خۆپیشاندانی نیوەشەو

02/06/2020

عەزیز ڕەئووف

هاتنە سەر شەقامەكان لەشەودا زیاد لە مانایەك لەخۆ دەگرێ:
یەكەم: ئیدی داواكاری ڕووناك بوونی نیە و دۆخەكە پێویستی بە كەمێك تاریكی هەیە وەك ئەوەی ئەم نەوەیە لە شەقامەكان پێمان بڵێن دۆخی ئێستای كوردستان لە داخوازی و پاكێج و داواكاری لە حكومەت سودی نەماوە و كەمێك تاریكی و جوڵەی ژێر زەمینی پێویستە.

دووەم: ئەوەی لەسەر سەقامەكانن كاسبكار و ئەوانەن كە هیچ موچەیەكیان لە حكومەت نیە، ئەم چینە ڕادیكاڵتر و بەرپرسیارترن لە قات لەبەر و بۆبنباخ لەملەكانی زانكۆ و دامەزراوەكان. كۆنترۆڵكردنی ئەم چینە ئاسان نیە و چونكە كارمەندی حكومەت نین بە هاتنی موچە كەمێك بێدەنگ بكرێن. 

سێیەم: ئەم چینە لەسەر شەقامەكان چیتر پێویستیان بە ڕۆشنبیر و هێزی سیاسی شارە گەورەكان نیە و لە شارۆچكە و قەزاكانەوە دەستیان پێ كردووە. داواكاری ئەم چینە لە خۆپیشاندەری نیوەشەو ڕادیكاڵتر و دەنگیان دلێرترە بەوەی كە ئاسان نیە ڕام و بێدەنگ بكرێن. داخوازی ئەم چینە نان و كارە. كە نانی تێكەوت چیتر كۆنترۆڵكردنی دۆخی لەم شێوەیە ئاسان نیە.

خۆپشاندانی نیوەشەو گەرمترە، دەتوانین بڵێین كەمێك ڕوناكتر.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی