گەورەترین درۆی دونیا یان هەڵکشانی مەزن

15/01/2020

دلێر محەمەد نووری


١/ پاوڵۆ کۆیلۆ لە ڕۆمانە ناوازەکەی «کیمیاگەر» لە دەمی کەسایەتی پادشاوە باس لە گەورەترین درۆی دونیا ئەکات بۆ کەسی سەرەکی ڕۆمانەکە کە شوانەکە یان سانتیاگۆیە. ئەو دەڵێت (گەورەترین درۆی دونیا ئەوەیە کاتێ سەردەمێک دێت کە جڵەوی ژیانمان لە دەست دەردەچێت وتەنها چارەنووس بە سەرماندا زاڵ دەبێت). هەرچەندە ئەم ڕۆمانە باس لە ئەزموونی تاکەکەسی دەکات بەڵام ئەگەر وێنەکە گەورەتر تەماشا بکەین و بەرزی بکەینەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگاکان و میللەتان ئەوا ئەم تیورییەی پاوڵۆ کۆیلۆ زۆر سامناک دەردەکەوێت کاتێک ژیانی میللەتێک یان چەند میللەتێک لە دەست دەرچن و چارەنووسێکی نادیار حوکمی خۆی دەسەپێنێ و کۆتاییەکانی بە بێ ویست و حەزی مرۆڤەکان دیاری دەکات. 

ئەمڕۆ لە دونیادا ئەو جوگرافیایەی کە وڵاتانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیای کەوتۆتە سەر،  بارکراوە بە رق و کینەی نەتەوایەتی و مەزهەبی وتایەفی. تەنراوە بە چەک و تفاقی جەنگی و پڕە لە پیلان و جوڵەی سەربازی و سیاسی بەردەوام. دوو لە هەرە زلهێزەکانی دونیا ئەمریکا و ڕووسیا بوون و ڕۆڵی سەربازی و سیاسی گەورەی دژ بە یەک و هەندێ جار هاوتەریبیشیان هەیە لەم ناوچانەدا. تورکا و ئێران وەکو دوو دەوڵەتی هەرێمیی خاوەن توانای سەربازی، بە دیدگا و پیلانی سەربازی و سیاسی دژ بە یەک و هەندێک جاریش وەک یەکیان هەیە بۆ هەر ناوچە و هەر مەسەلەیەک. عێراق و سوریا وەک دوو وڵاتی پاشماوەی جەنگ و دوو گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی هەموو کێشە و ناکۆکییە سیاسی و سەربازییەکان دەرگایان لە سەر پشت و ئاوەڵایە هەموو کاتێک لە پێشوازی کارێکتەرەکانی هەر وڵات و هێزێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیین. لە پشت هەموو ئەم وڵاتانەش دەیان وڵاتی تر هەن وەکو وڵاتانی ناتۆ و وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل کە هەر یەکەیان بە هاوکاری مرۆیی و سەربازی و سیاسی و سیخوڕی بەشدارە لە گۆڕەپانەکەدا.

لە وەها گۆڕەپان و وەها شەڕگەیەک کە پڕپڕە لە هێز و توانای سەربازی دژ بە یەک،  کە پڕپڕە لە پیلان و سیاسەتی دژ بە یەک. کوردیش وەکو بێ بڕیارترین و بێ هێزترین و بێ پیلانترین لایەن و نەتەوە کەوتۆتە نێو چەقی گۆڕەپانەکە و پەرت پەرت بووە بە سەر سیاسەت و هێز و پیلانی جیاجیاوە.

ئاخۆ لە وەها گۆڕەپانێکی شەڕ و لە وەها ژینگەیەکی سیاسی و لە نێو وەها هەڵکشان و داکشانی زۆر، به کامە یاسا و کام حەکیم، کامە عورف و کام رەحیم ڕێگە لەوە دەگرێت کە سەردەمێک نەیەتە پێشەوە وەک ئەوەی پاوڵۆ کۆیلۆ ناوی هێناوە کە جڵەوی ژیان لەم ناوچەیە لە دەست هەمووان دەربچێت و چارەنووسێکی نادیار خۆی خاڵی کۆتایی بۆ ژیان هەمووان دابنێ؟

٢/  ئیلکساندر هیل کی چیرۆکنووسی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٧٠ ڕۆمانی «المد الهائل یان هەڵکشانی مەزن» ئەنووسێت کە ئەو ڕۆمانە لە خۆیدا باس لە پاش کۆتاییهاتنی جیهان ئەکات کە بە هۆی شەڕی زلهێزەکان بە چەکی موگناتیسی لە ساڵی ٢٠٠٨ گۆی زەوی بە تەواوی زیانی پێدەگات و دەشێوێنرێت و کەسانێکی کەم لە پاشماوەی مرۆڤایەتی ئەمێنینەوە و دیسان ململانێیەک دروست ئەبێتەوە لە نێوان لینا و کونان و باپیری لینا لە لایەک و ئەوانەی ئەیانەوە نهێنی زانستی لە باپیری لینا بە دەست بهێنن بۆ دەستگرتن بە سەر وزەی خۆرداو...تادوایی. دواتریش لە ساڵی ١٩٧٨ دەرهێنەری( نیگارە جوڵاوەکان-الرسوم المتحرکه‌) ی ژاپۆنی هایاو میازاکی «میرای شوێن کونان- فتی المستقبل کونان» ی بە شێوەی زنجیرە کارتۆنی مناڵان بە ئیلهام وەرگرتن لەم ڕۆمانەوە بەرهەم دەهێنێت. کە دواتریش لە عێراق لە ساڵانی هەشتاکاندا لە ژێر ناوی «عدنان و لینا» بە دۆبلاژکراوی مناڵانی ئەو سەردەمەی عێراق لە بیریانە و بینیویانە هاتە نیشاندان لە شاشەی عێراقییەوە. بە گشتی چیرۆکی ئەم ڕۆمانە باس لە ٢٠٠٨ واتا داهاتوو ئەکات واتە پاش ٣٨ساڵ لە نووسینی ڕۆمانەکە و ناوی جەنگی جیهانی سێهەمی لێناوە و باس لە بەکارهێنانی چەکی موگناتیسی ئەکات. کە مناڵ بووم و ئەو زنجیرەیەم ئەبینی بە حوکمی ئەوەی لە کەرکووک خوێندن بە عەرەبی بوو چاک لێی حاڵی دەبووم و هەمیشە پرسیارم لە گەورەکانی دەوروبەرم ئەکرد ئەوە چەند ساڵی دیکە ئەگەینە ٢٠٠٨. 

 بەڵام دواتر کە لە کۆتاییدا لە زنجیرەکەدا هێزی شەڕ دۆڕا ئەو خەمەی منیش ڕەوییەوە. کاتێکیش گەورە بووم و ٢٠٠٨ یشم بینی بە بێ کارەسات دیسان خۆشحاڵ بووم کە پێشبینییەکانی هیل کی نەهاتنە دی. ئاخۆ ئەم هەموو زلهێزەی ئەم ناوچەیە و بەم هەموو بڕیاربەدەستە مەزاجی و بێهۆشانەوە و بەو هەموو توانا سەربازی و چەکە بێ ئامانانەوە چی ڕێگە لەوە ئەگرێت ئەو هەڵکشانە مەزنەی ئەلێکساندەر هیل کی بۆ کۆتایی جیهان لە ٢٠٠٨ داینابوو لە ٢٠٢٠ روو نەدەن؟ کوا لە نێو ئەم دیمەنانەی ئەمڕۆ وەها دەردەکەون کە مرۆڤایەتی هیچ پەندێکی لە جەنگی جیهانی دووهەم وەرگرتبێ تا نەیکا بە سێهەم؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی