زیادبونی چینایەتی لەعێراق و کوردستان و بێباکی حیزبی شیوعی!

01/04/2020

هەرێم حسن احمد

بەسەیرکردنی لاپەڕه کانی مێژووی هاوچارخی عێراق،بەئاشکرا دەردەکەوێ حیزبی شیوعی عێراق هەمیشە بەتیۆری و کرداری ڕۆلی بەرچاوی هەبووە لەپالپشتیکردنی چینی کرێکاران و جوتیاران و خەڵکی هەژارو دژی چینایەتی وەستاوەتەوە.سەرەڕای ئەمەش دژایەتی هەر حکومەت و سەرکردەو حیزبێکی کردووە،کە برەویان بەچینایەتیدابێت،بەجۆرێک ئەگەر لەسەرحسابی گیانی خۆشیان بوبێت،سازشیان لەسەربیروباوەرەکانیان نەکردووە.گیانلەدەستدان و زیندانیکردنی هەزاران شیوعی لەسەردەمی حوکمی بەعسدا نمونەی حۆڕاگری شیوعیەکانی عیراق و کوردستان دەردەخات.
بۆیە ئەم هۆکارانە وایکردبوو حیزبی شیوعی،ببیتە خاوەن پێگەو رێکخستنێکی جەماوەری بەهێزلەناو خەڵکی هەژار لەناوچەکاندا نەک فاکتەری دژایەتی ئاین،چونکە بەشێکی زۆری ئەندامانی حیزبی شیوعی خوێندەواریان نەبوو یان نیمچەخوێندەواربون و لەبنەماکانی شیوعیەتیش تینەگەیشتبون.سەرەڕای ئیلهام وەرگرتنی خەڵکی لەوڕوحیەتە بەهێزەی لەشیوعیەتدا بونی هەبوو له دژایەتیکردنی ستەمکاری و دیکتاتۆریەت و بەدیهێنانی مافی گەلان.

ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە،له دوای راپەڕینەوە حیزبی شیوعی عیراق و کوردستان،ئەم مەیدانی خەباتەو مێژووە پڕسەروەریەی بەتەواوی چۆڵکردووەو لەزۆربەی ئەوکیشەو قەیرانانەی کەپەیوەندیان بەچینەکانی خوارەوە هەیه بیدەنگیان هەڵبژرادووە،ئەمەش وایکردووە حیزبی شیوعی عیراق و کودستان توشی پاشەکشێ یەکی بەرچاوببن و کەس خۆزگەیان پینەخوازێت.بواری گەندەڵی له کوردستان و عیراق،یەکێک بوو لەوبوانەی دەبوو شیوعیەکان لەهەموان زیاتر قسەیان لەسەری هەبێت و پشتگیری جەماوەربکەن.ئەمەجگەلەوەی لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی حیزبی شیوعی نەیتوانی پەیامی خۆی و چالاکی جەماوەری ئەنجامبدات.ده بوو له کاتی برەودان بەتۆخکردنەوەی سیستمی چینایەتی لەکوردستان،لەکردنەوەی باخچەو قوتابخانەو نەخۆشخانەی ئەهلی و زانکۆی ئەهلی لەشارەکانی کوردستان و عێراق،حیزبی شیوعی یەکەم هێزبوایە،چالاکی میدیایی و خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجامدابوایە.

بەبۆچونی من لاوازی سەرکردایەتی سیاسی هەردوو حیزبی شیوعی عێراق و کوردستان و وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات لەلایەن سەرکردەکانیان و هەوڵدان بۆخانەشنینی و دروستبونی چینایەتی لەناوخودی حیزب لەگەڵ نەبونی دیدوو تێروانینی تازەو سەرده می بۆپاڵپشتیکردنی چینەکانی خوارەوە وایکردووە لەخەباتی جەماوەری دوربکەونەوەو چیتر نەبنە جێگەی متمانەی چینەکانی خوارەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە