جیهانی دوای كۆرۆنا

01/04/2020

هادی عەلی

ئەم حاڵەتە نائاساییەی كەبەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەرجەم جیهانی گرتۆتەوەو بووەتەهۆی ڕاوەستانی زۆرێك لەبوارەكانی ژیان، درەنگ یان زوو كۆتایی دێت، هەروەك چۆن لەقۆناغەكانی تری مێژوودا پەتاو نەخۆشی ترسناك ڕووی كردۆتە جیهان و ڕەنگە بەدەیان ملیۆن مرۆڤیشی لەناوبردبێت، بەڵام دواتر كۆتایی پێهاتووەو مرۆڤایەتی و جیهان گەڕاوەتەوە بۆحاڵەتی ئاسایی خۆی و ڕەوتی ژیان بەردەوام بووە.

ئەمجارەش هەرئاوا دەبێت و نابێت چاوەڕوانی گۆڕانی زۆر گەورەو دراماتیكی بكرێت، چونكە سروشتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەگشتی، بەوشێوەیەی كەپەروەردگار بەدیهێناوە، لەسنورێكی دیاریكراودا نەبێت گۆڕانی گەورەی بەسەردانایەت.

مرۆڤ خۆی بەرپرسیاری یەكەمە لەئاراستە كردنی ڕەوتی ژیانی و حەرەكەتكردن لەچوارچێوەی خێرو شەڕو چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ سروشت و بونەوەردا.

جیاوازی ئەم كارەساتەی كۆرۆنا لەم ڕۆژگارەدا بەبەراورد لەگەڵ كارەساتەكانی تری هاوشێوە لەمێژوودا، دەگەڕێتەوە بۆڕۆڵی تەكنۆلۆژیای گواستنەوەو گەیاندن كەجیهانی كردۆتە گوندێكی گەورەو زۆربەخێرایی پەتاكەو ڤایرۆسەكەی گواستەوە بۆسەرجەم ناوچەكانی جیهان. لەولاشەوە ڕۆڵ و كاریگەرێتی میدیاو ڕاگەیاندن كە چركە بەچركە هەواڵەكان بەهەمو ناوچەكانی جیهان دەگەیەنن. دیارە كەڕۆڵی میدیا لەم بوارەدا دووسەرەیە، لەلایەكەوە زانیاری و هوشیاری بەهەمو مرۆڤەكان دەگەیەنێت، هاوكات ترس و تۆقاندنیش بەرپادەكات كەڕەنگە هەندێكی بەلای كەم زیاد لەپێویست بێت.

ئەڵبەت كاریگەرییە هەمەلایەنەكانی ڤایرۆسەكە كە تاڕادەیەكی زۆرو چاوەڕوان نەكراو ڕەوتی ژیانی ئاسایی پەكخستووە بەشێوەیەك كەلەهەمو حاڵەتێكدا دەبێتە هۆی هەندێ گۆڕانكاری لەسەر ئاستی تاكەكان و كۆمەڵگەكان و دەوڵەتەكان لەسنورێكی دیاریكراودا، كەڕەنگە هەندێكی ئیجابی و هەندێكیشی سەلبی بێت. بەڵام ناكاتە ئەوەی كەڕەوتی ژیان و حەرەكەتی مێژوو گۆڕانی گەورەو ڕیشەیی بەسەردابێت. چونكە وەك ئاماژەمان پێكرد سروشتی مرۆڤ خۆی گۆڕانی گەورەو ڕیشەیی بەسەردانایەت و ناتوانێت دەست لەئارەزووە بنچینەییەكانی و بەرژەوەندییەكانی هەڵبگرێت و ململانێ و كێشەكانی لەوپێناوەدا بەشێوازی جیاجیا هەربەردەوام دەبێت.

لێرەدا بۆمرۆڤی خاوەن ئیمان و پەیام گرنگ ئەوەیە كەبەتێڕوانینێكی زانستیانە و بابەتیانە لێكدانەوە بۆئەم جۆرە كارەسات و ڕوداوانە بكات و هەوڵبدات هەڵوێستی شەرعی پێویست دەستنیشانبكات و كاری دروست و دڵسۆزانەی بۆبكات، هەركام لەوبوارەدا كە توانای بەسەردا دەشكێت. ئەگەر پزیشك و تەندروستكارە دیارە پێویستە كارلەبواری چارەسەركردنی نەخۆشەكاندا بكات، خۆئەگەر توانای زانستیانەی باڵای هەبێ، پێویستە كاربكات بۆدۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و دەرمانی ڕێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە. ئەگەر خاوەن ماڵ و داراییە، ئەوە پێویستە لەبواری بەخشین و هاوكاری داراییدا خزمەتبكات، ئیتر هەركام لە پێگەی خۆیەوە.

گومان لەوەدا نییە كەخێر و چاكە هەرهەمو لەخواوەیەو خوای گەورە سەرچاوەی ڕەهای هەمو خێر و چاكەیەكە. بەڵام شەڕو خراپە بەشێكی زۆری بەلای كەم دەرەنجام و دەرهاویشتەی خراپەكاری و خراپ بەكارهێنانی مرۆڤەكانە بۆهەمو ئەوئیمكانات و نازو نیعمەتەی كەلەلایەن خواوە خراوەتەبەردەستی مرۆڤەكان.

بەدڵنیایی شارستانێتی ماددی و تەكنۆلۆژیای سەردەم، لەگەڵ هەمو ئەوخزمەت و ئاسان كارییەی كەبۆمرۆڤایەتی هێناوەتە بەرهەم، بەڵام هاوكات ڕۆڵی سەلبی و خراپیشی هەیە لەتێكدانی ئەو هاوسەنگییەی كەلەسروشت و بونەوەری دەوروبەری زەویدا هەیە. هەروەك چۆن هاوسەنگی لەفیكر و بیروباوەڕو ڕەفتاری مرۆڤەكانیشدا تێكداوە، بەوهۆیەوە پەڕگیری و دەمارگیری و بەرژەوەند خوازی و ناعەدالەتی هەمولایەكی گرتۆتەوە. بەهەمان شێوە هاوسەنگی نێوان پێكهاتەكانی سروشت و بونەوەریش تێكچووەو بێگومان كاریگەری هەیە لەسەر دروستبونی چەندەها دیاردەی سروشتی و ڤایرۆس و نەخۆشی جیاجیا.

بۆیە جیهان دوای دەربازبون لەمەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كۆنترۆڵكردنی و دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە هەرلەئێستاوە كاری جددی بكات بۆگێڕانەوەی ئەو هاوسەنگییەی كەبەدەستی خۆی تێكیداوە و هەوڵی چارەسەركردنی دەرهاویشتە خراپەكانی بدات. دیارە ئەوەش بەگرتنەبەری ڕێبازی میانەڕەوی و دادپەروەری و مرۆڤ دۆستی وەك بەرنامەی ژیان لەسەر ئاستی تاكەكان و كۆمەڵگەكان و دەوڵەتەكان بەگشتی.

ئەوەش ڕێنمایی و داواكاری قورئانی پیرۆزە كه دەخوازێت مرۆڤەكان بەهۆی ڕوداو و كارەساتەكانەوە بەخۆداچونەوە ئەنجامبدەن و هاوسەنگی بۆژیان بگێڕنەوە‌، بەئومێدی ئەوەی جیهانی دوای پەتای كۆرۆنا لەسەر بنەماكانی دادپەروەری و هاوكاری و مرۆڤدۆستی ڕێكبخرێتەوە.

هادی عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی