فەرمانبەران.. ئەو بەڵگەیە بۆ ئێوەیە

27/05/2020

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم

یەكەم جارە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بەڵگەیەكی ڕاستەخۆی مافە خوراوەكانیان دەست بكەوێت ، ئەو مافە خوراوەی ناونراوە (پاشەكەوت) ، بوو بە قەرز بەسەر حكومەتی هەرێمەوە ، بە دانپیانانی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 26/5/2020.

گرنگترین هەنگاو لە وەرگرتنەوەی قەرزدا، بەڵگەی نوسراوە بۆ سەلماندنی، ئێستا حكومەت ئەو بەڵگەیەی بە دانپیانان ڕاگەیاندووە، ماوەتەوە فەرمانبەران‌و موچەخۆران داوای بە دۆكیومێنتكردنی ئەو قەرزە بكەن، هەر فەرمانبەرەو لە ڕێگەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیكەی تا دەگاتە ئاستی وەزارەتەكانیان ، بە نوسراو داوای بەڵگەی ئەو قەرزە بەزۆر لێسەندراوەیان بكەن.

پێویستە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم ئەو ڕاستییە بزانن كە لە ئایندەیەكی نزیكدا و بەیاسای نوێی (چاكسازی) جۆرێكی نوێ لە دابڕینی موچە دێتە ئاراوە ، بەڵام جیاوازی ئەم دابڕینە لەو لێسەندنە زۆرەملێیەی پێشتر كە ناونرابوو (پاشەكەوت) ئەوەیە ، ئەم لێبڕینە بە یاسایە ، بەڵام ئەوەی پێشتر بە بێ پاڵپشتی یاسا ، بە زۆرە ملی وتاكڕەوی بوو .

ئەگەر ئەو قەرزە بە زۆر لێسەندراوەی فەرمانبەران لە ئێستا بە بەڵگە نەكرێت ، ئەوا ئەچێتە پاڵ ئەو لێبڕینانەی كە لە مانگەكانی داهاتوودا ڕووئەدەن ، ئەوكات سەرجەم لێبڕینەكان تێكەڵ ئەبن و پاڵپشتی یاساییان دەبێت .


ناتوانم بزانم ئەو دانپیانانەی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمەبەست بووە یان بێ مەبەست ، بەڵام بەڵگە یاسایی مافی خوراوی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی بە درێژەی چوارساڵ درا بەدەستەوە ، ماوەتەوە بە دۆكیومێنت بكرێت ، بەر لە بەركاركردنی یاسا نوێیەكەی لێبڕینی موچە . 

پێویستە فەرمانبەران ئەو بەڵگەی قەرزەیان بەدەستەوە بێت ، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە وەرگرتنەوەی مافەكانیان لەهەر ئایندەیەكی نزیك یان دوور ، لەهەر دەسەڵاتێك ، نێودەوڵەتی بێت یان فیدرالی ، هەرێمی بێت یان پارێزگا .

سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی