نوێبوونەوە.. نۆرمالیزەبوونەوە

02/06/2020

جەعفەر عەلی

ئەم میللەتەی ئێمە، ئەوانەی بە خاتری بەرژەوەندی شەخسی و پۆست، بەر لە حیزبەكانیان، بەر لە دەرەوە، خەریكی فریودانی دیوی ناوەوەی خۆیانن، كاتێك یادی سەركردەیەكی سیاسی، یان دامەزراندنی حیزبێك دێتە پێش، یەك دونیا وشەی رەنگاوڕەنگ و دروشمی قەبە و زل بە دوای یەكدا ریز دەكەن.

جارێك عەدالەتی كۆمەڵایەتی، جارێك بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی، جارێك دیموكراسی و ئاوەدانی، جارێكی دی مافی مرۆڤ و گۆڕان و كوردستانێكی بەھێز و سەربەخۆیی و نوێبوونەوە و .... ھتد.

دروشم ھیچ نییە، چونكە حیزبە بچووك و پەراوێزییەكانیش دەتوانن دروشمی زل و قەبە بەرزبكەنەوە و كردووشیانە. ئەوانەی ئەم دروشمە زل و بریقەدارانە بۆ خوارەوەی خۆیان، بۆ دامێن و پەراوێزی دەسەڵاتیان شۆڕ دەكەنەوە، پێیاندەڵێن سەركردەی سیاسی، قائید! لە نێوان لوتكە و دامێندا، ئەوان ھەمیشە لە لوتكە و خەڵك و رێكخستنیش لە دامێن. ئەوان قسە دەكەن و خوارەوە ئاقڵ ئاقڵ گوێ دەگرن.

گوێگرتن كارێكی پۆزەتیڤە، بەڵام ھونەر و شێوازی خۆی ھەیە، مرۆڤ نابێ بە تەنیا ببێ بە گوێگرێكی نێگەتیڤ! چونكە لە دۆخی وەھادا مرۆڤ ھەم گوێی دۆڕاندووە، ھەم بینین و بیركردنەوەی! گوێ گرتن نابێ لە دەرەوەی بینین و بیركردنەوەدا بێت، دەبێ ئەوەی دەیبیستین بیری لێبكەینەوە، بیرنەكردنەوە ھیچ نییە جگە لە داگیركردنی بوونمان.

ئەوانەی تەنیا گوێگری نێگەتیڤن، یان ئاڵودەی گوێگرتنی ھەمیشەیین، ھێندە سەرسامن بە بیرنەكردنەوە جار جارە ھەوڵدەدەن وەك خۆیان بمانكەن بە گوێگری نێگەتیڤ، بە مرۆڤی پاسیڤ و بۆ پەراوێز و دامێنی كاستی سیاسی ناو حیزب و قائید شۆڕمانكەنەوە، بە جۆرێك ئێمەش بچینە نۆبەی ریزگرتن بۆ چركاندنی وێنەیەك لەگەڵ قائید و دواتریش لە یادی قائید و حیزبدا، گۆڕینی پرۆفایلەكانمان بە وێنەی دڵخوازی ئەوان! ئەوە ھیچ جوڵەیەكی پۆزەتیڤی بەرە و گۆڕان و نوێبوونەوە، بەرە و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان تێدا نابینرێ، بەڵكو ھەوڵە بە ئاراستەی تێركردنی خواستی بە دامێنبوون، ئەوە نە تەنیا نامانباتەوە ناو ھیچ نوێیەك لەم دونیایەدا، بەڵكو نەخۆشییە، نەخۆشی خۆ بەكەمزانین و بچووكبوونەوە لەبەردەم ئەویدیدا، ئەوە دۆخی نەخۆشییە و ھەرگیز ناگۆڕێ بۆ خۆشەویستی.

مەبەست ئەوە نییە مرۆڤ نابێ سەركردەی سیاسی یان حیزبی سیاسی خۆش بوێت، بەڵام خۆشەویستی شتێكە و دروشمی سەدان جار دووپاتكراوە شتێكی دی، خۆشەویستی شتێكە و ژیان لە نێو یۆتۆپیا و خەیاڵی «بە سروشت پێشەنگبوون»دا شتێكی دی. نوێبوونەوە و پێشەنگبوون مانای چی، كاتێك تۆ ھەموو ھەوڵێك بدەی بۆ بە دامێنكردنی دەرەوەی خۆت، كاتێك ئاسوودەیی تۆ لەوێوە بێت، كە من بە ھەموو ھێزی خۆمەوە لە رێی تەقدیسكردنی تۆوە گوزارشت لە شوناس و بوونی خۆم بكەم. ئەوە ھیچ نییە جگە لە دەرچوون لە نۆرماڵیزەبوونەوە، نۆرماڵیزەبوونێك كە كاستی سیاسی حیزب و قائید لە ھیچ دۆخێكدا پێی ئاشنا نەبوون.

نۆرماڵیزەبوون ھیچ نییە جگە لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تۆی نیشتوو بەسەر لوتكەی دەسەڵاتەوە لەگەڵ منی فڕێدراو بەرەو دامێن. گرنگە حیزب بخرێتەوە چوارچێوەی كاری سیاسی و تەنزیمی و پەروەردەیی خۆی، لەوەش گرنگتر سەركردەی سیاسی لە بوونەوەرێكی ناسروشتی و نائاساییەوە بكرێتەوە بەو فیگەرەی بەر لە ھەر شتێكی دی شعور بە دابڕانی پەیوەندی رۆحی و كۆمەڵایەتی نێوان خۆی و بوونەوەرەكانی دامێن بكات.

شەڕی نوێبوونەوە، شەڕی ھەرچی زیاتر بە دامێنكردن و پەراوێزخستنی ئەوانیدی نییە، بەڵكو لە بنەڕەتدا شەڕی بەھێزكردنەوەی ئیرادەی مرۆڤ و بەرزكردنەوەی ھۆشیاری و فراوانبوونی دونیابینی مرۆڤەكانە بۆ راگرتنی بە تەنیشت كارەكتەری لوتكەوە، تا بە چاوی خۆیان جیھان و دەوروبەری خۆیان ببینن، نەك بە چاوی حیزبی پێشڕەو، بە سروشتی پێشەنگ و، قائیدی زەرورە!

جەعفەر عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی