لە دوای جەژن چی دەبێت؟

27/05/2020

فارس نەورۆڵی

ئەگەر لەپێش ڕاپەڕین کەوتنەکانی کورد لە ئەستۆی داگیرکەران و زلھێزەکاندا بوبێت، ئەوا لەدوای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمەوە پشکی شێری ھەرکەوتنێک لە ستۆی کورد خۆیەتی، چونکە دەرەوەی ماڵی کورد دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد ڕەخساند بوو، ھەروەھا ھەل و مەرجی ناوچەکەش لەباربوو بۆ ئەوەی کورد خوی بدۆزێتەوە ھەمیشە وابووە ناتەبایی نێوماڵی کورد خۆیەتی دەرفەتەکانی لەدەستداوە، چونکە لە بری گفتوگۆ بۆ چارەسەری ناکۆکیەکان ھەوڵمانداوە کێشەکان بخیەینە ئەستۆی ئەوی دیکە، ئەمەش بۆ لاوازی ھونەری تێگەشتنی ناوخۆمانە، ھەمیشە لە بری حاڵیبون بەدحاڵیبون کاریکردوە.


ئەگەر سەیری مێژووی حکومەتی ھەرێم بکەین، لە دروست بونییەوە تا ئەم چرکەساتە بە قۆناغی زۆرسەختدا تێپەڕیوە، سەرەڕای ئەم سەختیە کاری گەورەیان کردوە، بەدڵنیاییەوە کەم و کورتیش ھەبوو، چونکە ئەوەی کاری گەورە دەکا ھەڵەش دەکا، ئەوەی ھەڵە ناکات ئەوانەن کە کارناکەن، بۆیە نابێ لایەنگیری کوێرانە لەوانە بکەین کە دژی ئەزمونی کوردی دەبنەوە، لەھەمانکاتدا نابێ لە ڕەخنەی بونیادنەر بێدەنگ بین.


لێرەدا کە ئەم بۆچونانەم ھەیە ھەندێ خوێنەر مافی خۆیانە بڵێن بەپێوەری ژیانی خۆی دەیپێوێ بۆیە وابەرگری لەودۆخە دەکات، بەڵام لەڕاستیدا وەک کۆمۆنیستەکان دەیان گوت کرێکاران چی زەرەر دەکەن، جگە لە زنجیرەکانی دەستیان، منیش ھیچ زەرەر ناکەم، جگە لەدەستدانی خاک نەبێت.


ئایا دەزانن لەدەستدانی خاک لەدەستدانی کەرامەتە، بۆیە لێرەدا لەتەک ھەموو ڕەخنە و توڕەبونێکی خەڵکدام، چونکە ئەوان ڕۆژانێک ئازیزانیان کردوەتە قوربانی بۆ نیشتیمانەکەیان بۆیە نازیشیان بەسەر حکومەتەکەیانەوە ھەیە، بەڵام گرنگە ئەقڵ ئاراستەی ئەم توڕە بوونە بکات، ڕاستە حوکمڕانی کوردستان بێکەم و کوڕی نەبووە، بەڵام لەنێوان ئەم ڕاست وھەڵەیەدا پیلانی زۆر خۆی حەشارداوە، دەبێت وردتر گەمە شەیتانیەکانی دوژمن بیخوێنینەوە، کە ئامانجیان سڕینەوەی ئەم جوگرفیایەیە کە ناوی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، ئێمە نەتەوەیەکین ئەوەندە.


کارلەسەرمانکراوە لەمەزەندە کردندا نیە، ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر کوردا سەپێنراوە لە مێژوی ستەمکاری کلاسیکدا بونی نەبوە، نزیکترین چیرۆکی ستەمکاری بھێنە پێش چاو، جوگرافیایەک بەدوژمن چوار دەوری درا بێت، داعش پەلامارت بدات، بەغدا موچە و بوجە ببڕێت، دواتر ڕوداوکارەساتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر بەدوادا بێت، ئەم چرکە ساتانە لە سیاسەتدا پێی دەوترێت مەئزەق واتە لە دوڕیانێکدای بڕیار وەرگرتن قورسە.


لەم دۆخەدا پێویستی بەکارەکتەرێکە کە بتوانێ لەم عەدەمەدا، لەم بێ ھیواییەدا ھیوا دروستکاتەوە، ئەو کارئەکتەرە چ ڕێ و ڕێسایەک لەبەرچاو بگرێت، بۆئەوەی بزانێ چیبکات ؟ ئەمەش دەبێ کارەکتەر ھونەری تێگەشتنێ ھونەرمەندانە بێت، چونکە ھونەرمەند کاتێ تابلۆیەک دەکێشێ دروست وەک ئەوتاپۆیەی کە ھەیە تابلۆکە دەنەخشێنێ و زیادەڕەوی بەقەڵەم و فڵچەکەی دەستی ناکات، ئا لێرەدا کارەکتەرێک ھونەرمەندانە بیرەکانی دەخاتە جوڵە و بیر و کردارپێکەوە گرێ دەدات، دەڵێت ڕاستە سیاسەت ھونەری مومکینە، بەڵام بەگەڕانەوە بۆ فەلسەفەی سوکراتی کە وتی 'بۆکردەی سیاسەت بە پلەی ئیمتیاز سیاسەت ھونەری موستەحیلاتە' واتە سیاسەت موستە حیل دروستدەکات. 


بەتێگەشتن لەو تێزە سوکراتییە، نێچیرەوان لەودۆخە مەئزەقییەدا لەکایەی دبلۆماسی و ژینگەی دەرونی و جەنگی ئابوری و ھەواڵگری کە دژی کورد بەڕێوە دەچوو، موستەحیلاتی خولقاند، ھەرێمی لە لێواری کەوتن ڕزگارکرد، ئەوکردار نواندنە ئەگەر بە فیلم سەیرمان کردایە دەمان ووت ئەوە ئەقڵ نیە بۆ دەرھێنەرەکەی ئەم ھەموو موجازەفەیە و کۆکردنەوەی بیر و کردار توانی نەھێڵێ  فیلمەکە بە تراژیدیا کۆتایی بێت.


ئێستاش کە لە دۆخێکی ھەستیار پڕ مەترسیداین ھەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێ و  ئومێدێک ھەیە کۆبونەوەی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا لە دوای جەژنەوە ئومێد بەخش بێت کەواتە لێرەدا دەبێت لایەنەکان خۆیان لە ڕق بەتاڵبکەنەوە بە سایکۆلۆژیای سەردەمی گرژییەکان نەچنە کۆبونەوەکانەوە، چونکە شەپۆلەکان بەویستی ئێمە ھەڵ ناکەن ئەگەر نەزانین کەشتییەکە چۆن ئاراستە بکەین ئەوا نوقم دەبێت، کە نوقمیش بوو ھەموو پێکەوە دەخنکێنین بۆیە تا کار لە کار نەترازاوە پێویستە لە دۆخی گشتی ناوچە و توڕەیی ناوخۆمان تێبگەین، تێگەیشتن لە توڕە بوونی ناوخۆمان بەشێکە لە ڕاگرتنی بالانس لێرەدا ئەسڵی فەلسەفەی سیاسی، قسەکردن و تێگەشتنە لە دۆخی توڕەبون.


لەبەرامبەر ئەم توڕەبونەدا، نابێ سیاسیەکان کاردانەوەی نەرێنیان ھەبێ و ئیستقلالی توڕە بوونی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئاراستە بکەن، بەڵکو دەبێ مەدەنیانە و دووربینانە مامەڵە لەگەڵ توڕەبوندا بکەن، ئەمەش تەنھا بەکارەکتەرێک ناکرێت ھەرچۆن لە یاری تۆپی پێدا بردنەوە تەنھا لە ئەستۆی سەرۆک تیپ نیە، بەڵکو گرێدراوە بەنەخشەی پاسدانی یاری چیەکان بەیەکتر. 


دروست ئەم دۆخەی ھەرێمی کوردستان وەک گۆڕەپانی تۆپی پێ وایە و کوردیش ژمارەیەکە لە نێو یاری ناوچەکەدا بۆیە لە بری ئیرەی پێویستە پاس بەیەک بدەین، کەواتە کۆی کۆمەڵگای کوردستان لەھەموو ئاستەکاندا  سەرەڕای توڕەبون و ڕەخنەکانیان وا باشە بیربکەینەوە کە چۆن عەقڵ توڕە بونەکانمان ئاراستە بکات، ئەگینا چیرۆکی کەشتیەکەی تایتانیک لای ئێمە دووبارە دەبێتەوە دواتر ھیچ شتێک دادمان نادات ئەم نوسینەم تەنیا ڕای خۆم نیە، بەڵکو لە ئەنجامی بەریەککەوتنەکانمە لەگەڵ شەقام و ڕۆشنبیران و دڵسۆزان و ئەقڵمەندان کە ھەموویان ئومێدەوارن و چاوەڕوانن سەرۆکی ھەرێم جوڵەکانی خێراتر و چڕتربکاتەوە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکاندا بتوانن بە ھەموو لایەک باری کەوتووی کورد ڕاستبکەنەوە ئەمەش بەوە دەبێت ھەموو لایەک باجی ئاشتەوایی بدەن، چونکە ھەندێک جار باجی ئاشتی و ئاشتەوایی بەقەدەر باجی شەڕ قورسە، ئەگەر ئەم ھەنگاوانەمان نا ئەوا وەڵامی ئەو پرسیارەی خەڵک دەدەینەوە کە دەپرسن دوای جەژن چی دەبێت و کوردستان لە میحنەتە گشتییە دەرباز دەکەین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی