نوگرە سەلمان.. مەترسیدارترین زیندانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

18/02/2020

سالار مەحمود

یەكێك لە زیندانە بەناو باگەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهانیش، زیندانی نوگرە سەلمانە. دەكەوێتە خوارووی عیراق پارێزگای سەماوە نزیك لە قەزای سەلمان، نزیك لە سنوری وڵاتی سعودیە. ناوچەیەكی سەحراو بەدەوی نشینە.

سجنی ( نقرە سلمان) مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  داگیركاری ئینگلیز لە عیراق. لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە دروستكراوە، لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو.

ئەم زیندانە یادەوەری تاڵی لەلای هەموو ئەو هێزو كەسایەتیانە هەیە كە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی سەدام حسێن بوون، بە تایبەتی لە قۆناغی یەكەمدا ئەوانەی سەربە حزبی شیوعی عیراقی و حزبی دەعوەی ئیسلامی بوون.
ئەندامانی ئەم حزبانە زیندانی دەكران و نەفی دەكران و دوور دەخرانەوە بۆ سجنی نوگرە سەلمان.

لە قۆناغی دوومداو بەتایبەتی لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا خەڵكە ئەنفالكراوەكانی كوردستان بران بۆ جنوبی عیراق و پێش زیندەبەچاڵكردنیان لە ناو زیندانی نوگرە سەلماندا دادەنران وەك دوا قۆناغی ژیان و ئامادەكردنیان بۆ كۆمەڵكوژی.

ئەم زیندانە لە ئێستادا چۆڵەو بۆ هیچ شتێك لەلایەن حكومەتی نوێی عیراقەوە بەكار ناهێنرێت.

لەسەر دیوارو راڕەوەكانی و هۆڵەكانی نوسین و وێنەی هەڵكۆڵراوو هێمای زیندانیەكان ماون. وەك پێویست ئەرشیف و بەبەڵگە نەكراون.

چەندین شاعیرو كەسایەتی خراونەتە ئەم زیندانە لەسەردەمی خۆیدا لەوانە ( موزەفەر نەواب و محەمەد جەمیل رۆژبەیانی و خالد شەتری و ئەبو سەرحان و عوریان سەید خەڵەف و هی تر).

رۆژی ۲٠۱۹/۷/۳٠ بە یاوەری نزیكەی بیست كەس لە كەسوكاری ئەنفالكراوان چوینە قەڵای نوگرە سەلمان. چەند كەسێك لە یاوەرەكانم خۆیان شاهیدحاڵی رووداوەكانی ناو زیندانەكە بوون. 

وەك ئاماژەم پێدا ئەم قەڵایە دوای قەڵای قۆرەتوو قەڵای دوبزو تۆپزارا دوایین قەڵای راگواستنی ئەنفالكراوەكان بووە. بەهەزاران پیرو جوان مناڵ و ژن لەبرسانا لە تینوانا لەئەنجامی ئەشكەنجەدا مردون. دەوروبەری قەڵاكە پڕە لە گۆڕی تاك تاكەی ئەنفاكراوان.

(دۆزینەوەی گۆڕێكی نوێ بە چاوساغی شوانێكی عرەب و لەلایەن كەسوكاری ئەنفالكراوەكانەوە)

لەنزیك قەڵاكە شوانێكمان بینی پرسیارمان لێ كرد لەبارەی گۆڕو ئێسك و پروسك و ئەنفالەوە. وتی ئەم ناوە چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵی تێدایە.. وتی وەرن بتانبەمە سەر گۆڕی بەكۆمەڵ بردینی بۆ جێیەك یەك كیلۆمەتر لەقەڵاكەوە دور بوو شوێنەكە كەوتبوە باوری رۆژهەڵاتی سجنەكەوە. هەر بەدەست خۆڵی هەڵدایەوەو كەلە سەرو ئێسك و پروسك بەدەركەوت. ئەمە نیشانەیە بۆ بوونی هەزاران تەرم و لاشەی تری گۆڕ غەریب.

ئەوانەی ساڵی هەشتاوهەشت لەم قەڵایەبوون چیرۆكەكانی خۆیان بۆ گێڕاینەوە. ئەمانە شاهید حاڵی مردنی بەهێواشی سەدان كەس بوون.

چیرۆكی سەگە رەشەكە كەم كەس هەیە نەیبیستبێ، كاتێ مناڵ لەناو ئەو قەڵایەدا لەباوەشی دایكیدا سارد دەبوەوەو دەمرد، لەو دیو تەلبەنەكەوە دەخرایە ژێر لم و  دەمەو ئێوارە لاشەی مناڵ بەدەمی سەگە رەشەوە دەبینرا..

لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا بەعس قەڵا سەربازییەكانی وەك سجنی گەورە بۆ ئەو خەڵكە زۆرە وەك زیندان بەكار دەهێنا. دواین وێستگەی پێش كۆمەڵكوژیی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان بووە. قەڵای نوگرە سەلمان مەترسیدارترین زیندانی ژیان كۆتایی هەزاران مرۆڤی سڤیلە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی