چاكسازی

18/01/2020

هەندرێن شێخ راغب

 دوو جۆر ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان هەیە، یەكەمیان شەقام‌و دەنگی ناڕازی هاوڵاتیان‌و دەستەبژێرێكی رۆشنبیر‌و خوێندەوارو پیشەوەر....هتد، دووەمیان چەند هێزێكی سیاسین‌و لەناو پەرلەمان‌و پرۆسەی سیاسی هەبوونیان هەیە. هەردووكیان بە یەك زمان قسە دەكەن كە بۆچونیان وایە دەستەبژێری حوكمڕانی سیاسی‌و ئیداری گەندەڵن‌و نا عەدالەتی هەیە‌و قۆرغی سەروەت‌و سامانیان كردووە. ئەمەش هۆكاری ناسەقامگیری سیاسی‌و حوكمڕانییە لە كوردستان. لەدایك بوونی پڕۆژەی چاكسازی بۆ گەڕاندنەوەی ئەم متمانە لە دەستچووەیە، ئەم پڕۆژەیە پێش ئەوەی ئابوری بێت،سیاسییە.

ئەم بێ قەناعەتیەی خەڵك‌و هێزە سیاسیەكان هەیانە، بە پڕۆژەی لەم جۆرە نەمێنێت. دەستەبژێری حوكمڕانی‌و سیاسی كە دوو حزبی دەسەڵاتدار نوێنەرایەتی دەكەن، لەرێگای ئەم پڕۆژەیە هەوڵ دەدەن متمانەی شەقام‌و ئۆپۆزسیۆن‌و هێزەكانی دیكە بەدەست بهێنن.

جەوهەری پەیوەندی هێزە ناكۆكەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر چاكسازی كردن دروست بووە. بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی پەتی پەیوەندیان ئەم پڕۆژەیەیە، ئەگینا لەروی ئۆرگانی‌و سیاسەت كردن زۆر دژی یەكترن.

جیاوازن لەیەكتر. بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئارام بێت، دەبێت ئەم پڕۆژەیە جێگای خۆی بگرێت. لێرەدا دەشێ هەندێك دیوی بابەتەكە بخەینەروو، كاتێك حزبە دەسەڵاتدارەكان دانی پێدا دەنێن كە گەندەڵی‌و ناعەدالەتی هەیە‌و بەخۆیان‌و وەزیرەكانیان‌و فراكسیۆنەكانیان( لەناو هۆڵی پەرلەمان راستەوخۆش دەگوزارێتەوە) قسە لەسەر چاكسازی دەكەن .ئەمە دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵاتدارەكان لەیەكتر نزیك ببنەوە، نەك گرژی دروست بكات. مادام هەموان لەپەرلەمانن، لە تەك یەكترن، پێكەوە باسی چاكسازی دەكەن، كەواتە نابێت گرژی دروست بێت.

بۆ نمونە كاتێك لەسەر كەمكردنەوەی موچە زۆرەكان قسە دەكرێت، نەوەی نوێ‌و پارتی دەبێت لەیەكتر نزیك بكاتەوە، نەك گرژی. بەڵام راستیەكەی وەبەرهێنانی سیاسی لەم پڕۆژەیە دەكرێت، نەوەی نوێ‌و یەكگرتوو هەندێ هێزی دیكە دەیانەوێت وەبەرهێنانی سیاسی لەم پڕۆژەیە بكەن، ئەمەش نە گوناهەو نە خراپە‌و حەقی شەرعی خۆیانە، چونكە ئەی بۆچی سیاسەت دەكەن؟ پارتی‌و یەكیەتیش بەهەمانشێوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەهەموان رژدتر دەیەوێت دوو وەبەرهێنانی لێ بكات یەكەم بۆ كەشوهەوای ناوخۆی بزوتنەوەكە كە متمانەیەك بۆ دەنگدەرو كادیرو سەركردەكانی بگێڕێتەوە، دووەم بۆ هاوڵاتیان‌و دەنگدەرانی كوردستانە.ئەم جۆرە كاركردنە سروشتیە‌و دژی بنەماكانی سیاسەت كردن نیە. بەڵام ئەوەی كە نابێت بكرێتە قوربانی چاكسازی كردنە.

رێكخستنەوەی داهات‌و خەرجیەكانە. ئەگەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەیانەوێت سودمەندی پڕۆژەی چاكسازی بن، دەبێت لێرەوە دەست پێ بكەن، نەك بوەستن، بۆ نمونە مەلەفی نەوت، خاڵە گومرگ‌و سنوریەكان، داهاتەكانی ناوخۆش چاكسازی بكەن‌و رێكیبخەنەوەو سەروەت‌و سامانی ئەم هەرێمە رون‌و ئاشكرا بن‌و سودەكەی بۆ تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت. لەدەنگدان بە پڕۆژە یاسای چاكسازی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ هاتنە دەرەوەو دەنگیان پێ نەدا، فراكسیۆنەكانی دیكە زۆرینە دەنگیان پێداو پەسەند كرا. لێرەدا هەردوولا لەسەر حەقن، یەكەم هێزە دژەكان بڕوایان بەم یاسایە نیەو بە جۆرێك لە بەیاسایی كردنی ناعەدالەتی‌و جیاوازی زۆری موچەو ئیمتیازاتەكانی دەزانن، لەم گۆشەنیگایەوە دژی پڕۆژەی چاكسازی دەوەستنەوە. دووەمیان هێزە دەسەڵاتدارەكانن كە بۆچونیان وایە لەم قۆناغەدا لەروی سیاسی‌و ئیداری‌و ئابوریەوە هەر هێندە دەكرێت‌و كردنەوەی دەرگایەكی باشە بۆ داهاتوو تاوەكو سڵ لەوە نەكەنەوە دەست بۆ مەلەفی دیكە بەرن. جیاوازی‌و ناكۆكی هێزەكان لەناو پەرلەمان‌و دەرەوە،

 

لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی زۆر سروشتی‌و یاسایی‌و ئاساییە، بەڵام ئەگەر لە نەخشە رێگای چاكسازیەكان بدات‌و چاكسازی بكاتە قوربانی. ئەوە كارەساتێكی گەورە‌و مەترسیدارە بۆ قۆناغەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان. ئەگەر چاكسازی لەمەلەفی نەوت‌و غازو خاڵە سنوریەكان‌و گومرگ‌و داهاتی ناوخۆ نەكرێت، ئەوا بانگەشەی چاكسازی درۆیەكی گەورەیە. لەكۆتایدا ئەوەش دەڵێم: تاوەكو چالاكی مرۆڤ بەردەوام بێت، گۆڕانكاری لە پێداویستیەكانی مرۆڤ بەردەوام بێت، چاكسازی كارێكی لەپێشینەیە، هەمیشە ئەم پرۆسەیەمان پێویستە، چۆن دەشێ ئەمریكای پێش یەك سەدە وەك هەمان ئەمریكای ئێستا بێت؟ بۆیە چاكسازی لە حوكمڕانی‌و دەسەڵاتداریەتی، بۆ سوید‌و ئەفریقا‌و كوردستان‌و یۆنان‌و ...هتد پرۆسەیەكی بەردەوامەو دەبێت نەوە دوای نەوە بەپێی گۆڕانكاریەكان چاكسازی ئەنجام بدرێت. ئێستاش كوردستان بانگەشەی چاكسازی دەكات، دەبێت نەوەستێ‌و وەڵامی ئێستای گۆڕانكاریەكان‌و پێویستەكانی حوكمرٍانی‌و قۆناغەكە بداتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە