کەم کردنەوەی مووچە لە بەرامبەر چی؟!

31/03/2020

ئارێز عەبدوڵڵا

 

بەپێی زانیارییەکان،پێ دەچێ لە رۆژانی داھاتوودا حکومەت ھەندێک بڕیار بدا، لەوانەش دەستکاری کردنی مووچە. دیارە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە مەترسیدارە پێویستە تاک و کۆمەڵ بەرگە بگرین و قوربانیش بدەین، بەڵام ئایا دەسەڵات ئامادەی چ جۆرە قوربانیدانێکە؟ ئاشکرایە بێ باکی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات ھۆکاری چەندین کێشە و گرفتی گەورەن، بۆیەشە ھەر لەسەرەتای قەیران ناچارە پەنا بۆ ماف و قوتی خەڵکی ببا. ئایا دەکرێ تا سەر لایەنە دەسەلاتدارەکان بە پاساو و بەبیانوی نا بەجێ لە ھەموو بارودۆخەکاندا مێش مێوانیان نەبێ ؟ دەسەڵاتە دیکاتۆر و تۆتالیتاریە عارەبیەکان ھەمیشە بە پاساوی مەترسی و ھەڕەشە دەرەکیەکان درێژەیان بە دەسەڵاتە خوێن رێژیەکەیان دەدا، بەڵام ئاکام لەبەرامبەر شەپۆل و نارەزایی خەڵکیدا روخان و ماڵوێرانییەکی گەورەشیان لە دوای خۆیان بەجێ ھێشت.

من دڵنیام گەلی کوردستان بەرگەی ئەو جۆرە قەیران و کارەساتانە دەکرێ، بەڵام ناکرێ چیتر بەخۆڕیی بێ، بەڵکو دەبێ لەبەرامبەردا دەسەڵاتیش قوربانی بدا. ئایا خۆمان بەدەستی خۆمان سیستمی حوکمڕانی و سیاسی بگۆڕین باشترە یان بە راپەڕین و ھەستانی گەل بگۆڕدرێ؟ لەبەرامبەر دەستکاریکردنی مووچە چی بۆ دوارۆژی ئەم گەلە دەکەن؟ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی