خوێندن و سیستەمی ئۆنلاین

31/03/2020

مەحمود نامۆ

بۆ خوێندنی باڵا، سیستەمی ئۆنلاین سەردەگرێت، یاخود کۆمەڵێک کێشەو گرفتی دیکە بۆ پرۆسەی خوێندن زیاد دەکات؟
لێرەو لەوێ باس لەسیستەمی ئۆنلاین دەکرێت، بەڕای بەندە سیستەمی ئۆنلاین لەئێستادا ناتوانێت شوێنگرەوەی پرۆسەی خوێندن بێت، چونکە خوێندکاران و قوتابیان هیچ پێشەکیەک و بەرچاو روونیەکیان لەو بارەیەوە نییە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لەوانەکانی ئێمە پراکتیکین، ئەستەمە بتوانین لەرێگەی ئۆنلاین یاخود ڤیدیۆ کۆنفرانس سوود ببینین، لەکاتێکدا هەندێک مامۆستا لەگەڵ رێزی بێ پایانمان بۆ ماندوو بوون و زانست بەخشینەوەیان، هەندێکجار رووبەڕوو کێشەی گەیاندنیان هەیە، چ جای ئۆنلاین، لەکاتێکدا بەشێکیش لەمامۆستایان ئاشنای ئەو سیستەمە نین...
لەسۆنگەی ویژدانیمەوە چەند پێشنیارێک بۆ بەڕێزتان دەخەمە روو:
یەکەم: لەکاتێکدا ئەگەر سیستەمی ئۆنلاین جێبەجێنەکرا.
١. چاوەڕوانیکردن باشترین رێگەیە لەئێستادا، تاوەکو لە ڤایرۆسی کۆرۆنا Covid19 رزگارمان دەبێت و دۆخی ژیانکردن ئاسایی دەبێتەوە.
٢. ناردنی بابەتی پەیوەندیدار بەوانەکان بۆ خوێندکاران و قوتابیان بەPDF تاوەکو دەوامی ئاسایی دەست پێدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بەرچاو روونیمان هەبێت لەبارەی بابەتەکان و بەڕێوەچوونیی بەپەلەیی پرۆسەی خوێندن.
٣. کەمکردنەوەی رێژەی خوێندکاران و قوتابیان و دابەشکردنیان بۆسەر چەند گروپێک، لەکاتێکدا لەزانکۆ و پەیمانگاکان وانەی تیۆری و پراکتیکی دەخوێندرێت.
٤. هەر گروپێک وانەی تیۆری هەبوو، لەهەمان کاتدا گروپی دواتر پراکتیکی بخوێنێت لەهۆڵی پراکتیکی.
دووەم: لەکاتێکدا سیستەمی ئۆنلاین جێبەجێکرا.
١. بەبۆچوونی بەندە وۆرک شۆپ و خولی تایبەت بۆ مامۆستایان و خوێندکاران ئامادە بکرێت لەرێگەی ئەپلیکەیشن و CD-ەوە.
٢. حکومەت و وەزارەتتان لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و پەیوەندی و تۆڕەکانی ئینتەرنێت گرێبەست بکەن، بۆ هاوکاریکردن و دابین کردنی پێداویستییەکانی سیستەمی ئۆنلاین، وەکو ( کۆمپیوتەر، ئایپاد، مۆبایلی زیرەک، مۆدم و هێڵەکانی ئینتەرنێت).
٣. هەر خوێندکار و قوتابیەک ئارەزوومەندانە بەشداری لەکڕینی ئەو پێداویستیانە بکات و مانگانە لەرێگەی سیستەمی(پاژ) قیستەوە پارەکە بۆ کۆمپانیاکان بگەڕێنێتەوە.
٤. کاتێکی گونجاو دیاری بکرێت بۆ خوێندنی وانەکان بەسیستەمی ئۆنلاین.
٥. گرەنتی لە مامۆستایان وەربگیرێت، هەمان ئەو وانانەی کە لە ئۆنلاین پێشکەش دەکرێت، بە PDF بۆ خوێندکاران و قوتابیان رەوانە بکرێت و لەکاتی تاقیکردنەوەکان، ئەو بابەتە بەشداری پێ بکرێت واتە داخڵ بکرێت، نەک مامۆستای بەڕێز داوای قەڵەم و کاغەز بکات و دواتر بڵێت ئەوەی کەنوسیوتانە هەر ئەوە پرسیاری تێدا دەردەهێنرێت، رێزو پێزانینمان هەیە بۆ مامۆستایان.
٦. رەچاوی ئاستی بیستنی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت، رەنگە هەندێکجار لەکاتی پێشکەشکردنی بابەتەکان لەلایەن مامۆستایەنەوە، پیتێک یاخود ووشەیەک بەجوانی گوزەر نەکات و گرفت بۆ ئاستی بیستن دروست بکات.
لەکۆتایدا ئومێدی تەندروستیەکی سەلامەت بۆ هەموو لایەک دەخوازم و لەخوای گەورە داواکارم شیفای هەموو نەخۆشێک بدات و وڵاتمان بپارێزێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی