"رێكخراوی خێرخوازی بارزانی"

09/04/2020

رەحمان غەریب


ئەمڕۆ ئەندامێكی پەرلەمانی لیستی یەكێتی، كەیسی "رێكخراوی خێرخوازی بارزانی" جوڵاند و ناردی بۆ (UNHCR)، لە بەرامبەردا ئەندامێكی پەرلەمانی لیستی پارتی ئەو جوڵاندنەی بە "پێشێلكاری گەورە" وەسفكرد.

لەم واقعە ئاڵۆزەدا، كۆمەڵێك پاڵەوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كادیری پێشكەوتوی حزبی ناو دەسەڵات وئەندامی پەرلەمان وسەرۆكی رێكخراو، یان بۆ شەڕە گەڕەك، یان شارچێتی، یان حزبایەتی، دێنەوە ناو دیمەنەكە، ئەمجارەیان لە شەری رێكخراوەكان دەركەوتنەوە.

ئەمە گەمەیەكی تازە نییە، خەڵكی ساویلكەی ئەم شار دژی ئەویتر بەكاربێت، بەڵام قورسە رێكخراوەكان لەم دۆخەدا بێنە ناو گەمەكە، وەك سوپای یەدەگی حزب " هەندێكیان بە بێئاگایی"، دژ بە یەكتری بجوڵێنرێت.

لەناو زنجیرەیەك رووداوی سەیرو چاوەڕوننەكراودا، پەرلەمانتارو رێكخراو، برسێتی ئاوارەكانی بۆ گرنگ نەبێت، ئەوە گرنگ بێت ئامرازی گەیاندنەكە سەوزە یان زەرد مۆرە یان سور؟

رێكەوت نییە كە لەهەموو قەیرانێكدا، ئاو بوەستێت ئەو جۆرە لەچالاكوانی سیاسی - رێكخراوەیی یان پەرلەمانتار ناوەستن، لەبری بیركردنەوە لەوەی چۆن لە بواری پسپۆری كارەكەیان، رێكخراوەكەیان هاوكاربن لە سوككردنی باری قورسی سەرشانی هاوڵاتییان، سەرقاڵیان دەكەن، بەشەڕی لابەلا.

بەیاننامەی كۆمەڵێك رێكخراوی مەدەنی لەگەڵ رێزم بۆ هەمووان، بەڕووی شاراوەیدا شەڕی حزبایەتییە، بەرووی ئاشكرایش بەناوی بەرژەوەندی گشتییەوە دەكرێت.
یەكسەر وای لێكمەدەنەوە كە مەبەستم ئەوە بێت لە واقعی ئاڵۆزو قەیرانی گەورەدا رەخنەگرتن لە بریاری حكومەت، نوسراوی وەزیرێك پەكبخەین، بە پێچەوانەوە لەهەموو كات زیاتر پرۆسەی رەخنەگرتن لە لە هەموو لایەنەكانی حوكمڕانی، نەك پێویستەو مافە، بەڵكو ئەركە.

بەڵام گرفتی ئەم جۆرە لە گەلەكۆمەكی رێكخراوەیی دژ بە رێكخراوێك كە ئێستا ئامادەبوونی بەهێزی هەیە بۆ كۆمەكی هاوڵاتیان بە گشتی ئاوارەو پەناهەندەی ناو خێوەتگەكان بە تایبەتی، روحی هاوپشتی لاواز دەكات، كە لەو بارودۆخە هەموو جیهانی بانگەشەی بۆ دەكات.

بەڵێ "رێكخراوی خێرخوازی بارزانی" باشترین نییە لەناو ئەو رێكخراوانەی خزمەتی گشتی پێشكەش دەكەن، نەدەبوو وەزیری ناوخۆ ئەو "ئیمتیازە"یان بداتێ، بەڵام دەكرا وەك حاڵەتی كتوپڕی ئەم بارودۆخە تەماشابكرێت، كە ئەوان لەبەر هەر هۆیەك بێت، لەناو خێوەتگەی ئاوارە تیمی ئامادەی دابەشكردنیان هەیە.

رێكخراوەكانی دونیا، لەپاڵ چاودێری ئەدای حكومەتەكانیان سەرقاڵی كەمپینی گەوەرەن بۆ رووبەروبونەوەی هەژاری، بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی، ئازادكردنی رۆژنامەنووس چالاكوانە بەندكراوەكان، هاوپشتی پلانەكانی خۆپارێزی، بەرگری لە مناڵ وكەسانی بەتەمەن وخاوەن پێداویستی تایبەت، بەرەنگاربونەوەی هەواڵی درۆ، فراوانكردنی فەزای مەدەنی و بایەخدان بە ئاژەڵ وژینگە و.. زۆری تر، نەهاتوون بە حكومەتەكانیان بڵێن لەگەڵ كێ كاربكات و كێ بخاتە لیستی رەشەوە، خەمی بردنەوەی جەنگەكەن، نەك بردنەوە پرۆژە بۆ رێكخراوەكانیان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی