لەبارەی (چاکسازی)یەکەوە کێشەکە لە پەرلەمانە، پەرلەمان کێشەکە نییە!

12/01/2020

رێبین فەتاح


لە پشت پڕۆژە یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی، ڕووئیایەکی ڕوون نییە، پڕۆژەکە تێکەڵ و پێکەڵە، ئەوەش ناڕۆشنی زیاتری تێدا دروستکردووە. تێکەڵ و پێکەڵییەکە ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ئەو بێسەروبەرییە لە سیستەمی مووچە و خانەنشینی و ئیمتیازاتە داراییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

پڕۆژەکە هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوە و سنووردانانێک بۆ بەشێک لەو هەڵە و دزی و گەندەڵییەی لە ساڵانی پێشوودا، بە پەرلەمان و حکوومەتەوە، لەچوارچێوەی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی دا، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و شەرعیەتپێدراو، بەڕێوەبردراوە.

هەرچەند یاسایەکە بەشێک لەو هەڵە و گەندەڵییە شەرعێنراوە ڕاست دەکاتەوە، بەڵام چونکە لەلایەک شەرعیەت بە نادادپەروەری مووچە و خانەنشینی دەداتەوە و لەلایەکی دیکە زۆر لە داخوازی و چاوەڕوانی خەڵک کەمترە، ڕووبەڕووی شەپۆڵێکی توندی ڕەخنەگرتن بووەتەوە.

لەناو ئەو شەپۆڵی ڕەخنەگرتنەدا، دوو گرووپی سەر بە حزبەکانی حوکمڕان هەیە. گرووپی یەکەم کەسانێکن بەڕاستی هەست بە نادادییە گەورەکە دەکەن یان نادادییە گشتییەکە ئەوانیشی ماندوو کردووە و فشارێکی ناوەکی و دەرەکی یان لەسەر دروستبووە و ناچار بە دەنگهەڵبڕینی کردوون. ئەوە جێی خۆشحاڵییە کە جەماوەری حزبە حوکمڕانەکان لە دۆسیەیەکی گرنگدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکاتەوە، بەو تێبینییەشەوە کە ئەوان بەلەبەرچاوگرتنی ئینتمای سیاسییان، دەیانەوێ کێشەی خۆیان لەگەڵ پڕۆژە و دۆخەکە لە تەنیا زۆری مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران کورت بکەنەوە، نەک کێشە لەگەڵ خودی گرفتە بنچینەییەکە کە گرێدراوی سیستەمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنە.

کورتکردنەوەی کێشەکە لە تەنیا خانەنشینی پەرلەمانتاران، دەشێت ئەنجامێکی نەرێنی و پێچەوانەشی لێ بکەوێتەوە، ئەو ئاراستەیە سەرنجی خەڵک لە کێشە بنەڕەتییەکەوە بۆ کێشەیەکی بچووک (بچووک بەراورد بە کێشە بنەڕەتییەکە لە سیستەمەکەدا) کورت دەکاتەوە. ڕای گشتی وەها ئاراستە دەکات کە کێشەکە هەر مووچە و خانەنشینی گرووپێکە و هیچی دیکە، لێرەدا کاتێک دەسەڵاتە باڵایەکە کە خۆی لە سەرکردایەتی بڕیاردەری سیاسی و سەرانی باڵادا دەبینێتەوە، کاتێک لە جدیەتی ناڕەزایەتی و نیگەرانی خەڵک تێدەگات، ڕاستەوخۆ فەرمان دەکات بە جێبەجێکردنی ئەو داخوازییە سنووردارەی خەڵک و لەوەی پەیوەندیشی بەخۆیی و سیستەمەکە(کێشە بنەڕەتییەکە) هەیە، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت!

نەک هەر ئەوەندە بەڵکو جارێکی تر خۆی وەک فریادڕەس و دژە گەندەڵی و دڵسۆزی خەڵک نمایش دەکاتەوە.

ئەو یارییە بەردەوام لە ئاستی باڵای سیاسی و لە ئاستی سەرانی بڕیاردەری حزبەکانی سیاسی لە کوردستان کراوە و دەکرێت. لە زۆربەی بارە گشتییەکانیشدا، هەوڵدەدرێت تەوقەکە لەسەری پەرلەمان بشکێنرێت.

لێرە دوو قازانج تێکەڵ دەبن، یەکەم؛ دەسەڵاتدارانێک کە ترسی زۆریان لە ڕۆڵگێڕان و کارابوونی پەرلەمان هەیە، تموحی کەڵەگایی، خەونی مەرجەعبوون و کەڵکەڵەی تاکڕەویی، خەوی زڕاندوون، لە هەوڵێکی بێسنووردان لەپێناو شکاندن و بچووککردنەوەی پەرلەمان لە ئاست ڕای گشتی و وێناکردنی پەرلەمان وەک دەزگەیەک کە جگە لە قەڵەوکردنی کارەکتەرەکانی بە پەرلەمانتار و ڕاوێژکارەکانییەوە، هیچ ئەرکێکی دیکەی نییە. ئەوان بە زمانی جیاجیای پڕ لە تەوس و گاڵتەجاڕیشەوە ئەو هەڵمەتە دژ بە دامەزراوەی پەرلەمان بەڕێوە دەبەن، لە ڕێگەی دروستکردنی نوکتە و کاریکاتێر و وێنەی گاڵتەجاڕانە کە زۆرجار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو ئامانجە بەکاردێنن. ئەو ڕێگەیە وەها دەردەکەوێت کارتێکەرێکی کاریگەرترە لەمەڕ جەماوەر.

دووەم؛ شکاندنی شکۆی دامەزراوەی پەرلەمان یان دەسەڵاتی یاسادانان کە گرنگترین ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوە لە سیستەمی سیاسی کوردستاندا و تەنیا دەرچەیەکە بۆ دەربازبوون لە حوکمی تاکڕەویی و خۆسەپێنی و کەڵەگایی، زەمینەی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ سەپاندنی حوکمی تاکەکەسی و کەڵەگاییەکە، لە هەمان کاتیشدا بەرپرسانی یەکەم و سەرەکی لە گەندەڵی و نادادی و فەشەلە یەک لەدوای یەکەکان، دەپارێزێت و وەک گوتمان تەوقەکە لە شەڕێکی دیکەدا دەشکێنرێت کە شەڕە گەورەکە نییە، ڕەنگە لەو هاوکێشەیەدا یان لە سازکردنی ئەو دۆخەدا هەر سەر نەبێت و کلک بێت!

ئێمە دەتوانین هەڵوەستەی زۆر زیاتر لەو ڕووەوە بکەین، واتە لەمەڕ هەڵمەتی بە بەرنامە و ئاراستەکراو بۆ بچووکردنەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەوە بۆ دەرفەتێکی دیکە هەڵدەگرین و دێینە سەر گرووپی دووەمی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە پڕۆژەکە لەچوارچێوەی حزبە فەرمانڕەواکان و کلکەکانیان.

ئەو گرووپە لەو هەزاران هەزار ئەندام و کادیرانەی حزب پێکدێن کە سوودمەندی دۆخەکەن، بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و ئیمتیازاتی دارایی عەجیب و غەریبیان هەیە. ئەو گرووپە جەسارەتی ئەوە ناکەن بە ڕاشکاویی و ڕاستەوخۆیی بێنە پێشەوە و بڵێن ئێمە زیانمەند دەبین و مووچە و ئیمتیازاتە نایاساییەکەمان دەبڕدرێت، بەڵکو لە کەناڵی جیاجیاوە لە ڕێگەی فشاری تایبەت بۆ سەر بڕیاربەدەستان لە هەر ئاستێکدا و لە ڕێگەی فریودان و چەواشەکاریی و خۆتێکەڵکردن لەگەڵ جەماوەری خاوەن نیگەرانی و ناڕەزایەتی ڕاستەقینە، لەگەڵ جەماوەری بێبەشکراو و قوربانیانی سیستەمەکە، نمایشی خۆیان دەکەن.

ڕاستییەکەی، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی نەبوونی متمانە بە ئەنجامدانی هەر چاکسازییەک لە کوردستاندا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حزبەکانی حوکمڕان قەبارەیەکی گەورە لە بنکەی جەماوەری خۆیان لەسەر بنەمای ئیمتیازاتی دارایی کۆکردووەتەوە، کە خۆی لە مووچە و خانەنشینی نایاسایی و بندیوار و... هتد دەبینێتەوە. بۆچوونێکی تاڕادەیەک باو هەیە کە هەر چاکسازییەک لەو ڕووە بە خۆبنکۆڵکردنی حزبەکانی حوکمڕان دادەنێت، ئایا ئەوان ئامادەن چاکسازییەک بکەن کە وەک گورزێکی گەورە بەر بنکە جەماوەرییەکەیان دەکەوێت؟ ئایا ئەو هەزاران هەزارە مووچە و ئیمتیازاتەکانیان وەربگریتەوە، هیچ ڕایەڵێکی دیکە بە حزبییان دەبەستێتەوە؟ یان ئایا چ ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەگیرێت یان گیراوە بۆ درێژەدان بەو سوودمەندبوونە نایاساییە و بە هێشتنەوەی ڕایەڵەکە لە نێوان حزبی پارەبەخش و ئەندامەکانی؟

ئێستا کێشەکە خراوەتە پەرلەمانەوە، پەرلەمان بەخۆی کێشەکە نییە. ئەوەش ڕاستە کە کێشەکە بەشێکی گەورەی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دروستکراوە، بۆنموونە نایەکسانی لە مووچە و خانەنشینی بە یاسا و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کراوە، بەڵام خودی پەرلەمان وەک دامەزراوە، کێشەکە نییە، کەواتە ناکرێت بە هەڵە سەرچاوەی کێشەکە و خودی کێشەکە دیاری بکرێت، چونکە ئەنجامی پێچەوانە بەدەستەوە دەدات.