یوڤال نوا حەراری.. جیهانی پاش كۆرۆنا ڤایرۆس

28/03/2020

د. کۆیار شێرکۆ

وەرگێڕان: د. كۆیار شێركۆ 
بەشی سێیەمم كۆتا بەش 
پێویستمان بە پلانێكی جیهانییە
دووەم بژاردە كە دێتە بەردەممان لە نێوان خۆجیاكردنەوەی ناسیۆنالیستی و پێكەوەبوونی جیهانیدایە. چونكە هەم نەخۆشییەكە و هەم دەرئەنجامە ئابورییەكانیشی كێشەی جیهانین و بۆ ئەوەی بە شێوازێكی كاریگەر چارەسەر بكرێن، پێویستمان بە پێكەوە كاردنی جیهانییە. 

بەر لە هەموو شت، گەر دەمانەوێت شكست بە ڤایرۆسەكە بهێنین پێویستە زانیارییەكان بە جیهاندا بڵاوبكەینەوە. ئەمەش سوودی مرۆڤە بەسەر ڤایرۆسەكەدا. كۆرۆنا ڤایرۆسێك لە ئەمریكا و كۆرۆنا ڤایرۆسێك لە چین ناتوانن لەسەر شێوازی توشكردنی مرۆڤ زانیاری ئاڵوگۆڕ بكەن. بەڵام چین دەتوانێت چەندین وانەی سوودبەخش فێری ئەمریكا بكات دەبارەی ڤایرۆسەكە و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیدا. ئەوەی پزیشكێكی ئیتاڵی لە بەیانیدا لە میلان دەیدۆزێتەوە ڕەنگە ئێوارەكەی لە تاران ژیانێك ڕزگار بكات. كاتێك حكومەتی بەریتانیا لە نێوان چەند شێوازێكی مامەڵەكردندا بە گومانە، دەتوانێت ئامۆژگاری لە كۆرییەكان وەربگرێت، كە مانگی پێشوو گیرۆدەی هەمان كێشە بوون. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمانە ڕووبدەن، پێویستمان بە ڕۆحییەتێكە كە هەماهەنگی جیهانی و متمانە بە بنەما بگرێت. 

دەبێت وڵاتان ئامادەبن بە شێوەیەكی كراوە زانیاری ببەخشن و تا ڕادەی داواكردنی ئامۆژگاریش، سادە بن. متمانە بە داتا و زانیارییەكانیش بكەن كە دەگاتە دەستییان. هاوكات پێویستمان بە هەوڵێكی جیهانیشە تا كەلوپەلی پزیشكی درووست بكرێت و بڵاو بكرێتەوە، بەتایبەتیش كیتی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە و ئامێری هەناسەدان. لە بری ئەوەی وڵاتێك لە ناوخۆی خۆیدا هەوڵەكانی بخاتە گەڕ و چەند كەلوپەلی دەستبكەوێت بۆ خۆی بەكاری بهێنێت، هەوڵێكی جیهانی پێویستە كە دروستكردكردنی ئامێر خێراتر بكات و ژیانی زیاتر ڕزگار بكات. وەك چۆن وڵاتەكان لە كاتی جەنگدا هەندێك بازرگانی بە نەتەوەیی دەكەن، دەبێت لەم جەنگەی مرۆڤایەتیشدا بەرامبەر كۆرۆنا ڤایرۆس، خەتەكانی بەرهەمهێنان بە چاوی مرۆڤایەتی ببینرێت. وڵاتێكی دەوڵەمەند كە ژمارەیەك كەیسی كەمی كۆرۆنای تێدایە، دەبێت ئامادە بێت بۆ ناردنی كەلوپەلی پزیشكی بۆ وڵاتێكی هەژار كە ژمارەی كەیسی زیاترە، گەر ئەم متمانەیە لە نێواندا بێت، كاتێك ئەم وڵاتەش لێی قەومایەوە، به هەمان شێوە وڵاتانی تر ئامادەیی نیشان دەدەن بۆ یارمەتیدانی. 

دەشتوانین بە هەمان دیدگا بڕوانینە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی. ئەو وڵاتانەی ڕێژەی توشبوویان كەمترە، دەتوانن ستافی پزیشكی بنێرنە ئەو وڵاتانەی بە قورسی توشبوون. بەمجۆرە هەم لە ساتی تەنگانەدا فریایان دەكەویت و هەم دەبیتە خاوەن ئەزموونیش سەبارەت بە نەخۆشییەكە. چونكە گەر دواتر ئاراستەی نەخۆشییەكە پێچەوانە بووەوە، ئەوكات ئەوان دەتوانن یارمەتیت بدەنەوە. 

هاوكاری جیهانی لەسەر ئاستی ئابووریش پێویستە. گەر هەر حكومەتێك لە شوێنی خۆیەوە و بێ گەڕانەوە بۆ ئەوانی تر كار بكات، ئەنجامەكەی ئاڵۆز دەبێت و كارەساتاكە قوڵتر دەبێتەوە. پێویستمان بە پلانێكی كرداری جیهانییە و دەبێت زۆر خێراش كاری پێبكرێت. 

پێویستییەكی تر ڕێككەوتنە دەربارەی گەشتكردن. ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتییەكان بۆ ماوەی مانگێك، كارەكە قورستر دەكات و تەگەرەی تێدەخات. وڵاتان پێویستە پێكەوە كاربكەن تا هیچ نەبێت گەشتیارە گرنگەكان بتوانن لە سنوورەكان بپەڕنەوە: زانایان، پزیشكان، ڕۆژنامەنووسان، سیاسییەكان و كەسانی بازرگان. ئەمەش لە ڕێی ڕێككەوتنێكی جیهانییەوە دەكرێت وبەر لە گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان، پێویستە پشكنینی پزیشكی بۆ سەرجەمیان بكرێت. چونكە گەر دڵنیابینەوە لەوەی كە تەنها ئەو كەسانەی پشكنینی وردیان بۆ كراوە دەتوانن بچنە نێو فڕۆكەكانەوە، بێگومان لە وڵاتی خۆمان پێشوازییان لێدەكەین. 

بەداخەوە لە ئێستادا وڵاتان بە دەگمەن پەنا بۆ ئەم كارانە دەبەن. كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووەتە قوربانی شەلەلی پێكەوە كاركردن. وا دەردەكەوێت ژوورەكە هیچ گەورەیەكی تێدا نەبێت. مرۆڤ چاوەڕێی ئەوەی دەكرد چەندین هەفتە لەمەوبەر دانیشتنێكی كتوپڕی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كێشەكە ئەنجام بدرایە تا بە پلانێكی هاوبەشەوە ڕووبەڕووی نەخۆشییەكە ببنەوە. سەركردەكانی (جی7) ئەم هەفتەیە كۆنفرانسێكی ڤیدیۆییان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا هیچ پلانێكی لەو جۆرە نەبینرا.

لە كارەساتە جیهانییەكانی ڕابردوودا، بۆ نموونە كارەساتی ئابووری 2008 و بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە 2014دا، ئەمریكا ڕۆڵی سەركردەی جیهانی دەبینی. بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریكا ئەم ڕۆڵەی لە دەستداوە. بە ڕوونی ئەوەی نیشانداوین كە زیاتر گرنگی بە مەزنی ئەمریكا دەدات نەك داهاتووی مرۆڤایەتی. 

ئەم ئیدارەیە تەنانەت دۆستە نزیكەكانی خۆشی پشتگوێ خستووە. بەر لەوەی بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەكانی ئەوروپا بدات، ئەوروپای لەو ڕێكارانە ئاگادار نەكردووە، چ جا بگاتە ئەوەی پرسیاریان لێبكات سەبارەت بەو ڕێكارانەی گیراونەتە بەر. لە كارێكی ئابڕووبەرانەشیدا، ئۆفەری 1 بلیۆن دۆلاری پێشكەش بە كۆمپانیایەكی دەرمانی ئەڵمانی كرد بۆ ئەوەی مافی مۆنۆپۆلكردنی پێكوتە دژی ڤایرۆسەكە بكڕێتەوە. تەنانەت گەر ئەم ئیدارەیە هێواش هێواش ئاراستەی كارەكانی بگۆڕێت و پلانێكی جیهانی پێشكەش بكات، زۆر كەمن ئەوانەی دوای سەركردەیەك دەكەون كە هیچ بەرپرسیارێتییەك هەڵناگرێت، كه هەرگیز دان بە هەڵەكاندا نانێت و بەردەوام دەستكەوتەكان بۆ خۆی دەبات و شكستەكان دەخاتە ئەستۆی ئەوانی تر. 

ئەم بۆشاییەی ئەمریكا درووستی كردوە، گەر وڵاتێكی تر پڕی نەكاتەوە، نەك تەنها ڕێگرتن لە نەخۆشییەكە قورستر دەبێت، تەنانەت كار دەكاتە سەر پەیوەندییە نێودەڵەتییەكانیش بۆ ساڵانی داهاتوو. لەبەرئەوەی هەموو كارەساتێك، هەلێكیشە، دەبێتە هیوا بخوازین بەڵكو ئەم نەخۆشییە یارمەتی مرۆڤایەتی بدات كە باشتر مامەڵە لەگەڵ حاڵەتی كتوپڕدا بكات. 

مرۆڤایەتی دەبێت بڕیار بدات. ئایا ڕێگای پشتكردنە یەكتر هەڵدەبژێرین یان دەچینە سەر ڕێگای یەكێتی جیهانی. گەر پشتكردنە یەك هەڵبژێرین، جگە لەوەی كارەساتەكە زیاتر درێژە دەكێشێت،  ڕەنگە بشبێتە هۆی ڕوودانی كارەساتی گەورەتر لە داهاتوودا. گەر یەكێتی جیهانیش هەڵبژێرین و پێكەوە كار بكەین، دەبێتە سەركەوتنێك نەك تەنها دژی كۆرۆنا ڤایرۆس، بەڵكو دژی هەموو نەخۆشی و كارەساتەكانی داهاتووش كە ڕەنگە لە سەدەی 21دا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی ببنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە