بژاردەی گونجاو مانەوەی عەبدولمەهدییە

09/04/2020

بێستون فایەق

دوای نەمانی بەعس و بونیادنانەوەی سیستمی نویێ سیاسی لە عێراق ، هەڵبژاردن وەك مۆدێلێكی تازە لە ژیانی سیاسی و وەك سەرەتایەك بۆگێڕانەوەی ئیرادە بۆ هاوڵاتی عێراقی بە دەقێكی دەستوری بە تەواوی چەسپێنراو وەك مافێكیش هەموو چوار ساڵ جارێك هاوڵاتیانی عێراق مومارەسەی دەكەن ، ئەم مافە دەستوری و سیاسیە كە بنەماو كۆڵەكەیەكی گرنگی دیموكراسیە هیچ كات سەقامگیری سیاسی لە نێو پێكهاتە سیاسیە ئاڵوزەكەی عێراقدا نەهێنایە كایەوە ، لەگەل ئەوەی  هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە وادەو كاتی خوێدا بەڕێوە دەچن و دامەزراوە دەستوری و سیاسیەكانی عێراق رێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن نادەن بەڵام دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە زوی كاریان پێ ناكرێ و گرفتی گەورەی هەموو هەڵبژاردنەكان ڕێكنەكەتن و بە زوی دیاری نەكردنی كاندیدە بۆ سەرۆك وەزیران و پۆستەكانی تری بەڕێوەبردنی وڵات .

دوای قوناغی راگوزەر و نوسین و پەسەندكردنی دەستوری عێراق دیاری كردنی كاندید بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان یەكێكە لە گرێ كوێرە سیاسە ئاڵۆزەكانی عێراق كە لەهەموو خولەكانی هەڵبژاردندا وڵات دەخاتە بەردەم ئاڵۆزی سیاسی و دەست وەردان و ململانێ جیهانی و هەرێمیەكان لەناو عێراق دەباتە قۆناغی سەختترەوە ، سەقامگیری سیاسی دەشێوێنێ و گرژی و ئاڵۆزی نێوخۆی پێكهاتەكان لە لایەك و نێوانی پێكهاتەكان لە لایەكی ترزیاتر دەكات .

لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی عێراقدا زۆری ویست تا شیعەكانی براوەی هەمیشەیی هەڵبژاردن رێكەوتن لەسەر دیاری كردنی ئیبراهیم جەعفەری بۆ پێكهینانی كابینەی حكومەت ، دواتریش كە ناكۆكی كورد وجەعفەری بە دورخستنەوەی جەعفەری كوتایی هات راسپاردنی مالكی بۆ جێگرەوەی جەعفەری دیسان بە كۆمەڵێك قەیران و دەستوەرداندا تێپەڕی ،  بە راسپاردنی عەبادی دوای چەندین مانگ تێپەربون لە هەڵبژاردنەكانی خولی پێشوی پارلەمان و  لە دواین هەڵبژاردنیش ریكنەكەوتنی كوتلە براوەكانی شیعە لەسەر كاندیدێك وهێنانی عادل عەبدول مەهدی لەدەرەوەی كوتلە زۆرینەو براوەكان عورفێكی نوێ پێچەوانەی ئەو رێكارانەی دەستوری عێراق و عورفە باوەكان دیاریان كردوە لە عێراقدا چەسپی ، ئەویش عورفی رێكەوتن لەسەر كەسێك و راسپاردنی بۆ پێكهینانی حكومەت  لە دوای نزیكەی شەش مانگ لە راگەیاندن و پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ودانیشتنی یەكەمی پارلەمان .

ئەم عورفە راستی شێواویی عێراق و ریكنەكەوتن و دوری نێوان پێكهاتەكان و دەست وەردان و پارچە پارچە بونی نێوانی خودی پێكهاتەكانی سەلماند ، ئەم عورفە سیاسیە پێ ی وتین چەند قورس و پڕكێشەیە رێكەوتن و یەكلایكردنەوەو دەستنیشان كردنی كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران و پۆستەكانی تر ، ئەم عورفە سیحری هەڵبژاردن و دیموكراسی لە عێراق بەتاڵكردەوە و سەڵماندی بۆ عێراق هەمووجار هەڵبژاردن لە بری سەقامگیری ناسەقامگیری دەهێنێ .

هەڵەی رونی خۆپیشاندارانی عێراقیش داواكاری هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران بوو لە كاتێكدا عێراق گیرۆدەی گرفتی گەورەترە وهیچ یەك لەو دوانە (هەڵبژاردن و دەستلەكاركێشانەوە ) گۆڕانكاری بەرهەم ناهینن وعێراق دەخەنە بەردەم دۆخی سەخترەوە كە ( خستیان). 
 
لە دوای كشانەوەی كاندیدی راسپێردراو محمد عەلاوی لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت و دواتریش شكستهێنانی عدنان زورفی لە پێكهێنانی كابینە ، مستەفا كازمی پێشنیاز كراو لەبەردەم هەمان گرفت و تەحەدای كاندیدە راسپێردراوەكانی پێش خۆیەتی ، ئەم كابینەی بڕیارە پێك بهێنرێ ماوەكەی سنوردارەو بڕیار وایە ئامادەكاری بكات بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە ، گرێ كوێرەی دۆزینەوەو رێكەوتن لەسەر كەسێك ئەم جارەش بكرێتەوە و كازمی بتوانێ بەربەست و رێكنەكەتن و داوا جۆراو جۆرەكانی پێكهاتەكان تێپەڕێنێ ئەوا ساڵی داهاتوو لە هەڵبژاردنی ئایندە عێراق دەگەرێتەوە چوار گۆشەی یەكەم .
 
لەم عێراقە فرە رەنگەدا گونجان و رێكەوتن هەرگیز ئاسان نابێ و كۆكردنەوەی پێكهاتە مەزهەبی و نەتەوەیەكان بەو هەموو جیاوازی و نەگونجانەوە قورس و مەحاڵە ، بۆ ئێستا متمانە بەخشینەوە بۆبەردەوامی كابینەكەی عادل عەبدول مەهدی گونجاوترین بژاردەیە و بۆ داهاتوش لەسەر بنەمای سنوری جوغرافی پێكهاتەكان دەوڵەتی عێراق پێویستی بە دوبارە دارشتنەوە هەیە .

بێستون فایەق


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە