میدیای کوردیی و کاربەدەستی پلەباڵای چرووک

28/02/2020

د.شوان ئادەم ئەیڤەس


لە پێنجەم خولی پەرلەمان و نۆیەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دوایین خولی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکھێنانی حکومەتی عێراقییشدا ژمارەیەک رۆژنامەوان و ھونەرمەند و ئەھلی قەڵەم؛ لەوانەی رۆژگارێک بانگەشەی «خەمی گشتیی و بەرژەوەندی گشتی»یان دەکرد بوونە پەرلەمانتار، راوێژکار، وەزیر، بریکاری وەزیر، بەڕێوبەری گشتیی و پلەھاوشێوەکانیان لەئەستۆ گرت، بەڵام ئێستەش و ئەوساش نەمان بینی پرۆژەیەکی بەسوودی گشتیی بخەنەسەرپێ یان لانیکەم ھاوکاریی و ھەماھەنگیی ئەوانە بکەن کە بەنانەسکێ خەمێکی گشتیان لەکۆڵ ناوە. ھەربۆیە بێھۆنییە کە چرووکیی و دەستگرتن بەو مووچە قەبەی وەریدەگرن؛ وایکردووە ئەو گومانە لەسەریان ساغ بێتەوە کە ئەوان تەنھاوتەنھا نوێنەری گیرفان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بکەن، نەک بەرژەوەندیی و خەمێکی گشتی!

لەم دۆخە شێواوەی ھەرێمی کوردستاندا کەھەموو کایەکان، لە میدیا وە تاوەکو بە سیاسەت و حوکمڕانیی دەگات؛ دەیان کەلێن و کەلەبەری گەورە گەورەی تیایە، ئەگەر ھەر نوێنەر و کاربەدەستێکی پلەباڵا لەخەمی گشتییدا بووایە دەکرا لەماوەی چوارساڵدا؛ دەیان پرۆژە بخرێنەسەرپێ.

ئەگەر لەرووی میدیاییەوە سەیر بکرێت، ئێستا میدیایەکی پیشەیی کە لەخەمی گشتیی کوردستاندا بێت؛ نەک ھەر نییە بەڵکو میدیا بەگشتیی بووەتە میدیای کەسیی و ئەویش بەخراپترین دۆخی خۆییدا دەڕوات. ئایا لانیکەم ناکرێت ئەم ھەموو «ئەھلی قەڵەم»ەی چوونەتە نێو دەسەڵاتی یاسادانان و راپەڕاندن؛ یەک پرۆژەی دەستەجەمعیی گەورە یان چەند پرۆژەیەکی بچووکی تاکەکەسیی سەرپێبخەن کە بەھۆیەوە بناسرێنەوەو لەداھاتووشدا ببێتە بەشێک لە «دەستکەوت و سەروەری» بۆ خۆیان و مێژووی پیشەگەرییان؟!

دەگێڕنەوە جاران خانەدان و ئەسڵزادەکان، ئەگەر نانێکیان ھەبوایە دەیانکرد بە دوو کەرتەوە لەگەڵ نەدار و خاوەن پێداویستییەکاندا، بەڵام ئێستا لەسایەی تەکنیک و لۆژێکی رووکەشگەراییەوە، ئەوەی چانسی کەوتنە پشتی مێزێکی ھەیە و مووچەیەکی دە قاتی ھەقدەستی ئیشەکەی وەردەگرێت؛ ئەگەر کیلۆیەک تەماتە و ترۆزی بەنەدارێک بدەن، یەکسەری بەلایڤ لەنێو دەیان پەیج و سایت؛ وێنە و ھەواڵەکەی بڵاودەکەنەوە!

کەسانێک کە بانگەشەی گۆڕانکاریی و بەدیھێنانی بەرژەوەندیی گشتییان دەکرد و ئێستا بوونەتە کاربەدەست و بڕیاردەر؛ باشترە ھەر دراوسێییەتی «ماڵی پاشا» نەکەن و نەچنەسەر ئایینی ئەوان، بەڵکو کەمێک ئاوڕ لە «خانووە قوڕەکان» و رابردووی خۆیان بدەنەوە و لەخەمی ئەوانەشدا بن کە خەون و پرۆژەیەکی بیرلێکراوەیان ھەیە، بەڵام توانای سەرپێخستن و پشتگیریی داراییان پێویستە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی