ئەفسانەی یەکڕیزی نیشتیمانی

16/02/2020

رابوون مەعروف

دیدی ئێمە سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتی داھاتوی عێراق.

بەڕێز محمد عەلاوی کە راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتوی حکومەتی عێراق، خواستی ھەیە کە حکومەتەکەی لە کەسانی سەربەخۆ و تەکنۆکرات پێکبھێنێت. ئەوەش، بۆ ئەوەی حیزبەکان نەتوانن دەستی بگرن لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتەکەی. پێمباشە بۆ بەرچاوڕونی ڕایگشتی خەڵك سەرخەتی دیدی ئێمە و فراکسیۆنەکەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بخەمە رو:

یەکەم: لە دیدی ئێمەوە پارتی و یەکێتی بەشێکن لە کێشە ئاڵۆز و قوڵەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە. وەك بەشەکانیتری عێراق، پارتی و یەکێتی ھێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان ھەیە، بە فراوانی ئیدارەی گەندەڵی دەکەن (بە تایبەتی لە سەرچاوەکانی نەوت و گاز و گومرگەکان) و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خێزانە دەستڕۆیشتوەکان و کۆمپانیاکانیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سڵ ناکەنەوە. بۆیە ئامانجی سەرەکی پارتی و یەکێتی پاراستن و بەردەوامیدانە بە دۆخی خراپی ئێستای عێراق و کوردستان، بەڵام ئامانجی ئێمە کۆتاییھێنانە بەم بارودۆخە سەخت و خراپە.

دوەم: بە پێچەوانەی پارتی و یەکێتییەوە، لە دیدی ئێمەوە و لە ئێستادا، پێویستە حکومەتی داھاتوی عێراق لە دەرەوەی ھەژمونی حیزبەکان پێکبێت. چونکە زۆرینەی ھەرە زۆری حیزبەکانی عێراق و کوردستان، ھەڵبەت بە پارتی و یەکێتیشەوە، بە جۆرێك لە گەندەڵییەوە گلاون، کە ژیانی سیاسیی و بەردەوامیی و پاراستنی حیزبەکانیان وەستاوەتە سەر بەردەوامی گەندەڵی و دۆخی خراپی عێراق و کوردستان. ئەگەر ھەژمونی حیزبەکان بەسەر حکومەتەوە بمێنێت، رێگری دەکەن لە چاکسازیی و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەندەڵکاران.

سێھەم: بەو ھۆیەوە کە پارتی و یەکێتی، زیاتر وەك دو کۆمپانیای بازرگانیی زەبەلاح ھەڵدەسوڕێن نەك دو حیزبی خاوەن دۆز و بنەمای جێگیر و نەگۆڕ، ھەمیشە ئەولەوتی ئەو دو حیزبە لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەت و کەسایەتییە سیاسییە عێراقییەکان، پاراستنی بەرژەوەندی دارایی خێزانە دەستڕۆیشتوەکانی ئەو دو حیزبەیە. بۆیە لە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسێن، خێزانە دەستڕۆیشتوەکانی ھەرێم لە رێگەی گەندەڵی و ناشەرعییەوە، ھەزاران ملیۆن دۆلاری ئەم وڵات و خەڵکەیان بردە بانکە نێودەوڵەتیەکان و شاردیانەوە، بەڵام ھیچ کێشەیەکی بنەڕەتی و لەمێژینەی نێوان گەلی کوردستان و حکومەتەکانی بەغدادیان چارەسەر نەکرد. لە کاتێکدا، ئەولەویەتی پارتی و یەکێتی لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتەکەی عەلاویش ھەر پاراستنی بەرژەوەندی خێزانە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمە، ئەولەویەتی ئێمە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانە.

چوارەم: ئامانجی سیاسی ئێمە، ھەروەك بە ئاشکرا رامانگەیاندوە، کۆتاییھێنانە بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. لەو رێگایەدا ھیچ فشار و ھۆکارێك ناتوانێت بمانوەستێنێت. نە بەرژەوەندیمان لای پارتی و یەکێتی ھەیە و نە کۆمپانیا و بازرگانیمان ھەیە، تا بۆ پاراستنییان لە پشتەوەی پەردە رێکەوتنی نھێنی و سەفەقاتیان لەگەڵ بکەین. لەبەر ئەوە ناکرێت ئێمە بچین بەشداری جوڵەیەکی سیاسی بکەین کە پێگەی پارتی و یەکێتی بەھێز بکات.

پێنجەم: ئەزمونی نزیکەی ٣٠ ساڵ حوکمڕانی پارتی و یەکێتی سەلماندویەتی کە پارتی و یەکێتی بڕوایان بە شەراکەتی سیاسی و دیموکراسی نییە و ھەمیشە حیزبەکانیتر وەك پاشکۆ بۆ بەھێزبونی پێگەی خۆیان بەکاردەھێنن. نابێت دوای ئەو ھەمو ئەزمونە تاڵە لەگەڵ ئەو دو حیزبە جارێکیتر حیزبەکان بە ناوی یەکڕیزی نیشتیمانی، ھەم پێگەی پارتی و یەکێتی بەھێز بکەن و ھەم ھەوڵەکانی بەڕێز محەمەد عەلاوی بۆ پێکھێنانی حکومەت لە دەرەوەی ھەژمونی حیزبەکان لەبار بەرن.

شەشەم: لە راستیدا، یەکڕیزی نیشتیمانی بەو مانایەی پارتی و یەکێتی پێشنیاری دەکەن، ئەفسانەیە و ھیچ بنەمایەکی راست و رەوای نییە. پارتی و یەکێتی دو حیزبی دەسەڵاتخوازن و ھەمیشە بە ناوی یەکڕیزی نیشتیمانی حیزبەکانیتریان پاسیڤ کردوە و تەگەرەیان بۆ دیموکراسی و پلۆراڵیزمی سیاسی دروست کردوە. بۆیە ناکرێت حیزب و فراکسیۆنەکانیتر لە پەرلەمانی عێراق، لەبری فشار دروستکردن لەسەر حکومەتی ھەرێم، بچن، بە ناوی یەکڕیزی نیشتیمانی، لەژێر چەتری ئەو دو حیزبە ستەمکارەدا کۆ ببنەوە و ببنە پاشکۆ.

ئێمە لەبیرمان نەچوە، وەك کەسانێك لە یادیان چوە، خەڵك بۆیە پشتگیری ئێمەیان کردوە و دەنگیان پێداوین، کە ھەم بەرگری لە مافە لەمێژینەکانی گەلی کوردستان بکەین و ھەم کار بکەین بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتە ستەمکارەکەی پارتی و یەکێتی. لەسەر ھەمان رێباز و بە ھەمان ئاراستە بەردەوامین و پشتیوان بە خوای گەورە تا سەرکەوتن بەردەوام دەبین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی