چەند راستییەك لەبارەی بابەتی موچەو خۆ بە پاڵەوانكردنی یەكێتی

30/03/2020

ئاسۆ حاجی

چەند رۆژێكە راگەیاندنكارانی یەكێتی دەستیان بە هەڵمەتێك كردووە و دەیانەوێت هەواڵی ناڕاست بڵاوبكەنەوە كە گوایا وەزیرەكانی یەكێتی دژی  دەستكاریكردنی مووچە و كەمكردنەوەی وەستاونەتەوە و ئەوە پارتییە ئەو كارە دەكات ! لە كاتێكدا ئەوە دوورە لە راستییەوە و وەزیرەكانی یەكێتی دژی هیچ پێشنیارێك نەبوون بۆ چارەسەركردنی بابەتی مووچە بۆیە ئەو بانگەشەیە لە موزایەدە زیاتر نیە.

بە گوێرەی زانیاریەكانی من ئەو لێژنانەی پێك ھاتوون، بە جۆرێكن كە وەزیران و بەرپرسە باڵاكانی حكومەت لە ھەر سێ پێكھاتە سەرەكیەكەی واتا پارتی و گۆران و یەكێتی تێیاندا بەشدارن و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتیی زۆربەی ئەو كۆبوونەوانەی كردووە، چونكە زۆر جار سەرۆكی حكومەت بەشدار نەبووە. 

خودی قوباد تالەبانی داوای كردووە كە خۆی سەرپەرشتی ئەم بابەتە بكات چونكە ئەزموونی لەم بوارەدا ھەیە و كاتی خۆی بەشداری سەرەكیی بابەتی پاشەكەوتی مووچە بووە لە كابینەی پێشووتر دا.

سەرۆكی حكومەت لە ھەموو كۆبوونەوەكان گەڕانەوە بۆ بابەتی پاشەكەوتی رەتكردۆتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نیە و نایەوێ مووچە پاشەكەوت بكرێت،هەروەها جەختی لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كردۆتەوە كە پەڕلەمانتارانی یەكێتی دژی زۆر بڕگەی ئەو یاسایە بوون بە تایبەتی لادانی هەموو ئەو كەسانەی كە بەناهەق بەبێ ئەوەی رۆژێك كاریان بۆ حكومەت كردبێ خانەنشین كراون چونكە یەكێتی زیاتر لە سەت هەزار كەسی لەو بابەتەی هەیە.

ئەوەی من زانیاریم دەربارە هەیە راستیەكە ئەوەیە كە ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی ئامادە كراون، وەزیرەكانی ھەموو لایەنەكان بەشدارییان تێدا كردووە و وەزیرەكانی یەكێتیش دژی ھیچ كام لە پێشنیارەكان نەبوونە و گشت لایەنەكان لەگەل ئەوە بوونە ئەم پێشنیارانە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ بكرێن و لەوێ بە كۆی دەنگ بڕیاریان لێ بدرێت،نەك ئەوەی میدیاكارانی یەكێتی و بەفیتی كەسانێك كە هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن بانگەشەی بۆ دەكەن. 

ئەوەی دیارە و حەقیقەتە ئەوەیە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە هیچ شێوەیەك مووچە پاشكەوت نەكرێت. هەر بڕیارێكیش بدرێت بڕیاری یەك لایەن نابێت بەڵكو بڕیاری تەواوی لایەنە بەشدارەكانی حكومەت دەبێت.

جێی داخە كاتێك قەیرانێكی دارایی لە هەرێمی كوردستان روودەدات یەكێتی دەست بە لێدانی ئەو قەوانە دەكاتەوە كە گوایا ئەوان شەریك نیین لەو حكومەتە و تەنیا بەشدارن . ئەدی باشە بۆ  بۆ مووچە و ئیمتیازات و پارە وەرگرتن بەشدارن بەڵام كە قەیرانێك دروست دەبێت دەست بە بیانوو هێنانەوە و خۆ دزینەوە دەكەن ؟ 
ئایا ئەگەر یەكێتی ئەمە هەڵوێستی بێت جێی متمانە پێكردنە؟

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی