کەیسی کچە حەوت ساڵیەکەو
دیاردەکانی کۆمەڵگەی کۆیلە

23/02/2020

لەتیف شێخ مستەفا

نزیکەی ساڵێکە ئەو تاوانە قێزەونە کراوەو کەس بە پیریانەوە ناچێت و بەتەواوەتی پەڕویز خرابوون وھەموو دەرگاکانیان لێداخرابوون و کەس نەبوو ئاوریان لێ بداتەوە و وەک کەسی غەزەب لێگیراو سەیردەکران .
تاوەکو باوکی لەڕێی میدیاو سۆشیاڵ میدیاوە کەیسەکەی کرد بە کەسیی ڕای گشتی و سەرۆکی حوکمەت ھاتە سەرخەت ،ئەوە وەک گڵۆپی سەوز وابوو بۆ ھەموان ئیتر دەرگاکان کرانەوەو پێشبڕکێ دەستیپێکرد:


-ژنان و رێکخراوەکانی ژنان و منداڵان و ھەندێ مەلا ھاتنە سەرخەت و دەستیان کرد بەکۆنفرانسی ڕۆژنامەنوسی
-وەزیری ناوخۆو پارێزگارو بەرێوەبەری پۆلیس باوەشی بەسۆزیان بۆ کردەوەو لێکدا لێکدا بانگیان دەکردن و رەسمیان لەگەڵ دەکردن
-پەروەردە ھاتە سەرخەت و دەڵێ دەیگێڕینەوە بۆ کام قوتابخانەیەی باوکی دەیەوێت و ئەمساڵیشی بە سەرکەوتوبۆ ئەژمار دەکرێ
تەندروستی ھاتنە سەرخەت و وتیان ئامادەین ھەموو شتێکی بۆبکەین و چارەسەری دەرونی بۆ بکەین
تیمی پارێزەرانی خۆبەخش ھاتنە پێشەوەو بۆ بەرگری کردن لێی.


لەکاتێکدا کە فەرمانی سەرۆکی حوکمەت بۆ بەپیرەوە ھاتنی بانگەوازی باوکی جێگای دەسخۆشیە ،بەڵام ناکرێ ئەم ھەموو دەزگایە ماوەی چەندە خەوتون و تا گڵۆپی سەوزیان بۆ ھەڵنەکرا کەسیان نەجوڵان
باشە ئەوە ئەم کیژۆڵە زوڵم لێکراوە خوا باوکێکی ئازاو میھرەبان و عاقڵی وای پێبەخشیبوو توانی کەیسەکەی بکات بە کەیسی کۆمەڵگا و سەرۆکی حوکمەت بێنێتە سەرخەت و دوای ئەویش ھەموانی خستە سەر ھەزە ، ئەی دەبێ چەندی وا ھەبن و لەژێر زوڵم و چەوسانەوە و ترس و تۆقاندنا دەژین و کەس نیە ئاوڕیان لێبداتەوە؟!


بۆئەوەی دەزگاکان ئیشی خۆیان بکەن بێ ئەوەی پێویست بەگلۆپی سەوز بکات دەبی حکومەت ببێتە دامەزراوەیی و سەروەری یاسا بەرقەرابێت ئەوەی کاری خۆی نەکرد روبەڕوی لێپرسینەوە ببێتەوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی