قۆرغکردنی دەسەڵات

09/04/2020

ڕاهی رەهبەر


جگە لە رێکخراوی ناوچەیی و دەوڵەتی، زیاد لە (۱٥) رێکخراوی جیهانی و نێودەوڵەتی یارمەتی هەرێمی کوردستانیان داوە بەڵام بە سیاسەتی تاکڕەوی لە هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازی بارزانی کە گوایە رێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج-نەویستە، گشت یارمەتیەکانی قۆرغ کردووە و بواری نەهێشتۆتەوە بۆ رێکخراوی دیکە. 

تەنانەت ساڵی ۲٠۱۱، دەزگای خێرخوازی بارزانی رێگر بوو لەوەی کە هاوکاری (٥٠٠٠) منداڵی بێ-باوک بکرێت کە رێکخراوێک لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی رێکخراوێکی ناوچەیی بەدەستیهێنابوو، دواجار دوای فشارێکی زۆر هاوکاریەکە گەیانرا بەڵام لە رێی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە گەینرا. لەوێوە پەیتا پەیتا بواری رێکخراوەکان قۆرغ کرا و یارمەتیەکان دەگەینرێتە ئەو دەزگایە و تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی هەر رێکخراوێکی جیهانی و دەوڵەتی کە راستەوخۆ لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن زۆربەی کارەکانی جێبەجێکردنیان دەدرێتە ئەو رێکخراوانەی کە لە سنوری هەولێر بارەگایان هەیە.  

ئێستا دوای بینینی چەندین نمونەی قۆرغکاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی وەزارەتی ناوخۆ-وە نامەیەکی ناردووە بۆ كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان تا یارمەتیەکان تەنها لە رێی دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە بدرێت. ئەمە جگە لە قۆرغکردن و تاکڕەوی دەسەڵات، پێشێل کردنی دەستور و یاساشە وەک یاساکانی ژمارە (۱٥)ی ساڵی (۱۹۹۳) و یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی (۲٠۱۱). سەرەڕای ئەوەش بێهیوا کردنی رێکخراوە بێلایەن و بێکەسی ئەم هەرێمەن. 

داوا لە سەرجەم پەرلەمانتار و میدیاکارن و رێکخراوە مەدەنیەکان دەکەم کە لای خۆیانە فشار دروست بکەن لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رەتکردنەوەی ئەم قۆرغکارییە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە