قۆناغی نەوەی دووەم دەستیپێكرد

19/02/2020

none

وەك رێگە چارە بۆ ئەم چەق بەستنەی یەكێتی، سیستم بوو بە هاوسەرۆكی، دوو كارەكتەری نوێی گەنج بوونە واجیهەی رێبەرایەتیكردنی ئەم حزبە سیاسییە.ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەكۆی زۆرینەی دەنگ بافڵ تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی كردە هاوسەرۆكی خۆی، هەردوو ئەو كارەكتەرە لە كۆنگرەدا دەنگی یەكەم و دووەمی كۆنگرەیان بۆ خۆیان دەستەبەر كردبوو.

لەسەرەتای دەستبەكار بونیان وادەر ئەكەوێت كاروباری سیاسی و دیبلۆماتی وەك دۆسییە لای لاهور تاڵەبانی و كاروباری ئیداری و سەربازی و دارای لەدەستی بافڵ تاڵەبانی بێت.

ئەو دوو هاوسەرۆكە لەم قۆناغە لەبەردەم تەحەدای گەورەدان یان ئەوەتا گۆڕانكاری ریشەی دەكەن یاخود ئەوانیش بە تەواوەتی لەبەردەم ئەو گۆڕانكاریانەدا دەستەوەستان دەبن، دوو رێگە لەبەردەم ئەواندایە ؟

جارێ زووە بۆ ئەوەی قسەی تەواوەتی لەو بارەیەوە بكرێت. هەردوو هاوسەرۆك نەیان شاردۆتەوە كەنیەتیانە یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی باشتر بكەن.

ئەوان كۆتا تیری گۆڕانكارین هەر لەبەر ئەوەش هیوایەكی زۆر لەسەر شانی ئەو دوو هاوسەرۆكە هەڵچنراوە، پێش ئەنجامدانی كۆنگرە بافڵ و لاهور رۆڵی گرنگیان گێڕا لە پاراستنی ریزەكانی ناو یەكێتی، زۆر گرێ كوێرەیان كردەوە و كۆتاییان بە سحری ناوەندی بڕیار هێنا و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحیشیان هێنایەوە ناو ریزەكانی یەكێتی، زۆر سحریان بەتاڵ كردەوە.

لە پاراستنی ریزەكانی ناو یەكێتی سەركەوتوو بوون، باش توانیان ئەو قۆناغە راگوزەرییە تێپەڕكەن كە زۆركات خەریك بوو بەركەوتن و گرژی دروستكات.

لەگەڵ پارتی
لەدوای دەرئەنجامەكانی كۆنگرە پارتی دڵی بەو ئەنجامە خۆش نەبوو، بەوهۆیە پیرۆز بایی گەرم و گوڕی نەنارد،

بەڵام ترس لە دروستكردنی كێشە بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی وایكرد كەپارتی باش شرۆڤەی ئەو پەیامە بكات كە ئەم جیلە تازەییەی یەكێتی زۆر بە ئاسانی دەتوانێ روو بەرووی پارتی ببێتەوە و كابینەكەی مەسرور بارزانیش دووچاری تەنگەتاوی بكەن و بەلوعەی لێبگرنەوە.

دوای كۆبوونەوەی كارەكتەرێكی باڵای یەكێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەوە دەركەوت كە پارتی هیچ گرفت و كێشەیەكی لەگەڵ ئەو وەجهە نوێیانەی رێبەرایەتیكردنی یەكێتی نییەو شەرت و مەرجی لەسەر ئەوان دانەناوە و یەكێتی كێ دیاری بكات ئەوان مامەڵەی لەگەڵ ئەكەن.

ئەوە نیەت پاكییەكی باش بوو،تەنگەژەكان ئاسایی كردەوە، پارتی كارتی مەمەڵەكردنی بەرز كردەوە، رەنگە لەسەرەتای دەستپێكردنەوەی سوڕی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و دووبارە پیاچوونەوە بە رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە بكرێت، واچاوەڕوان ئەكرێت بافڵ تاڵەبانی بە هەماهەنگی زۆر دەرگای داخراوی ئەو پەیوەندییە بكاتەوە.

پارتی ئەمری واقیعی لەبەردەمەو وادەرئەكەوێت باش مامەڵە لەتەك ئەو بابەتە بكات، چونكە لەوە گەیشتووە بێ یەكێتی پارتی توانای فەرمان رەوای نییە و سەنگی بەهێز نییە، تەنانەت ئێستا نێچیرەڤان بارزانی دەیەوێت لەسەردەمی سەرۆكایەتی خۆیدا لە بەغداد یەك دەنگی كورد دروستبكات و كورد لەوێ بكاتە یەك فراكسیۆن بۆ ئەو هەوڵە بارزانی زۆر چاوەی لەسەر مكوڕ بوونی یەكێتییە، تا ئەندازەیەكی بەرچاو یەكێتیش بەدەنگ داواكەی نێچیرەڤان چووە، پاش ئەویش مەسرور بارزانی بڕیاریدا كە شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەست بەكار بكات، ئەمانە دەرئەنجامی هاوسەنگی راگرتنی ئەو پەیوەندییە، لە ئایندە زۆر ساردی پەیوەندی حزبی لەسەردەستی ئەم گەنجانە تێدەپەڕن.

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی