دوو قسە.. یەكیان بۆ حكومەت و ئەوی تر بۆ حیزبەكان

28/03/2020

none

قسەی یەكەم:
ئەو ژمارانەی ئێمە دەیانڵێین لەسەر زاری میدیاكانی حكومەت خۆیەوە:

پرسیار:ئایا لە مانگی سێ دا ، دو جار موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە هاتوە؟
وەڵام :بەڵێ.
پرسیار:بەڵگە؟
وەڵام:بڕوانە وێنەی ژمارە ۱ و ژمارە ۲
كە هەردوكیان لە كەناڵەكەی سەرۆكی حكومەت خۆیەوە وەرگیراون،یەكیان وتەبێژی حكومەت لە رۆژی دوی ئەم مانگەدا ۳/۲ دەڵێ (پشكی هەرێم بە هەوڵی رێزدار مەسرور بارزانی خرایە سەر هەژماری حكومەتی هەرێم) دوەمیان هەر كەناڵەكەی سەرۆكی حكومەت لە بیست و شەشی ئەم مانگە ۳/۲٦ و لەسەر زاری بەریوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی بڵاویكردۆتەوە كە پشكی هەرێم لە بەغداوە گەیشتوە.

پرسیار:ئەو دو موچەیە هی كام مانگ بون؟
وەڵام: هی مانگەكانی دو و سێی ساڵی ۲٠۲٠ بون.

پرسیار:هیچ موچەیەك لە بەغداوە دواكەوتوە؟
وەڵام:لە مانگی ۱ ی ساڵی ۲٠۱۹ بە گویرەی یاسای موازەنە تا ئێستا ۱٥ جار پشكی هەرێم تا ئەم مانگی سێیە(ئازار)هاتوە.

باشە لە ماوەی نێوان ۲٤ رۆژدا دو جار پشكی هەرێم هاتوە،وتەبێژی حكومەت دەڵێ كەی پشكی هەرێم لە بەغداوە بێت موچە دابەش دەكەین ئایا لە ماوەی ئەو ۲٤ رۆژەدا كە دوجار پشكی هەرێم لەبەغداوە هاتوە حكومەتی هەرێم موچەیەكی تەواویشی دابەشكردوە؟

ئایا كە ماوەی نێوان هاتنی دوجار پشكی هەرێم ۲٤ رۆژە،ماوەی نێوان دو موچەی هەرێم بۆ فەرمانبەرەكانی چەندە؟

ئایا كاتێك بەغدا موچەی مانگی سێ دەنێرێت لێرە هەرێم هی مانگی چەند دابەش دەكات؟


با وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ فەرمانبەران خۆی جێبهێڵین.

پرسیار: راستە سێ ملیار دینار بۆ كۆرۆنا لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتوە؟

وەڵام:بەڵێ.
پرسیار:بەڵگە؟
وەڵام:لێدوانی پەرلەمانتارێكی پارتی لە لیژنەی تەندروستی ۲٥ ی ئەم مانگە، ئەمجارەیان كەناڵەكەی سەرۆكی هەرێم بڵاویكردۆتەوە.بڕوانە وێنەی ژمارە سێ.

ئەوەی سەرەوە راستیەكانە لە زاری میدیاكانی خۆیانەوە.ئیدی بۆچی كە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق هێڵ بەژێر ئەو ژمارانەدا دێنن و پرسیاریان لێ دەكەن لە بری وەلامێكی لۆژیكی بۆ خەڵك و فەرمانبەران دەكەونە جوابی متشنج و دەهری دەبن؟!

ئەركی ئێمە وەك نوێنەر خۆ هەر ئەوەنیە لە بەغداد فشار بكەین و بە یاسا پشكی هەرێم رێكبخەین بەڵكو ئەوەشە كە بزانین لێرە لە هەرێم دەگاتە دەستی فەرمانبەر یان نا ؟!

قسەی دوەم:
حكومەتەكەی(پارتی،یەكێتی،گۆڕان) ئەگەر بە فعلی حكومەتە دەبێ لەبری خۆسەرقڵكردنی بە وەڵامی ئێمەوە بیر لەوە بكاتەوە ئەگەر وەك حكومەتانی دیكە ناشتوانێ بودجەی تایبەت بۆ قەرەبوی كەرتی تایبەت و زیانلێكەوتوانی كۆرۆنا تەرخان بكا،لانی هەرەكەمیی ئەركەكانی بریتیە لەوەی ئەو موچەیەی لە بەغداوە دێت لە كاتی خۆیدا دابەشی بكا.

دوریش بكەونەوە لەو نەفەسە سیاسیە دواكەتوەی پێتان وایە دەبێ پەرلەمانتار كە نوێنەری خەڵكە بە ئیزنی ئێوە قسە بكا و لەبری لایەنگری ئەو خەڵكەی دەنگی پێداوە بێت چەپڵە بۆ شكستەكانی ئێوە لێبدا،لە كوێی دونیای دیموكراسی ئیشی پەرلەمانتار وەصف و پەنای حكومەت بوە وەك ئەوەی ئێوە دوای دەكەن؟!،خەڵك بۆیە نوێنەرەكانی دیاریكردوە تا شەری موچە و ژیان و مافەكانی بكا مەگەر یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان چاودێریی حكومەت نیە؟!

با ئەوەش ڕون بێ،ئیلتیزامی پەرلەمانتار بەرامبەر حزبەكەی ئیلتیزامە بەرامبەر ئەو بەڵێن و وەعد و بەرنامەیەی كە لە كاتی هەڵبژاردندا حزبەكەی بە خەڵكی داوە،بۆ ئەوەی لە كوردستاندا خەڵكی بزانن كامیان پابەندن بە حزبەكەیانەوە پەرلەمانتارەكان یا سیاسیەكانی دەبێ خەڵك بگەرێتەوە بۆ دروشم و بەرنامەكانی كاتی هەڵبژاردنی ئەو حزبە چونكە لەسەر ئەو بنەمایە خەڵك دەنگ و سەنگی داوە بە حزبەكان.

هۆشیار عەبدوڵا
ئەندمی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی