کاریگەری دبلۆماسیەتی دەرەوە لەقایم کردنی پێگەی ناوخۆدا!؟

16/02/2020

ئەبوبەکر هەڵەدنی

هەموان لەلایەک دڵخۆشین بەئاستی بەرەو پێش چونی پەیوەندیەکانی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئێستا لەناوەندو کۆڕوکۆنگرەو کۆنفرانسە نێو دەوڵەتیەکان سەرێکین لەناو سەران وناوێکین لەناو ناواندا،هەرچەندە هێشتا ئەم پەیوەندیانە لەلایەکی ترەوە بەدەست دوو کێماسیەوە دەناڵێنن:
یەکەم هێشتا ئەو شاندانە حزبین و ناواخن وجوغزی پەیوەندیەکان لە ئەڵقەیەکەی بچوکی بڕیاردا دەخولێنەوە وناوەڕۆکەکەی لای خەڵک ڕۆشن نیە.
دووەم ماهیەتی ئەو پەیوەندیانە لەسەر بەرژەوەندی دامەزراوە(لەگەڵ ئەوەی کۆی پرۆسەی سیاسەت پارێزەرو دابین کردنی بەرژەوەندیەکانە) ولەنێویشیاندا دۆسیەی نەوت و ووزە وڕۆڵی کۆمپانیا زەبەلاحەکان ڕەنگڕێژی ئەم پەیوەندیانە دەکات.


ئەوەی لێرەدا گرنگە خستنەگەڕی ئەم پەیوەندیانەیە بەئاقاری بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری وکۆمەڵایەتی وپرۆسەی سیاسی وئەزمونی دیموکراسی هەرێم وبەدامەزراوە کردنی حوکمڕانیەکەی وهێنانە کایەی شەفافیەت ومیکانیزمی سەردەمیانەی بەڕێوەبردن.ئەگەر ئەو پەیوەندیانە ڕەنگدانەوەی ئەرێنێ لەسەر ناوخۆی هەرێم وپەیوەندی نێوان خەڵک وحکومەت نەبێت ،ئەوا نمونەی وەک ئەو سەرۆک خێزانە وایە لەدەرەوە لەگەڵ خەڵک کراوەو ڕوخۆش وگەرم وبۆ ماڵ ومنداڵ وخێزانەکەیشی دڕدۆنگ و دێوەزمەوناتەبا.

بەرپرسانی هەرێم ئایا بۆ وێنە گرتن ونمایش وجارانیش بۆ فیزو خۆهەڵکێشان وێنەکانی پەیوەندی دەرەوەمان بۆ نمایان دەکەن یان دێن خاڵە ئەرێنی وئەزمونی سەرکەوتووی وڵاتانمان بۆدەگوازنەوە،ئایا زەق کردنەوەی پەیوەندی هەرێم و و واڵاتانی دەرەوە بۆ پەردەپۆش کردنی قەیران وگرفتەکانی ناوخۆ بەکارناهێنرێت،لەهەمووی گرنگ تر ئەوەمان بیر نەچێت دەوڵەتی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ رۆژێک بوو هەموو دونیا بەبلۆکی ڕۆژهەڵات وڕۆژئاوا وووڵاتانی عەرەبی (جگە لەئێران وسووریا ولیبیا)پشتیوان وپاڵپشتی بوون بەڵام لەولاوە دەستی نابوە بینەقاقای میلەتەکەی خۆی ،لەئاکامیشدا پەیوەندی دبلۆماسی وە فریای نەکەوت وهەرکە تەرازووی بەرژەوەندی وهاوکێشەی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات ،دۆستەکانی دوێنێی لێی بوونە دوژمن وکردیان بەپەندی زەمانە.


ئەبوبەکر هەڵەدنی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی