاگراوی بۆتەوە، تا ھەرێمیش نەبێتە گۆرەپانی لایەندارەی مەزھەبی ئەم یان ئەو نێودەوڵەت و ئیقلیمی.

خەمی كوردبوون لەم قۆناخەی عێراقدا گرنگە ، هەمووان ئەو راستیەش دەزانین بە هاووڵاتی ئاسایی ‌و نووسەران ‌و شرۆڤەكارانەوە بە حزبی ‌و ناحزبییەوە كە هەمووان لە كەشتییەكداین، بشێوێت لە هەمووان پێكەوە دەشێوێت، كەواتە با هەمووان بەشداربین لە كارو راو تەگبیردا.

ھێمن كەریم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی