تۆ کە دەچیتە چێشتخانەیەکەوە، لیستێک خواردن دەخرێتە بەردەستت و بە ئارەزووی خۆت لێیان هەڵدەژێری. تا لە چێشتخانەکەی بەردەوام خزمەتکارێک خواردنەکانت بۆ دەهێنێ و چیترت پێویستبێ دەیخاتە بەردەمت.
لە بری ئەو حزمەتگوزارییانە تۆیش پارە دەدەیت
2
تۆ دەچی بۆ قەرەباڵخییەک کە خێرۆمەندێک یان رێکخراوێک خێر دەبەخشێتەوە، سەرە دەگری تا دوو مشت نیسک و دوو زەیت و چەند کیلۆیەک برنج و ئاردت پێدەدەن. زۆر شوکرانەبژێری و دەگەڕێیتەوە. بەڵام لێرەدا چونکە پارە نادەیت خێروسەدەقەت پێکراوە، مافی هەڵبژاردنی هیچکام لە خواردنەکانت نییە.
هەردوو جۆرەکە ... چ چێشتخانەکە و چ خێروسەدەقەکە... ژیانە، بەڵام لە یەکەمیاندا سەربەرز و بێ مننەتانە دەژی چونکە باج و رسومات دەدەی، لە دووەمیاندا تۆ سواڵکەری و زۆر زەلیلانە دەژی چونکە هیچ نابەخشی، مافی هەڵبژاردنت نییە.
ئێستا بەراوردی ژیانی خۆت بکە وەکو هاوڵاتییەک، ئایا لەو وڵات و شارەی دەژی، چەندە ئامادەی باج و رسومات بدەیت و بێ مننەتانە داوای ژیان و کەرامەت بکەی یان سەرەت گرتووە بۆ مشتە نیسک و دوو زەیتەکە و مافی هیچ ئیختیارێکت نییە بێجگە لەوەی بۆت خراوەتە ناو کیسەیەک نایلۆنەوە؟
من ئیعتراف دەکەم زۆربەی هاوڵاتیانم و دەوروبەرەکەم لەو پێڕەن کە ئامادەن بە حەفتە سەرە بگرن بۆ سواڵ و سەدەقەی دەبەیەک نەوت یان دوو کیسە نۆک و نیسک، بەڵام هەرگیز ئامادەنین بۆ حەقی رەوای خۆیان بێنە دەنگ. یان پێیان شەرمە بێنە سەرجادە و سەرە بگرن بۆ سەندنەوەی مافی خوراویان.
باج و رسوماتی هاوڵاتیبوون پابەندبوونە بە قانوون، پاکڕاگرتنی شار، رێزگرتن لە هاوڵاتی و هاوشارییەکانت. کە ئەمانەت هەبوو تۆ هاوڵاتییەکی بە دەگمەن حوکمڕانەکان دەتوانن مافت پێشێل بکەن و بە کەمت بزانن، بەڵام کە ئەمانەت نەبوو دڵنیابە هەمیشە لە ریزی ئەوانەدای کە خێرت پێدەکرێ و مافی هاوڵاتیبوونت هەمیشە لەژێر خەتەردایە.