بۆچی WHO شكستی هێناوە؟

09/04/2020

لوقمان غەفوور

دوای 72 ساڵ لە دامەزراندنی، رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) تووشی شەرمەزاریی گەورە بووە. لەدوای لەناوبردنی سویرێژە و دركە و مێكوتە و چەندین نەخۆشی قورسی تر و خەوتن لەسەر ئەم سەركەوتنانە، لە ئێستادا بوون بە دروستكەری گەندەڵی بۆ رێكخراوەكە.

لە 30 دیسێمبەری 2019، دكتۆر لی وین لیانگ پزیشكی بەتوانای چینی هۆشداریدا لەوەی كە نەخۆشییەك هاوشێوەی هەوكرددنی توندی سییەكان (سارس)لە ئارادایە كە ساڵی 2003 بوو بە بروسكەیەك بۆ هەموو دنیا. بەرپرسێكی وەك لیانگ هەستی بە ترسی كوشندەیی پەتاكە كرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی چین پاداشتیان نەكرد، بەڵكو بانگیان كرد بۆ نوسینگەی ئەمنی گشتی وۆهان و تۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵ كە لێدوانەكانی درۆینەن و دوریان خستەوە لە خزمەتی گشتی.

حزبی شیوعی چینی چەند پەرستیارێكیان دەستگیركرد و تەمبێكردنیاندا بەگوێی هەر كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پرۆپاگەندە بكات و تووشی لێپێچینەوەش ئەبێت.

بەدرێژایی مانگی جێنیوەری 2020، پزیشكییە چینییەكان دركیان بەوە كرد كە نەخۆشییەكە لە مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام 14ی جێنیوەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، كە هیچ بەڵگەیەكی ئاشكرا نییە بۆ گواستنەوەی كۆرۆنا ڤایرۆس لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.

دوو هەفتە دوای ئەم قسانە، تیدۆرس ئادهانووم گێبریسوس بەرێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ شین جین بینگ كۆبۆوە و سەرسامی خۆی دەربڕی بۆ بەرپرسانی چین كە رێوشوێنی باشیان گرتۆتەبەر بۆ كۆنترڵكردنی ڤایرۆسەكە، لە كاتێكدا رۆژانە بە 10 هەزار كەس لە وۆهان ئەمرد.

دوابەدوای ئەم سەردانە د.لی وینگ لیانگ لەگەڵ هەستێكی نائارامدا، بێدەنگ نەبوو لە ناڕەزاییەكانی، بەڵام لەچاوان ونبوو. لەناكاو راگەیەنرا كە تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووە و گیانی سپاردووە.

كاتێك لە 23ی جێنیوەری 2020 لیژنەی فریاگوزاری سەر بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی گفتوگۆی كرد كە كۆرۆنا ڤایرۆس لە حاڵەتی ئیمێرجنسی گشتیدایە، كەچی (تیدۆرس) رەتیكردۆتەوەو هانی ئەندامانی لیژنەكانی تری رێكخراوەكەی داوە حاڵەتی ئیمێرجسی رانەگەیەنرێت و بیانووی ئەوەی هێناوەتەوە كە ژمارەكان نەگەیشتونەتە ئەوەی حاڵەتی ئیمیرجنسی رابگەیەنرێت. بەڵام چاودێرانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی یەكلایككەرەوە داتا پڕ كەموكورتییەكانی تەندروستی چین-یان رەتدەكردەوە كە لەو كاتەدا بەپێی چین هێشتا مردن نەگەیشتبووە 20 كەس، لەكاتێكدا یەكەم هەواڵ لە كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوبۆوە لە 16ی جێنیوەری بڵاوبۆوە، بەرپرسانی چین وایان بڵاوكردەوە كە تا ئەوكاتە 2 كەس مردوون.

ئەم بێ باكییەی بەرێوەبەری رێكخراوەكە وایكرد دەوڵەتانی دنیا دوابكەون لە خۆئامادەكردن بەرامبەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە و سنوری وڵاتەكەیان بە كراوەیی بەرامبەر چین هێشتبووەوە، جۆن ماكیزی ئەندامی لیژنەی فریاكەوتنی سەر بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە داوای لێبوردنەوە بە تۆڕی دی دەبلیوی ئەڵمانی دەڵێت: "شكستمان هێنا بەهۆی راپۆرتە لاوازەكانی حزبی شیوعی چینییەوە كە ئێمەی بە هەڵەدا برد".

دوای ئەوەی 30 جێنیوەری (تیدۆرس) بەناچاری حاڵەتی ئیمێرجنسی راگەیاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پیاهەڵدانی چین بەردەوام بوو. لە 20 فێبریوەری چەلەحانێی ئەوەی لەگەڵ میدیادا دەكرد كە رێوشوێنەكانی چین وایكردووە ڤایرۆسەكە بە جیهاندا بڵاونەبێتەوە. لەكاتێكدا لە 23 ی فێبریوەری چین لەوپەڕی تووشبوون و مردندا بوو بەپێی ئەو داتا ناڕاستانەی كە خۆی بڵاویدەكردەوە.

(تیدۆرس) ترسی نەبوو لەوەی رووبەرووی سەركردەكانی جیهان ئەبێتەوە كە ئەمە وابەستەیە بە مەسەلەی مردن و ژیانەوە. دواجار ئەمریكا لە گەمەی تیدۆرس تێگەیشت، بۆیە لە 31 ی جێنیوەری سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هاتوچۆی هاووڵاتیانی چین-ی بۆ ئەمریكا راگرت. هەرچەندە كاتێكی درەنگ وەخت بوو بەڵام (تیدۆرس) لێدوانێكی سەیری دا و وتی: "راگرتنی گەشتەكان لەچینەوە بۆ ئەمریكا دڵەراوكێ و ترس زیاددەكات، لەگەڵ سودێكی كەمی تەندروستی".

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی ساوسامبتۆن-ی ئینگلتەرا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی چاوپۆشی كردووە لە بەلارێدابردنی زانیاری كاربەدەستانی سیاسی چین و ئەو گوێ پێنەدانەی لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەهۆی پەرەسەندنی ڤایرۆسەكە و 20 ئەوەندەی مردنی تووشبووان لە چین.

حكومەتی چین باوەری وایە بەباشی ئەم كەسەی وەبەریهێناوە و تیدرۆس-یان چاندووە لە ئیدارەی رێكخراوەكە لەساڵی2017ەوە. بۆ ئەوان گونجاوترە كە كەسێكی چەپی باڵشكاو بێت و سیاسەتی ئەوان جێبەجێ بكات. روڵی چالاكوانێكی سیاسی بگێڕێت نەك كەسێك لە رێكخراوێكی مرۆیی. تیدۆرس یەكەم كاری سەركردایەتی كە بۆ چین-ی دووپاتكردەوە ئەوە بوو پابەندبوو بە سیاسەتی "یەكپارچەیی چین" و بەشداربوونی (تایوان)ی لە كۆبوونەوەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رەتكردەوە.

لەكاتێكدا تیدۆرس بووە بە شاردنەوەی كەمتەرخەمییەكانی چین، ئەمریكا دوو ئەوەندەی چین بودجە بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی دابیندەكات. كەواتە كۆنگرێس ئەتوانێت لێكۆڵینەوە لەسەر كاریگەری چین لەسەر رێكخراوی تەندروستی جیهانی، بكات و ئەمریكاش تەمویلی رێكخراوەكە دیاریبكات وەك رێگەیەك بۆ شەفافیەتی رێكخراوەكە لەو مامەڵەیەی لەگەڵ چین دەیكات. هەروەك ئەوەی هەمیشە ئەمریكا پشكی شێری بەخشیوە بە رێكخراوەكە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، كەچی لە كەیسی كۆرۆنا ڤایرۆس دا رێكخراوەكە لە ئەركی سەرەكی خۆی لایدا و جیهانیش باجەكەی دا.

لوقمان غەفوور

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی