ئیجەو دوا وێستەگەی هەڵوەرینی هەزاران خەونی گەنجی کورد

17/01/2020

عەلی عبدالصمد

دواجار نیشتیمانی ڕاستەقینەی مرۆڤ، ئەو شوێنەیە کە تێیدا هەست بە بوونی خۆی دەکات و ڕێز لەمرۆڤ بوونی دەگیرێت، ئەو شوێنەیە کە بەخەونەکانی دەگات و هەست بەنامۆبوونی خۆی ناکات لەو شوێنەدا. 
ساڵانێكە ئەم نیشتیمانە، نەنیشتیمانی زۆرینەی گەنج بووە و نە بۆ چرکەساتێکیش هەستیان بەبوونی نیشتیمانێك کردووە و کە بە شەرفمەندانە تێیدا بژین. 

 ڕەنگە نەبێت هێندەی گەنج دڵشکاوبێت لەم نیشتیمانەدا، تەمەنێك،  کە دنیایەک خەون و خولیا و ئارەزووی هەیە بۆ ژیان و ئایندە.
تەمەنێك، کە بەخەندەوە بۆ ژیان دەڕوانێت و نیشتیمانیش، جگە لە کۆمەڵێك خەم و گریانێک هیچ شتێکی دیکەی پێشکەش نەکرد. 

 ئەمرۆ زۆرینەی گەنج، خۆیان وەك غەریبەو نامۆیەک دەبینن لەم نیشتیمانەدا، نیشتیمانێك کە نابەوەشێکی پڕ لە میهر و  نە دەرگایەکی بەڕووی خەندە و بەختەوەریدا بۆ کردوەنەتەوە.  

لەم چەند ڕۆژەدا هەواڵی خنکانی چەند گەنجێك لەدەریای ئیجەدا، تەواو ناخ هەژێنەربوون،
ئیدی هەست دەکەیت، مەرگی ئەم گەنجانە بەر لەوەی مەرگی مرۆڤێك بێت بەتەنها، مەرگی دەیان گەنجی دیکەیە لەم نیشتیمانەداو مەرگێکە لەبری ئەوانی دیش دەمرن. 
ئیدی گەنج لەم نیشتیمانەدا، کاتێك هەست بەوە دەکات، هیواو  خەونەکانی سەرابێك بوون و بۆ ساتێکیش هەست بەبوونی نیشتیمانێکی حەقیقی نەکات کە باوەشێکی پڕ لەمیهری پێدا بکات، ئیدی چارەنوسی  یان کۆچکردنە، یاخود بیرکرنەوەیە لەکاری خراپ بەرانبەر بەخۆی. 

نیشتیمانێك کە گەنجێك هەموو ساڵەکانی خوێندنی بە گیرفانی خاڵی و بەدنیایەک هیواو  خەونی لەبار چووەوە بەڕێبکات، کوا نیشتیمان و کوا دڵخۆشبوونی لەم نیشتیمانەی کە هەموو هیواکانی لەگۆڕ ناوە؟
گەنجێك دوای دەیان ساڵ خوێندن سادەترین ئاواتێکی دامەزراندن و شوێنێکە کە تێیدا بژی و ناتوانێت و دانامەزرێت، ئیدی ئەم نیشتیمانە جگە لە دەلاقەیەک بۆ مەرگ، چ دەرگایەکی بەختەوەری و ئومێدی بۆ دەکاتەوە؟ ئیدی ئەم نیشتیمانە جگە لە کردنەوەی دەرگایەک بۆ کۆچکردنی و بە جێهێشتنی، چ دەرگایەکی بەختەوەری و ئومێدی بۆ دەکاتەوە؟ 

ساڵانێکە  دەریای ئیجە، دوا خاڵی کۆتای  دەیان و سەدان هیواو ئومێد  و ڕازی  گەنجی کوردە،
دوا خاڵی هەزاران دڵۆپ فرمێسکی نەڕژاو و سەدان خەونی لەبار چووی ئەو گەنجانەیە کە لە چارەنوسیان لە نیشتیمانی خۆشیاندا جگە لە دڵشکان و فرمێسکێكی تاڵ، هیچ  شتێکی دیکەنەبوو. 

وەك شێرکۆ بێکەسیش دەڵێت:

من چیم ئەویست لە نیشتمان ؟!
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیای و
جێژوانێکی بە حورمەت و
مشتێک هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم باتێ 
من چیم ئەویست لەوە زیاتر و نەیدامێ..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی