لەبەر چەندین ھۆکار کە لێرەدا مەبەستم نییە ئاماژەیان پێ بدەم تا دێ پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو گرژبوونەوە و ھەڵچوونیش دەچن. بارودودۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک بەئاشکرا ھەستی پێ دەکرێ و خەریکە لەگەڵ تەشەنەکردنی پەتای کوڕۆنا نا دڵنیایی و نا سەقاگیریی سیاسیش تەشەنە دەکەن.
ئێمە دانی پیا دەنێین کە پارتی ئەمڕۆ ھێزی یەکەمە و لەو روانگەیەشەوە جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی بە دەستەوەن، بەڵام دەبێ پارتیش ئەو راستییە بزانێ کە بەحوکمی ھەلومەرجە سیاسی و سەربازییەکانی کوردستان ناتوانێ بەتاقی تەنیا ئەم وڵاتە بەڕێوە ببا. ئەگەر ھەر دوولا لەو راستیانە تێبگەین و مەبەستمان بێ بەیەکەوە (شان بەشانی گۆڕان) ئەم قۆناغە سەختە تێپەرێنین و بە ئارامی وڵات بەڕێوە ببەین،پێویستە:
یەکەم: تا زووە بەپەیوەندییەکانماندا بچینەوە و پەنجە لەسەر ھەموو ئەو کەمتەرخەمی و کەمو کوڕیانە دابنێین کە لەماوەی رابردوودا سەریان ھەڵداوە.
دووەم: بەشداری و ھاوبەشی راستەقینەی بەیەکەوە کارکردن و بەڕێوەبردنی وڵات بە کردەوە بسەلمێندرێ.
سێیەم: رێککەوتنێکی روون و بەرچاوڕوونی نوێمان لەسەر ئاستەکانی (ھاوپەیمانی، حکومەت و عێراق) ھەبێ.
چوارەم: کێشە و کەم و کوڕییە رۆژانەییەکان لە قالب بدەین و زوو چارەسەریان بکەین، تاکو کەلەکە نەبن و کاردانەوەی گەورەتریان لێ نەکەوێتەوە، چونکە ئەوەی ئێستا رودەدا لە پەتای کوڕۆنا مەترسیدار ترە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی