نامەیەك پڕ لەشەرمەزاری

24/02/2020

ئەحمەد حاجی رەشید

لەدوای خۆپێشاندانەكانی بەغداو شارەكانی خواروی عێراق و پەرەسەندنی توندوتیژیەكان وشەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هەزار گەنجی ئەم وڵاتە ، ئاڕاستەكان گۆڕان بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەریەك بكرێتەوە كە چ شتێك عێراقی گەیاند بەم دۆخە ،بۆ گەندەڵی بەرزبویەوە بۆ ئاستە مەترسیدارەكانی ،بۆ خزمەتگوزاریەكان نەمان بۆ و بۆ و دەیان بۆی تر .....، بۆ شیرازەی كۆمەڵگە تێكشكێنرا ،بۆ بەها ڕەوشتیەكان باویان نەما .
هەموو ئەمانە دەرئەنجامێك بوو كە خرایە ئەستۆی حیزبە سیاسیە حكومڕانەكان لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەم قسە تا چەند ڕاستە من ناتوانم دادگایی كەس بكەم بەڵام دەتوانم بڵێم بەشی زۆری ڕاستە بەم بەڵگانەی خوارەوە:
كێ هەڵبژاردنەكانی تەزویركرد
كێ سیادەی عێراقی پێشێل كردو ڕێگەیدا هێزە ئەقلیمی و نێودەوڵەتیەكان تەراتێن بكەن
كێ یاسای چواری تێرۆری دانا بۆ تۆڵەسەندنەوەلەبەرانبەراو ڕكەبەرەكانی
كێ مەلەفی سیاسی و ئەخلاقی لەسەر نەیارەكانی دروست كرد
كێ پشك پشكێنەوە خزمایەتی و حیزبایەتی تۆخ كردەوە
كێ عێراقی بەش كرد لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و مەزهەب
كێ سیستەمی دادگای لەكەدارو بێ بەهاكرد
كی شكۆی پێشمەرگەو هێزە سەربازیەكانی شكاندو لەبری ئەوان هێزی ملیشاو لەیاسا دەرچووی حیزبی دروست كرد
كێ ئابوری وڵاتی تەباند و پارەكانی ئەم وڵاتەی لەبانكەكانی دەرەوە قایم كرد
مەگەر هەموو ئەمانە حیزبە سیاسیە حكوم ڕانەكان و هاوكارەكانیان نەبوون
بۆ یە كاتیك بیركرایەوە باجاراێك ئاڕاستەیەكی دیكە تاقی بكەینەوە لە كاری سیاسی هەرچەندە لەهیچ شوێنێكی دونیا وا نەكراوە بەڵام با لە عێراق تاقی بكەینەوە ،بەڵك و چارەسەر بێت ئەویش حكومەتێك كە حیزبەكان دروستی نەكەن بەڵام بەهەموویان چاودێری بكەن .
ئێوە ئەگەر وەزارەت و سەفارەت و دەزگاكان بەچاوی بەرژەوەندی خۆتان سەیرناكەن خۆ دەتوانن پەرلەمان ئەوەندە بەهێزكەن ،هیچ وەزیریك یان سەفیرێك زاتی ئەوە نەكات بەقەد تاڵە مویەك كەلەپەرلەمان خۆتان یاساكانی بۆ دادەنێن بتوانێت لابدات.
ئێوە ئەگەر دەتانەوێت بڵێن ئێمە كێشەی ماددەی (۱٤٠) و پشكی بوجەی هەرێم و بەشداری سیاسی و تەوازنی مەكوناتیمان هەیە ، ئەوا ئەوەتان تاقی كردەوە چما وەزیرەكانتان لە سەفی پێشەوەی حیزبەكانتان و بنەماڵەكانتان نەبوو ، ئەی بۆ نەتان توانی ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن .
نەخێر ئێوە دەتانەوێت بازرگانی سیاسی بن بەناوی نەتەوەو بەناوی ئاینەوە بەناوی مەزهەب و عەشرەت و خێڵەوە،
ئێوە دەتانەوێت بڵێن:
كەس لەكوردستان نیە خاوەن ئەزموون و شارەزایی بێت جگە لە ئەندامانی حیزبەكانی ئێوە
كەس لەكوردستان نییە بتوانێت نوێنەری ئەو خەڵكە بێت جگە لە ئەندامانی حیزبەكانی ئێوە
شەرمەزاریە ئەگەر هێزە كوردیەكان بڵێن لە هەرێم كەسێكمان دەست ناكەوێت مەرجەكانی شارەزایی و دەست پاكی تێدا بێت بەڵام لەدەرەوەی هێزە سیاسیەكانمانە ،
شەرمەزاریە بۆ حیزبەكان كەدڵسۆزی و دەست پاكی وشارەزایی قۆرخ بكەن بۆ حیزبەكانی خۆیان
بۆیە دەبێت ئەوە ڕونبێت لای هەموو هێزە سیاسیەكان كە :
بە دەیان خەڵكی دڵسۆز بەنیشتمان دڵسۆز بە خەڵك ،شارەزا لە بوارە جۆراو جۆرەكان ،دەست پاك و ئەمین ،خاوەن عەقلی سەردەمیانە ،بەرگری كارێكی ڕاستەقینە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان بونیان هەیە ،
بۆیە بەناوی هەندی گرفتەوە ختوكەی سۆزی هاوڵاتیان كورد مەدەن و دوچاری كێشەی گەورەتر مەكەن .
باوەزیرەكان تەنها نیشتمان پەروەربن یان ئینسان دۆست بن ،لێگەرێن یەكجار ئەوانە نوێنەری خەلك بن لە پۆستە جێبەجێكارەكاندا و هەموو فراكسیۆنە پارلەمانیەكاتن بكەن بە سەدچاو لەسەریان بۆ ئەوەی نەتوانن بەناوی خەڵكەوە بیزنس بكەن ،
لەئیستادا لە شەقامی عێراقدا نامەیەكی ناشیرین گەشتوە كە كورد پێداگری دەكات لەوەی وەزیرەكان دەبێت تەنها سەر بەپارتە سیاسیەكانیان بن ، خەڵكی كوردستان جگە لە پارتە سیاسیەكان ، دڵسۆزیك شك نابەن ، نیشتمان پەروەرێك شك نابەن .

ئەحمەد حاجی رەشید


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی