شیعە دەیەوێت ئێس 400 بكات بەناو ماڵی عێراق-دا

14/01/2020

لوقمان غەفوور

ئەو گروپە شیعییانەی نزیكن لە ئێرانەوە یاری بەئاگرێكی دیكە دەكەن. نازانم تا چەند راستە! دەڵێن كاتی خۆی سەدام وتویەتی: لەدوای خۆم عێراقێكی وێرانە جێدەهێڵم! لەوە دەچێت كاربەدەستانی قوم و تاران ئەمجارە نەك بیانەوێت ئێران بە وێرانەیی جێبهێڵن، بەڵكو ئەیانەوێت عیراق-یش بەخۆیانەوە تووشی سووتان و خنكاندنی ئابوری بكەن.

شیعەی عیراق لە خافڵگیرییەكی سەیردایە، پێیوایە ئەوەی بۆ ئیران ئەچێتە سەر بۆ عیراق-یش ئەچێتە سەر وەك چۆن ئێرانییەكان پێیان وایە ئەوەی بۆ توركیا ئەچێتەسەر بۆ ئێران و رژێمەكەی ئەچێتەسەر.

سەرانی قوم و تاران، شیعەی عیراق هاندەدەن كە مووشەكی بەرگری ئێس 400 یان هەر هیچ نەبێت ئێس 300 ی رووسی بكرێت، لەكاتێكدا خۆیان ئامادەنین پارە بدەن بە مووشەكی بەرگری ئێس 400 و بیكڕن، مەبەستەكەش نوێكردنەوەی مەلەفێكی كۆنە بۆ سەرقاڵكردنی ئەمریكا لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، لەكاتێكدا شیعەی عیراق خۆشی ئەزانێت ئەوەی بۆ توركیا ئەچێتە سەر بۆ عێراق ناچێتەسەر و بەڵكو ژیانی شیعەی عیراق بەگشتی بەستراوە بە ئیران و رژێمەكەیەوە.

توركیا كاتێك ئێس 400ی رووسی دەستگیر بوو كە هێشتا نەخراوەتە ناو سیستمی بەرگری توركیا-شەوە، تووشی سەرئێشەو ململانێیەكی زۆر بوو لەگەڵ ئەمریكا و سزای ئابوری خراپیشی بەسەردا سەپا. لەكاتێكدا كە توركیا جگە لەوەی ئەندامی ناتۆیە، جێوسیاسی توركیا تەواو جیاوازە لەگەڵ عیراق، نەك ئەوەندەش ئێستا لە لیبیا، ئەمریكا توركیای ئاڵاندووە لە شەڕەوە.

خستنەڕووی ئەو بابەتە لای سەعد جەواد قەندیل باڵیۆزی عیراق لە ئیران، فڕێدانی كارتی تۆڵەی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودسە كە شەوی 3ی جێنیوەری لەرێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوە ئەمریكییەكان بە فرمانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كوشتیان. چونكە كاتێك ساڵی 2017 شیعەی عیراق كە هێشتا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو لەژێر فشاری كاربەدەستانی ئێران ئەم مەلەفەی كردەوە و ویستی گرێبەستی كڕێنی مووشەكی بەرگری رووسی ئێس 300 بكات لە روسیا. ئەمریكا بەتوندی هەرەشەی لە عەبادی كرد كە دەست بۆ كارێكی وەها نەبات، چونكە ئەنجامەكەی خراپ دەبێت.

رەنگە ئەو بۆچوونەی ئەفسەرێكی پێنتاگۆن لە رۆژنامەی زە ناشناڵ راست بێت كە عیراق بیانوویەكی بێ مانای هەیە لەوەی بۆ پارێزگاریی ئاسمانەكەی پێویستی بە مووشەكی بەرگرییە هەیە، كە لێدوانەكەی وەك پەرچەكردارێك وایە بۆ ئیگۆر كۆرۆشینكۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتی وەزارەتی بەرگری روسیا. سەرەڕای ئەوەی عێراق بەرەو گێژاوی نەهامەتی و سزا ئەبات چونكە یاسای سزادانی رووبەرووبوونەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا كە ترەمپ لەساڵی 2017 ئیمزای كردووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزا ئەسەپێنێت بەسەر ئەو وڵاتانەی كە مامەڵە دەكەن لەگەڵ دامەزراوەكانی بەرگری روسیا. كە عێراق یەكێكە لەو دەوڵەتانەی پابەندە بە رێكەوتنی ستراتیژی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا.

ئەوەی میدیای ئەمریكی قسەی لەسەر ئەكات دوو تێڕوانینی جیاوازە، تێڕوانینێكیان پێیانوایە كردنەوەی ئەم مەلەفە بۆ ئەوەیە كە ئەمریكا كۆمەڵێك مووشەكی بەرگری ئاسمانی بە وەزارەتی بەرگری عیراق بفرۆشێت و عێراق ملكەچی كۆمەلێك قەرز و سەفەقاتی كڕینی چەكی تر بكات. هەندێكی تر پێیانوایە كە نەخێر ئێران پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەكات. حەیدەر مەنسور هادی باڵیۆزی عیراق لە روسیا بۆ زە ووێل ستریت جۆرناڵ ئەوەی ئاشكرا كردووە كە لە مانگی مەی 2019 عیراق بڕیاری داوە كە مووشەكە بكرێت بەڵام چونێتی كڕینەكەی لانەبوو.

قسەكانی هەر یەك لە كەریم عەلاوی و عەبدولخالق عەزاوی ئەندامانی لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ نیویۆرك تایمز زۆر نهێنی پشت پەردە هەڵدەماڵێت كاتێك بەجیا قسەیان كردووە، عەلاوی دەڵێت: "بەر لە خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 وەفدێكی عێراقی چووەتە روسیا بۆ چۆنێتی گرێبەستی كڕینی مووشەكەكە بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عیراق و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران گفتوگۆكان بچڕاون و هیچ رێكەوتنێكیش ئیمزا نەكرا". لەهەمانكاتدا عەلاوی دەشڵێت:"چەند جارێك داوا لەئەمریكا كراوە چەكێكی گونجاومان بداتێ بۆ بەرگری ئاسمانی عیراق!" ئەم رستەیەی عەلاوی پاڵپشتە بۆ قسەكانی عەزاوی كە بە نیویۆرك تایمزی وتووە:"ئێمە داوامان لە سەرۆك وەزیران كردووە كە چەكێكی بەرگری ئاسمانی دەستگیری عیراق ببێت لە روسیا بێت یان هەر وڵاتێكی دیكە".

كەواتە كۆتا قسە ئەوەیە "لە روسیا بێت یان هەر وڵاتێكی تر!" كوێییە جگە لەئەمریكا. ئەم یارییە نوێیەی بەشێك لە شیعەی عیراق یان ملكەچبوونی عێراقە بۆ كڕینی كۆمەڵێك مووشەكی بەرگری لە جۆری پاتریۆت یان بەپێچەوانەوە یارییەكی نوێی ئێرانە تا عێراق لەرێگەی گرێبەستی كڕینی ئێكس 400ەوە بباتە ناو گێژاوی سزای ئابورییەوە.

لوقمان غەفوور

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی