وتارەكەی سەرۆكی پەرلەمان وەك بەڵگەی شكستی حكومەت

26/05/2020

نیاز عەبدوڵڵا

حكومەتی بێ یاسای بودجە واتا نەبوونی شەفافییەت و دیموكراسی و هەبوونی گەندەڵی و میلیشیا و چەتەی سیاسی و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و سیاسەتی برسیكردن. 

كابینەكانی هەشت و نۆ-ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ یاسای بودجەبوون، هێنانی دیلۆیت و یاسای قەرزی مایەی پەرلەمانی كوردستانیش نەیانتوانی بۆشایی نەبوونی یاسای بودجە پڕ بكەنەوە و پرسی شەفافییەت چارەسەر بكەن.

بەشێوەیەكی نزیك لە رەها، داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە نێوان كەرتی نەوت و داهاتی وەزارەتەكانی تر نادیاربووە، هاوكات سەرچاوەی ئەو قەرزانەش بە نادیاری ماونەتەوە كە حكومەتی هەرێم بە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار هەژماری دەكات، ئەمە جگەلە زۆری بڕی سووی بانك و جۆر و شوێنی وەرگرتنی قەرزەكان گومانی سپی كردنەوەی پارە یا هێنانە ناوەوەی پارەی خودی بەرپرسەكان و گواستنەوەی لەنێوان بانكەكان بەكراوەیی هێشتۆتەوە، بەهۆی زانیارییە گوماناوییەكان و ناشەفافییەتی حكومەت.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە یەكەم وتاری هەفتانەیدا، بەپێی بەڵگە یاساییەكان دەیسەلمێنێت حكومەتی هەرێم وەك شێوە گرووپێكی دزی رێكخراو مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی « قەرزی ٢٧ملیار دۆلار »ەكە كردووە.

ئەو زانیاریانەی خودی د.رێواز فایق خستوویەتییە روو بە زیادەوە بەشی ئەوە دەكەن سەرۆك حكومەتی پێشوو(سەرۆك هەرێمی ئێستا) رووبەڕووی لێپرسینەوە ودادگاییكردن بكرێتەوە و، سەرۆك حكومەتی ئێستا و جێگرەكەی و تیمەكەیان متمانەیان لێوەربگیرێتەوە لە پەرلەمان.

-لە دۆخێكدا حكومەتی هەرێم خۆی چۆنییەتی یاسایی بوون و شەفافییەتی قەرزەكانی پێ نەسەلمێندرێت، چۆن دەتوانێت داوا لە حكومەتی عێراق بكات قەرزەكانی هەرێم بداتەوە؟!

لە كاتێكدا دەسەڵاتی راستەوخۆی قەرز و رێكخستن و وەرگرتنی لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە.

نیاز عەبدوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی