بۆ بابەكر دڕەیی.. پەیوەندی نەوت و تەماتە

23/05/2020

سەردار عەزیز

چونكە هیچ توێژینەوەیەكی ئابوری و ئابوری سیاسی و ئەنترۆپۆلۆژیم دەست نەكەوت، لە بارەی پەیوەندی نەوت بە كشتوكاڵەوە لە كوردستان، ناچارم خۆم لە ئەزمونی خۆمەوە، ڕوانگەیەكی ئەنترۆپۆلۆژی داڕێژم.

با وا بێژین من ناوم حەمە ساڵەحە و خەڵكی گوندی گڵاڵكەوەم لە گەرمیان، لە قەراخ سیروان. [كەس نەیەژی گڵاڵكەوە لە قەراخ سیروان نیە، بۆ خوا هیچی پێ ناچێت]. ژنەكەم ناوی نەسرینە و دوو كوڕەكەم ناویان بیلال و گرامشییە.

بە هۆی قانونی ئیسلاح زەراعیەوە، تەنها دۆنمێك عەرزم هەیە و دەمەوێت بیكەمە تەماتە. { با لەیرا باسێكی ئیسلاح زەراعی بكەین، ئایا ئەم یاسایە بۆچی دەرچوو، ڕەنگە كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەبێت، ئەوەی لە بەعس ڕامابێت دەزانێت كە بەعس حیزبێكی فەلاحی بوو، حەنا بەتاتە كتێبێكی باشی هەیە لە سەر بەعسی سوریا لەم ڕوەوە، بەڵام عەزمی بشارە لە قەتەر پێی ووتم، قانونی ئیسلاح زەراعی دەرهاوێشتەی شەڕی ساردبوو، هەتا خەڵك پەیوەست بكات بە خاكەوە و نەبێتە كرێكار و نەبێتە سوتەمەنی دروشمەكانی حیزبی شیوعی سۆڤیەتی}.

بەڵام دەرئەنجامی یاسای چاكسازی كشتوكاڵی ووردكردنەوەی پارچە زەوییەكان و لە ئەنجامدا كورتكردنەوەی لە كردنی بە سەرچاوەیەكی داهاتی سنوردار، بەم شێوەیە، كەڵەكەكردن و بە پیشەسازیكردن لە پرۆسەكە دەچێتە دەرەوە.

با بگەڕێینەوە سەر دۆنمە ئاوییەكەم لە قەراخ سیروان، بۆ ئەوەی تەماتە بچێنم، دەبێت تۆ و یان شەتڵ بكڕم، زەوی بكێڵم، گۆلی ببڕم، بۆ ئەمە پێویستم بە تەراكتۆرە یان بە كرێی بگرم، ئینجا پێویستم بە ماتۆڕی ئاو و هەروەها گازە، بۆ ئیش پێكردنی. هەموو ئەمانە تێچونن. ئەمە ئەگەر هەموو كارەكەی تر خۆم و مناڵەكانم بیكەین.

با ئەوەی لە بیربكەین كە بۆ بەرهەمهێنانی یەك كیلۆ تەماتە لە هەرێم، بەو مۆدێلی تەقلیدی ئاودانە، پێویستت بە ١٨٠ لیتر ئاوە، كە بڕێكی زۆر و گرانە، ئەگەر بە پارە بێت.

هەموو ئەم تێچونانە ، لە گەڵ دەرمان و پەین و كاری تریش. كاتێك تەماتە پێدەگات، تەماتەی ئێران و توركیاش پێدەگات. تەماتەی ئەوان بە هۆی جیاوازی نرخی دراوە وە هەرزانترە، بۆیە ئەگەر ڕێگریی نەكرێت یان باجی زیاتری لە سەر دانەنرێت ئەوا تەماتەكەی من تڕۆ دەبێت. ئەگەر من دوو تەن تەماتەم هەبێت ملیونێك دینارم دەست ناكەوێت.

ئایا خۆم و نەسرین و بیلال و كاكە گرامشی چۆن بە ملیونێك ئەژین؟

ئەمە پرسی ئاڵۆزی كشتوكاڵە. ئەگەر بمانەوێت كشتوكاڵ لە سەرچاوەی خۆراكی خێزانەوە بگۆڕین بۆ سەرچاوەی داهاتێكی نیشتمانی ئەوا پێویستمان بە چەند هەنگاوی سەخت هەیە كە لە ئەنجامدا دەرئەنجامەكەی ئەوەندە نابێت.

كشتوكاڵ لە كوردستان سەختە چونكە: دەستی كار گرانە، بەهای دراو بەرزە، ناتوانرێت كێبڕكێی وڵاتانی تر بكات، بەو مانایە ناتوانرێت هەناردە بكرێت. بۆ ئەوەی بكرێتە سەرچاوەیەكی ناوخۆیی ئەوا دەبێت سیستەمێكی ئابوری جیاواز بهێنرێتە ئاراوە. ئەمڕۆ خۆراك و كشتوكاڵ لە دونیادا بە دیدی جیاوازەوە دەبینرێت. ئایا جۆر گرنگە یان نرخ، ئایا خۆماڵێتی گرنگە یان بەردەستی، ئایا تەندروستی گرنگە یان نرخ؟؟؟ زۆر پرسی تر.

بۆ ئەوەی كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەی داهات دەبێت ئاگایی و ئابوری و سیاسەتی حكومەت و جوتیاریی بگۆڕین. یەكێك لەو بوارانە دەستپێكردنی كشتوكاڵی ئۆرگانیكە. لە ئەوروپا خەڵك پارجە زەوی سنوردار بەكار دەبەن بۆ كشتوكاڵ ئۆرگانیك، كە جۆری باشە بەڵام نرخی گرانە. لە كوردستان دەكرێت ئەمە بكرێت و ڕێگایان پێبدرێت كە شوێنی فرۆشتنی تایبەتی خۆیان هەبێت. مۆڵەكان كشتوكاڵیان كوشت، ئابوری هاوردە، ئابوری نەوت. زۆری بواری تر. بۆیە كاتێك بیر لە كشتوكاڵ دەكەینەوە، نابێت وەها بیربكەینەوە كە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژگارێك كە لە ڕابوردودا هەبوو. داهاتوو دێت، بەڵام ڕابوردوو ناگەڕێتەوە.

سەردار عەزیز


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی