پرۆسەی سەر شۆڕ كردن!

17/02/2020

نەبەز جەلال

بە بێدەنگی نانی بەیانیم خواردو بە خاوە خاوییەك خۆمگۆڕی و بە ھێواشی بەقەراغی شۆستەكەدا چوومە سەر شەقامە سەرەكییەكی بەردەم ماڵمان، دەستم لە تەكسییەك ڕاگرت و رۆژباشم لە شۆفێرەكەی كرد، ووتم ئەرك نابێ تا سەھۆڵەكە « شەقامی سالم »م بەری، ووتی : فەرموو.

ڕادیۆكەی بەكزی لەسەر بەرنامەیەكی دینی ئیشیدەكرد، بە كپییەكی سەیرەوە شۆفێری دەكردو سەری بەسەر سوكانەكەوە متكردبوو.!

تا گەیشتمە جێ ھیچی نەوت ئەوە یەكەم جاربوو شۆفێرێكی ئەوھا بێدەنگ ببینم ھەر گوێی لەسەر بڵندگۆی ڕادیۆكە بوو وا ھەستم دەكرد كە تەنھابێ.!

دابەزیم و لەبەری شەقامەكەوە پەڕیمەوە ئەوبەر دوكانەكان، مێز و عەرەبانەكان خەریكی خواردن ئامادەكردن بوون ھەمویان سەریان شۆڕكردبۆوەو شتیان ئامادەدەكرد ئاگایان لە ھیچ نەبوو ھەریكەو بەشتێكەوە سەرقاڵبوو ھیچیان نەدەبیست.!

چاوم دەگێڕا  بۆ ھاوڕێیەكم تاك و كۆ بە پیاسە خەڵك بە سەركزی و مات و كپی ھەنگاوی بێ ئومێدیان دەنا.!

چایخانەو قاوەخانەكان پڕبوون لە گەنج سەریان نەویكردبوو چا و قاوەیان بە جگەرە و نێرگەلەو گوڵەبەڕۆژە دەخواردەوە.!

سەیرە كەس سەر ھەڵنابڕێ سڵاوێكی لێبكەی؛بێ پارەیی قورتمی گرتوون..

كافتریاكان پڕن لەوانەی سەریان خستۆتە ناودەستیانەوە  بە مۆبایل و ئایپادەوە سەرقاڵی دوا ھەواڵی ڕزگاربوون و شەڕی پۆپجین سەریش ھەڵنابڕن.!

ئەم سەر ھەڵنەبڕین و نەبینییە بێ ئاگاییەكی تەواوی دروستكردووە، بۆتە مۆتەكە سەرشان و ھەموانی خستۆتە دۆخی نامۆبونێكی سەیرەوە ئەمەش گشت شوێنە گشتی و ماڵەكانیشی گرتۆتەوەو خێزانیش بەرەو لێكترازان و دابڕاندەبا..

ئەمە بەرنامەیەكی ترسناكە بۆ كۆمەڵگا و پرۆژەیەكی یەكانگیرە لە ھەنگاوی خۆ ژیركردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ خۆ گیركردن و بە دەستەمۆكردنی كۆتایی خەڵك كۆتایی پێدێت و ھەموو میللەتیش بە پرۆسەی سەر شۆڕكردن و خۆ بەدەستەوەداندا دەبەنە بەر رۆح كێشان و جەستەی شەكەتی داگیردەكەن، دەسپێكی سڕینەوەی خۆیی بوونی ئێمەش دەستپێدەكا و ناشبینەوە بە خۆمان.!..

نەبەز جەلال

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی