ئەوانەی هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەكانن

31/05/2020

زاهیر باهیر

كۆرۆنا كە قەیرانێكی ئابووریی قووڵی دروستكردووە و بریتانیا لە دوای ساڵی 1932 وە بەخۆیەوە نەبینوە هەر وەكو هەمو قەیرانەكانی دیكە زیاتر لە سەری كرێكاران و هەژاران و خەڵكانی ئاساییدا شكاوەتەوە و دەشكێتەوە.  هەمیشەش لە قەیران و جەنگەكانا ئافرەتان و پیر و پەككەوتە و منداڵان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییەكانەوە بوون.

ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی كۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە هەمووان ئافرەتانن كە پشكی شێری ئەم قوربانییە پێكدەهێنن نەك لەیەك لاوە بەڵكو لە زۆر لایەنەوە.

لە كاتێكدا كە یاسای یەكسانی لە كرێ و موچەدا لە بریتانیا لە 29/05/1970 بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود كرێی كە لە نیوانی ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا هەیە وردە وردە بنەبڕ بكردایە، كەچی پاش 50 ساڵ هێشتا لە زۆربەی شوێنەكانی سەركاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا 15 هەر ماوە.

لە قەیرانە داراییەكەی 2008 دا كە هەتا دەستپێكردنی كۆرۆنا-ش لە بریتانیا هەر بەردەوامبوو، لە سەدا 86 ی كارایی بڕینی بیمەكان و دەركردنی كرێكاران لە كارەكانیان، لەسەری ژناندا شكایەوە.

هاتنی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی كە لە 50 ساڵی رابوردوودا كرا، لەوە دەكات گەر هەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری لە دەستبچێت.

ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و كۆفی شۆپ و چێشتخانەكان و هۆتێلەكان و شوێنەكانی بەشی گەشتیاریی و هێڵەكانی فڕین و  خزمەتگوزارییدا لە سەدا 67 كۆی پیاوانی كرێكاران پێكدەهێنن، لە كاتێكدا كە كۆرۆناش  ئەم بەشەی زۆر باش كوتاوە  لەوە ناكات هەتا بەهاری ساڵی ئایندە، 2021 ، دۆخەكە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، كەواتە لێرەشدا  هەر ژنانن كە باجی گەورە دەدەن.

ژنان لە بەشەكانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی دایەنگاكانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوك] كاری سەرەكی دەكەن.  هەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوك، ڕیژەی كاركردنی  ژنان لە سەدا 97 .  بەشێكی ئەمانەش كارەكانیان لەدەستدەچێت پاش ئەوەی كە دایكانی ئەو ساوا و منداڵانە لە كارەكانیان دەردەكرێن یاخود ناچاردەكرێن كە كارەكانیان بەجێبهێڵن ئەو كاتە خۆیان ئاگایان لە ساوایان و منداڵەكانیان دەببێت.

كولتوری خاوەنكار لە كەرتی تایبەتیی-دا ، نادەوڵەتیی، وایكردووە كەمتر ئافرەتانیان وەرگرتووە، كاتێكیش كە وەریشیان گرتوون بە پارەی كەمتر لە پیاوانی هاوەڵكاریان، بووە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوكمی بوون بە دایك یا دیكبوونیان ئەگەریی لەسەر كار دواكەوتنیان هەیە ، دووگیان دەبن ، منداڵیان نەخۆش دەكەوێت ، توندووتیژییان بەرانبەر بەكاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەركار و بەرهەمهێنانی كەم .  لەم ساتە وەختەشدا باشترین بیانوو هەیە بۆ خاوەنكار كە ژنان لەسەر كار دەركەن ، یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی نوێ، ساڵانە 54000 ئافرەت هەر بەو هۆكارانەوە لەسەر كارەكانیان دەردەكرێن.

توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێكی ئاسایی هەفتەی لە 2 بۆ 3 ئافرەت لە لایەن هاوژینەكانیانەوە، یاخود برادەرە كوڕەكانیانەوە یا لە لایەن كۆنە مێردو كۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەكانیانەوە، دەكوژرێن .

لەم سەردەمی كۆرۆنایەشدا بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو وەختێك زیاتری كردوە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی فەرمی ڕۆژی 09/04  لەو كاتەوەی كە كۆرۆنا دەستیپێكردوە ڕێژەی پەیوەدنیكردنی ئافرەتان بە هێڵی هاوكاریی و كۆمەكپێكردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی كە بەرانبەریان بەكارهێنراوە،  بە ڕێژەی لە سەدا 26.88 لەچاو پێشترا زیادیكردووە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی دیكە لەوەتی كۆرۆنا هاتووە لە سەدا 47 ژنان كارەكانیان لەدەستداوە و لە سەدا 14ی دیكەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە موچەی لە سەدا 80 ی سەر كاریان ، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر كارەكانیان كەمە.

لە سەدا 69 ئەوانەی كە كار دەكەن و موچەكەیان كەمە ژنانن، كە تەنها یەك لە دە كەسیان دەتوانن لە ماڵەوە كارەكانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی دیكەیان كارەكانیان وەكو كاری پاككردنەوە و كار لە باڕ و دووكان و سوپەرماركێت و شوێنەكانی دیكەدا  و شۆفێری پاس و كاری شەمەنەفەرەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی ، دەبێت ڕۆژانە لەسەر كار ئامادەبن ، ئا لەم بارەشدا كە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەكانی سەركار داخراون، بەشی زۆری ئەوانیش كاریان نییە.

ئەمانە هەمووی بەڵگەن كە قوربانییەكانی دەستی هاوردەكانی كۆرۆنا، بەشی هەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن كۆرۆنا ڕێسەكەی 50 ساڵ لەمەوبەری لە بریتانیا كردەوە بە خوریی.

زاهیر باهیر 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی