بۆچی خەڵك گومانییان لە ئامارەكانی كۆرۆنا هەیە؟

02/06/2020

ھاوڕێ مەلا ستار

پاش راگەیاندنی كەرەنتینەیەكی دیكەی شەش رۆژە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، تای نیگەرانییەكانی خەڵك بەرزبوونەتەوە، 

سەرباری ئەوەی بەندە بۆ خۆم بە گومانم لە تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرە لەماوەی 24 كاتژمێردا، چونكە لەگەڵ بەشێك لەو بەناو توشبوانەی گەرمیان ‌ راستەوخۆ قسە و گفتوگۆم هەیە و بەوپەڕی نیگەرانییەوە باس لە ئەنجامەكانییان دەكەن و رەتی دەكەنەوە بەهیچ جۆرێك یەك نیشانەی تووشبوونیشیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەبێت، و ھەمووشیان لەژورێكی خەستەخانە دەستبەسەر كراون، بەبێ پێدانی ھیچ جۆرە چارەسەرێكی تەندروستی
هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی ئەم كەسانە كە رەتی دەكەنەوە تووشبووبن ژمارەیان یەك كەس و دوو كەس نییە، 

بۆیە ئێمەش سەرباری ئەوەی كەمەترسێكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر جیھان ھەست پێ دەكەین، وەلێ گومانمان لەم ژمارانەش هەیەو دەبێت حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەزووترین كات ئەمە یەكلاییبكەنەوە،  چونكە بەڕاستی هاوڵاتی لەگومانێكی قوڵدایە لە تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرە و ئەمەش وایكردووە زیاتر دووربكەوێتەوە لە پابەندبوون بە رێنماییەكان، نەبوونی متمانە بە حكوومەت كارەساتی دروستكردووە، ئیدی ئەوە حكوومەت خۆی دەزانێت ئەو متمانەیە چۆن دروست دەكات، بێدەنگ بوونیشی لەسەلماندنی راستییەكان گومانەكانی خەڵك و ئێمەش لە ئامارەكان زیاتر دەكات.

خەڵك لەكاتێكدا كە بە چەند مانگێك مووچەی پێنادرێت، كرێكارێك، حەماڵێك، دەستگێڕ و عەرەبانچی و كرێچی و خاوەن دوكانێك كە چەندین مانگە لە كار و كەسابەت دووركەوتووەتەوە پێویستی بە پارەیە، بە ژیانە، بە ئیشوكارە بۆ ئەوەی بژییت، بەداخەوە حكومەت رەنگە وا تێگەیشتبێت خەڵك بەخۆڵ خواردن دەژیین، بۆیە لەمەدا زۆر كەمتەرخەمە و دەبوو بیری لەدابینكردن و گەرەنتیكردنی ژیانی خەڵك بكردبایەتەوە ئینجا بێت و كەرەنتینەی دیكە بسەپێنێت، ئەمە قبوڵكراو نییە دەرهەق بەخەڵكی بەشمەینەتی كوردستان.

ئێمە كە لەناو خەڵكین و زۆرێك پێیان وایە حكومەت لەترسی خۆپیشاندان ئەو ئامارانە بەرز دەكاتەوە خەریكە دەمانگەیەنێتە قەناعەت كە حكوومەت لەترسی خۆپیشاندان و لە بێ پارەییدا بڕیار دەدات خەڵك لەژوورەوە زیندانی بكات.

ھاوڕێ مەلا ستار
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە