محەمەد عەلاوی پیاوێک لە هەوادا !

23/02/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


هەوڵەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی سەربەخۆ! یان جیاوازتر لەکابینەکانی دیکەی ڕابردووی عێراق، لەخەونی دۆنکی شۆتی دەچێت. عێراق بەسروشتی خۆی وایە کە تاکی سەربەخۆی زۆر زۆر کەمە. ئەوەی لەعێراق هەیە هەمان شێوەی سەدەکانی ئەوروپای مەسیحییە کە هاوڵاتیان یان دەبوو کاسۆلیک بن یان پرۆتستانت. لەعێراقیشدا لەنێوان شیعەو سوننە هاوڵاتیان ناتوانن شتێکیتر بن، کە شیعەو سوننەیش بوون ئەوا ئۆتۆماتیکی ڕۆحی بەرەخوازی و مەزهەبی و مێنتاڵێتی باڵابوونی دینی لەنێوان تاکەکانی هەردوو لادا دروست دەبێت و خۆیان یەکلادەکەنەوە.

ئەزموونی تاکی سەربەخۆ لە عێراقدا شکستی هێناوە. لە فەیسەڵی یەکەمەوە بیگرە تاکو دەگاتە محەمەد عەلاوی، هیچ جوڵەیەکی سیاسی نییە لەدەرەوەی مێژووی عێراق سەرکەوتوو بووبێت. تەنانەت هاوردەکردنی! (فەیسەڵ)یش نەیتوانی عێراق لەواقیعی مێژوویی خۆی داببڕێت.

محەمەد عەلاوی پیاوێکە لەهەوادا بیردەکاتەوە بۆیە یەژم خەونەکانیشی دۆنکی شۆتییە. ئەم بیرکردنەوەیەی عەلاوی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا کە بەبڕوای خۆی بۆ ئەزموونێکی تازەیە، بەڵام لەواقیعداو بە مەفهومی موخالەفە هەنگاونانە بۆ پرۆژەیەک کە لەهەنگاوی یەکەمییەوە دیارو ئاشکرایە شکست دەهێنێت. واتە عەلاوی خۆی بەدەستی خۆی دەیەوێت کۆسپ بۆ خۆی دروست بکات لەپێکهێنانی کابینە وزارییەکەیدا.

دۆخی پڕ ململانێ و پێکدادانی سیاسی لە عێراقدا وێنەیەکی تاڕادەیەک ڕوون دەداتەدەستەوە، بەجۆرێک لەم دۆخە سیاسییەدا هەڵبژاردنی نوێنەری حیزبی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی حکومەت لەبەرداشی هێزە سیاسییەکاندا ئاسانترەو حکومەتیش باشتر کارەکانی ڕاپەڕێنێت وەک پێکهێنانی کابینەیەک لە کەسی تەکنۆکرات و تەواو سەربەخۆ، چونکە ئەگەر حیزبەکان هاوکارنەبن بۆ کابینەکەی عەلاوی و حیزب دۆخێکی گونجاو بۆ جوڵەکانی عەلاوی نەڕەخسێنێت تاکو خەونەکانی بەکردار بکات، ئەوا ئەستەمە کاروبارەکانی عەلاوی بەبێ گەڕانەوە بۆ حیزبە سیاسییەکانی عێراق، بەباشی بچێتە پێش.

فروقی فەردی لەتاکی عێراقیدا هێشتا لەدەرەوەی ئەو فۆرمە کەسێتییە نییە کە (عەلی وەردی) لەکتێبی "کەسێتی تاکی عێراقی)دا باسی دەکات. لەیەکەم هەوڵی سەرەتایی عێراقییەکانەوە لەسەر ئەم خاکە (لەوادی ڕافیدەینەوە بۆ ئێستا)، کێشەی حکومڕانی و شکستی دەسەڵات لەبازنەیەکدا سوڕاوەتەوە کە بازنەی دەستتێوەردانی دەرەکی و پێکدادانی ناوخۆیی بووە چ لەسەر ئاستی حیزب و بەرەی سیاسی، چ لەسەر ئاستی مەزهەب و مێنتاڵێتی خێڵ بووە و هیچکات ئەم بەرە جیاوازانە لەدەرەوەی مێژووی خوێنینی نێوانیان یەکتریان قبوڵ نەکردووە. بۆیە خەونی عەلاوی بۆ پێشکەشکردنی نموزجێکی جیاوازی حکومەت لەدەرەوەی مێژووی عێراق، بیرکردنەوەیەکە لەخۆش خەیاڵی و بیرکردنەوەیەکە لەسەر باڵی هەواو هەرزوو شکست دێنێت.

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی