بۆچی تەنیا نین لە گەردوون؟

19/02/2020

لوقمان حەوێز

پێشەكی بۆ مەزەندەكردنی گەورەیی و فراوانی قەبارەی گەردوون دەتوانم ئەم بەراوردیە بەكاردێنم: گۆی زەوی لە گەردوون ئەوەندەی دەنكە لمێكیش نابێت ئەگەر گەردوون لمی هەموو بیابانەكانی سەر ڕووی گۆی زەوی بێت، كەواتە ئەگەر ئێمەی مرۆڤ تەنیا بین لە گەردوون، ئەوا ئەم هەموو فراوانیە ئەقڵ وەستێنەی گەردوون بۆچی؟

نابێت تەنیا بین، چونكە: 
یەكەم: ژیان و ئێمە هەین و دروست بووین لەنێو كۆمەڵەی خۆر لەسەر هەسارەی زەوی، بۆیە لەم گەردوونە فراوان و بێ شومارە ئەگەری ڕوودان و دووبارە بوونەوەی ئەمە هەیە و زۆرە لە زۆر شوێنی تر...

دووەم: هەموو كونج و بستێكی گەردوون بەیەك كۆمەڵە یاسا و ڕێسای فیزیایی بەڕێوە دەچێت، ئەو یاسایانەی كە دەیانزانین و هەن بۆ ئێمە لە هەموو بستێكی گەردوون هەن و هەمان یاسان...

سێیەم: هەموو گەردوون لە هەمان كۆمەڵە توخم دروست بووە، هایدرۆجین و كاربۆن و ئۆكسجین و كۆمەڵێك توخمی سەرەكی تر بۆ نمونە كە ئاوێتە ئۆرگانیكەكانیان و تۆوی ژیانیان لێ دروست بووە لە هەموو گەردوون هەن...

لە هەر گۆشەیەكی گەردوون بارودۆخ گونجاو بێت بەپێی یاسای ئەگەرەكان Probabilities لەم فراوانیە بێ شومارەی گەردوون دوور نیە ژیان لە ملیۆنەها و بگرە زۆرتریش لە شوێنەكانی تری گەردوون دروست بووبێت..!

ئەو بەشەی گەردوون كە دەتوانین چاودێری بكەین پێی دەووترێت گەردوونی بینراو، بەپێی نوێترین لێكۆڵینەوەكان و ووردبوونەوەكان لەسەر وێنەكانی تەلەسكۆپی هابڵ دەركەوتووە كە تەنیا لەو بەشە بینراوەی گەردوون پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە..! 

ترلیۆن واتە هەزار ملیار یان هەزار بلیۆن، هەر یەكێكیش لەو گەلەئەستێرانە دەیەها ملیار بگرە سەدەها ملیار ئەستێرەیان تێدا هەیە، هەندێكیشیان زۆر زیاتریش ئەستێرەیان تێدایە، بۆ نمونە گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا كە نزیكترین دراوسێی ئێمەیە پتر لە یەك ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە، ژمارەی ئەستێرەكانی ئەندرۆمیدا ئەوەندە زۆرە كە ڕۆژانە لایەنی كەم یەك دانە یان زیاتر لەو ئەستێرانە دەتەقێتەوە وكۆتایی بەتەمەنی دێت و هی تر دروست دەبێت..! 

بێ گومان هەموو گەردوون زۆر زۆر لەگەردوونی بینراو فراوانترە، دەشێت هەموو گەردوون بێ كۆتاییش بێت..!

لەوانەیە بوون و سەرهەڵدانی بوونەوەری زیرەك زۆر دەگمەنتر بێت لە دروستبوون و سەرهەڵدانی ژیانی سادە بەتایبەتی ژیانی یەك خانەیی بەپێی هەمان كۆمەڵە یاسای فیزیایی هەروەها یاسای ئەگەرەكان، لەبەر ئەوەی بۆ نمونە لەسەر ڕووی زەوی دوای پتر لە سێ ملیار ساڵ ئینجا ژیانی سەرەتایی پەرەی سەندووە و گەیشتووە بە ئاستی بوونەوەری زیرەك، بەڵام لەبەر فراوانی و بێشوماری گەردوون ئەگەری بوونی بوونەوەرە زیرەكەكان هێشتا هەر هەیە و زۆریشە، ئاخر تەنیا لەنێو گەلەئەستیرەكەی ئێمە واتە ڕێی كاكێشان لایەنی كەم لە نێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرە هەیە، ئێستا دەزانین و دڵنیاین هەندێك لە ئەستێرەكان هەسارەیەك یان زیاتریان هەیە وەكو خۆری ئێمە كە ئەستێرەیەكی مام ناوەندیە و كۆمەڵێك هەسارەی بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، بەو پێیە تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەكەمان لایەنی كەم دەیەها ملیار هەسارە و بگرە زۆر زیاتریش هەیە..!

گەلێك لەو هەسارانە لە زۆرنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دەشێت ئاو هەبێت لە دۆخی شل كە ئەمەش زۆر پێویستە بۆ دروستبوونی ژیان بەو شێوەیەی لەسەر ڕووی زەوی دەیزانین كە ژیانی كاربۆنیە، دەشێت ژیان بەجۆر و شێوەی تریش هەبێت لە شوێنەكانی تری گەردوون كە ئێمە جارێ نایزانین وەكو بۆ نمونە ژیانی سیلیكۆنی..!

لوقمان حەوێز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی