نموونە بۆ چەند پۆپۆلیست و برایم زەبۆكێك و پێشنیارێك

28/03/2020

نیاز سەعید عەلی

یەكێك لەدەرفەتە زێڕین و زەمینە بەپیتەكان ، بۆ پۆپۆلیست و برایم زەبۆكەكان ؛ بریتییە لەقۆناغی قەیران ، تاكو بیقۆزنەوە و بۆ خۆ نواندن ؛ پەردەیەكی تری شانۆگەریی تیا نمایش بكەن ، ئەیانەوێت لەم شانۆگەرییەدا ، كار لەناخ و هەستوسۆزی هاووڵاتییان بكەن و فریوویان بدەن و خۆشەیان بكەن ؛ بە بەرژەوەندیی ناو و ناووبانگی خۆیان و تۆمارێكی جوان و سەرنجڕاكێش ، بخەنە سەر میمۆرییان ، بەڵام لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی چاو و گوێ ، لەخوارەوە ئاماژە بە نمایشی چەند پۆپۆلیست و برایم زەبۆكێك ، لەم قەیرانی كرۆنایەدا ئەكەم :
١- پۆپۆلیست و برایم زەبۆكێك ؛ كە بە ڕێگەی جیاجیا و بە فێڵێ یاسایی و بە پشتیوانیی كەسانی دەستڕۆیشتووی گەندەڵ ؛ دەستی بەسەر دەیان ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییاندا گرتووە و سكاڵای یاسایی زۆری لەسەرە ، ئەمە بەدەر لەدەیان كاری تری نایاسایی و سكاڵای تری جۆراجۆر و قەرزاریی تر، ئێستا ئەو پسپۆرەی بواری نمایشكاریی !! ؛ لەم قەیرانی كۆرۆنایەدا ؛ لەپەردەیەكی تری شانۆگەرییەكانیدا ، چەواشەكارانە ئەوێت خۆی بكاتە چاكەخواز و خەمخۆری خەڵك و موزایەدە ئەكات ، ئەوێت پەلاماری بەردێكی زۆر گەورە بدات ، كە زۆرینەی حكومەتەكانی جیهان ، لەم قەیرانی كۆرۆنایەدا ، تاشە بەردێكی ئەو بەردە گەورەیەی ئەو نمایشكارەیان پێ هەڵناگیرێت ، لەكاتێكدا موزایەدەكەی هەمووی شانۆگەرییەكی چەواشەكارییە و بە پراكتیكیی ئەوە نییە كە بانگەشەی بۆ ئەكات!
٢-برایم زەبۆكێكی تر كە لەبواری بزنسدا؛ بەوە تاوانبارە كە بە فێڵی یاسایی ، دەستی بەسەر پارەیەكی زۆری هاووڵاتییاندا گرتووە ، لەڕێگەی رێكخراوێكی تایبەت بە كاروباری ئابووریی، بڕێكی زۆر لەئازووخە و كۆمەكی لەبازرگان و دەوڵەمەندەكان وەرگرتووە ، بۆ یارمەتییدانی هەژاران و لێقەوماوان ، بەڵام لەمیدیا و سۆشیال میدیادا ؛ كردوویەتی بە ڕیكلام بۆ خۆی و بە هیچ شێوەیەك ، ئاماژە بەوە ناكات كە ئەو كۆمەكانەی لەخەڵكانی تر وەرگرتووە!
٣-برایم زەبۆكێكی تری نمایشكار؛ لەسەر میدیا بەشێوازێك قسەی ئەكرد ؛ كە كار بكاتە سەر هەستوسۆزی خەڵك و ناخیان بوورووژێنێت و بەهۆیەوە وەكو میهرەبان و دڵسۆزی هەژاران بناسرێت ؛ كەچی خودی خۆی ، كە بەهۆی گەندەڵێیە زۆرەكانییەوە بووەتە خاوەنی پشكێكی زۆر؛ بە بەهای زیاتر لە پانزە ملیۆن دۆلار، لەهەندێك كارگە لەبازیان، لەڕۆژانی ڕابردوودا ؛ بەڕێوەبەری یەكێك لەو كارگانە ؛ پەیوەندیی پێوە كردووە بۆ ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانكردنی برێك پارەی كارگە ، بۆ یارمەتییدانی هەژاران لەم قەیرانەدا ؛ ئەو ئیبراهیم زەبۆكە نمایشكارە لەوەڵامدا وتوویەتیی ؛ ئێمە كوا ئەوەندە قازانجمان كردووە ، تاكو بەشێكی قازانجەكەمان بۆ خێرخوازیی تەرخان بكەین و ڕەتی كردۆتەوە!
٤-چەندین پۆپۆلیستی ناو زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ، كە لەرابردوودا بەهۆی كاریگەریی شەپۆلی پۆپۆلیستیی لەكوردستان ، پلە و پۆستی جیاجیان وەرگرت و لەسایەی پلە و پۆستەكانیاندا ، سەدان ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە ، كامیان لەم قەیرانەدا ؛ بیری ئەو ڕۆژگارەی كەوتەوە ، كە ئەو وەكو پۆپۆلیستێك ؛ چەند بەڵێن و گفتی جوان و مژدەبەخشی داوە بە خەڵكە بەپۆپۆلیستكراوەكان!
ئایە تاكو ئێستا پۆپۆلیستێك جوورئەتی كردووە ، تەنها مووچەی مانگێكی تەرخان بكات ، بۆ ئەو خەڵكە هەژارە بەپۆپۆلیستكراوانەی كە سواری شەپۆلەكەیان بوون و بەسەر شانی ئەواندا هەڵكشان بۆ پلەو پۆست و مووچەی خەیاڵیی بەرز!
لەكاتێكدا چەندین پۆپۆلیست و برایم زەبۆك ؛ بۆ نمایش و بۆ فریودان ، لەسەر میدیا و سۆشیال میدیا ؛ ئاوا ئەم قەیرانەیان قۆستۆتەوە و سواری ملی قەیرانەكە بوون ، هاوكات دەیان و سەدان ؛ كەسی چاكەكار و خەمخۆری هەژاران ، دوور لەچاوی میدیا و سۆشیال میدیا ؛ ژمارەیەكی زۆری خێزانە هەژارەكانیان بەسەر كردۆتەوە و كۆمەكی جۆراوجۆریان پێ گەیاندوون .
پێشنیار
لێرەوە بۆ ئەوەی چیتر ، پۆپۆلیست و برایم زەبۆكەكان ؛ نەتوانن ئەم قەیرانە بۆ خۆ نمایشكردن بقۆزنەوە ، هاوكات بۆ ئەوەی پرۆسەی یارمەتییدان و كۆمەككردنی هەژاران لەم قەیرانەدا ، بە سیستەماتیك و ڕێكبخرێت ، پێویستە چەند كەسایەتییەكی چاكەخوازی (نا پۆپۆلیست) و (نا برایم زەبۆك) و نوێنەری چەند ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیی ؛ تۆڕێكی خێرخوازیی دروستبكەن و ئەوان سەرپەرشتیی پرۆسەكە بكەن ، چ بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و یارمەتییەكان ، چ بۆ دابەشكردنی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر كەسان و خێزانە شایستەكاندا.

نیاز سەعید عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی