بۆچی ئەمەریكا ناڕوخێت..؟

02/06/2020

لوقمان حەوێز

بۆچی ووڵاتێك دامەزرێنەر و دانەری بەردی بناغەكەی مرۆڤێكی وەك جۆرج واشنتۆن بووبێت هەرگیز ناڕوخێت..؟

چۆن و بۆچی ئەو ووڵاتە لە ساڵی 1885 تاوەكو ئێستا بە بەردەوامی بەهێزترین و داهێنەرترین و دەوڵەمەندترین ووڵاتی جیهان بووە؟ نهێنیەكە چیە..؟

ئەی ئەو نائارامیەی ئێستا لەو ووڵاتە هەیە ئەنجامەكەی چی دەبێت؟

لە 4 ی تەمموزی ساڵی 1776 ووڵاتێكی نوێ لەودیوی دونیا و دوور لە هەموو شارستانیەتەكانی جیهان لەدایك بوو، ئەو ووڵاتەی لەسەرەتا بەریتانیەكان بە ووڵاتی قەرەجەكان ناویان دەبرد لە هۆشی هیچ كەسێك دا نەبوو دوای كەمتر لە 150 ساڵ لە دروستبوونی ببێتە سەرداری جیهان...

ئەمەریكا، ئەو ووڵاتەی پێ ی دەووترێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و لە 50 ویلایەتی فیدرالی و واشنتۆنی پایتەخت و هەندێ كۆلۆنی تر پێك دێت، خاوەنی بەهێزترین ئابووری و هێزی سەربازیە لە جیهان، سەربازی لەسەر خاكی 177 ووڵات هەیە و هەموو ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەكانی جیهان دەپارێزێت، پێشكەوتووترین ووڵاتە لە بواری تەكنەلۆژیا، ئەو ووڵاتەی خاوەنی زۆربەی هەرە زۆری داهێنانە گرنگەكانە كە ژیانی هەموو مرۆڤەكانی گۆڕی لەوانە: گڵۆپ، كارەبا، تەلەفۆن، فڕۆكە، تەلەفزیۆن، مایكڕۆوێڤ، جلشۆر، تڕافیكلایت، جی پی ئێس، لێزەر، ڕۆبۆت، كۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، فەیسبووك، هتد....

لەم نوسینە كورتەدا چیڕۆكی دروستبوونی ئەم ووڵاتە دەگێڕمەوە و هەوڵ دەدەم پەنجە بخەمە سەر نهێنیەكانی بەهێزی و پێشكەوتنی...

دامەزرێنەرەكانی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە دواتر ئاماژەیان پێ دەكەم و لەسەرویانەوە "جۆرج واشنتۆن" هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دا لەم ووڵاتە ساوایە گەل حوكمی خۆی بكات و بۆ هەتا هەتایە تاكە حیزب و پاشا و دیكتاتۆر نەتوانێت ووڵاتەكەیان بەڕێوە ببات، ئەو كۆمەڵە كەسە كە ئێستا بە باوكە گەورەكانی ئەمەریكا دەناسرێن دەیانزانی چی لە ئەوروپا و جیهان دەگوزەرێ ویستیان هەڵەكانی ئەوان دووبارە نەكەنەوە، توانیان بناغەی ووڵاتێك دابڕێژن كە دواتر بووە بەهێزترین دیموكراسی لە مێژووی مرۆڤایەتی و جیهان...

ئەمەریكا بەرهەمی شۆڕشێكی خوێناوی بوو كە چەند ساڵێكی خایاند لە كۆتایی سەدەی هەژدەیەم، دوای پتر لە 150 ساڵ لە حوكمی ئینگلیزەكان بەسەر كۆلۆنیەكانی ئەمەریكا لە بەرواری 4 ی تەمموزی 1776 كۆمەڵێك ڕۆشنبیر و پیاو ماقووڵ و دەرەبەگەكانی ئەو كاتە لە ئەمەریكا كە ژمارەیان 97 كەس بوو كۆبوونەوە، ئێستا مێژووناسەكان ئەو كۆبوونەوەیە بە یەكەم كۆنگرێسی ئەمەریكا دادەنێن، لەو كۆبوونەوەیە "بەیاننامەی سەربەخۆیی" یان بڵاو كردەوە لە دژی حوكمی ئینگلیزەكان، ئەم بەیاننامەیە بە یەكێك لە گرنگترین بەڵگەنامەكان دادەنرێت لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی، تەنها ئەو چەند ڕستەیەی كە دەڵێت: "هەموو مرۆڤەكان بە یەكسانی لە دایك دەبن"، یان كە دەڵێت: "حوكمی گەل لەلایەن گەل و بۆ گەل" خۆی لە خۆیدا شۆڕشێكی مەزن بوو بۆ ئەو كاتە، ئەمەریكیەكان زوو زانییان كە بەئاسانی و بەخۆڕایی سەربەخۆییان دەست ناكەوێت لە چنگی ئینگلیزەكان كە ئەو كاتە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و دەریاوانی بوون لە جیهان و خۆریش ئاوا نەدەبوو بەسەر كۆلۆنیەكانیان...

ئەمەریكیەكان یەكسەر دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی شانەی چەكدارییان دروست كرد و بۆ ماوەی 5 ساڵ شەڕێكی پارتیزانی زۆر خوێناویان كرد لە دژی ئینگلیزەكان، ئەو كۆمەڵە كەسەی واژوویان لەسەر بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمەریكا كرد بڕیاریان دا جۆرج واشنتۆن بكەن بە فەرماندەی سەربازی ئەو شۆڕشە كە جەنەراڵێكی شارەزا بوو، بەهێزی ئینگلیزەكان لەو كاتەدا زۆربەی ئەمەریكیەكانی بێ ئومێد كرد، دوای دوو سێ ساڵ لە بەردەوامبونی شەڕ هەندێكیان داوایان كرد پاشگەز ببنەوە لە هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە، بەڵام لە كۆتاییدا توانیان سەركەون بەسەر ئینگلیزەكان بەهۆی لێهاتوویی جۆرج واشنتۆن و خۆڕاگری چەكدارەكانی و پاڵپشتیكردن و خۆبەخت كردنی زۆرینەی هاووڵاتیە ئەمەریكیەكان لە پێناوی ئەو شۆڕشە، هەروەها فەرەنسیەكان كە ئەو كاتە دوژمنی سەرسەختی ئینگلیزەكان بوون لە ئەوروپا هەندێك پاڵپشتی سەربازیان پێشكەشی ئەمەریكیەكان كرد لە كۆتایی شۆڕشەكە و ئەمەش كاریگەر بوو لە سەرخستنی ئەمەریكیەكان...

یەكسەر دوای سەركەوتنی شۆڕشی سەربازی لە ساڵی 1781 بەهۆی لێهاتوویی و ڕۆلی لە درێژە پێدان و سەرخستنی شۆڕشەكە سەرەتا داوا لە جۆرج واشنتۆن كرا ببێت بە پاشا و حوكمی ئەمەریكا بكات، بەڵام ئەو لە ووتەیەكدا لە بەرانبەر ئەو كۆمەڵە كەسەی كە كردبوویان بە فەرماندە ئەوەی ڕەت كردەوە و ووتی ئێمە بەڵێنمان داوە گەل حوكم بكات و دەبێت لەسەر بەڵێنی خۆمان بین، ووتی دەبێت هەڵبژاردن بكەین و دەستورێك بنوسینەوە و بناغەیەكی پتەو بۆ ووڵاتەكەمان دابنێین بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو شانازی بە ئێمەوە بكەن، ووتارێكی پێشكەش كرد كە زۆربەیانی كردە گریان، وەرچەرخانە گەورەكە لێرەوە ڕوویدا، ئەوە یەكەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی تاجی پاشایەتی پێشكەشی یەكێك بكرێت و ئەویش ڕەتی بكاتەوە لەبەر بەرژەوەندی میللەتەكەی، لەبەر ئەم هۆكارە هەروەها لەبەر سەركردایەتی كردنی بۆ شۆڕشەكە لە ئێستادا جۆرج واشنتۆن لەگەڵ چەند كەسێكی تر بە باوكە گەورە و دامەزرێنەرەكانی ئەمەریكا دادەنرێن...

لە ساڵی 1787 دەستووری ئەمەریكا نوسرایەوە و هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتەكانیان بە پێ دەستوور بە شێوەیەكی زۆر هاوسەنگ و ڕوون دابەشكرد لە نێوان باڵەكانی دەسەڵات، هەروەها لە نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی ویلایەتەكان، سێ باڵەكەی دەسەڵات بریتی بوون لە سەرۆك كە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بوو، دەسەڵاتی یاسادانانیش خۆی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بینیەوە كە هەردووكیان ناویان لێنرا كۆنگرێس، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریان دروست كرد كە بەتەواوی سەربەخۆ بوو لە هەردوو دەسەڵاتە سەرەكیەكەی تر و بریتی بوو لە دادگای باڵا و دادگا فیدرالیەكانی تر، بەپێی دەستوور حكومەتی فیدرالیش بەشێك لە سەروەریەكانی ووڵاتی بەخشی بە هەرێمەكان كە لە ویلایەتەكان پێكهاتبوون...

لە ساڵی 1789 جۆرج واشنتۆن بۆ چوار ساڵ كرا بە سەرۆك، دوایی پێ داگری كرد كە دەبێت بە هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم ببێتەوە سەرۆك، لە 1793 لەلایەن خەڵك هەڵبژێردرایەوە و دوای دوو خولی سەرۆكایەتی كە هەشت ساڵی خایاند خۆی بڕیاریدا خۆی هەڵنەبژێرێتەوە و ووتی دەبێت سەرۆك لە دوو خول زیاتر حوكم نەكات و دەستاو دەستی دەسەڵات بكرێت لە ووڵات، هەروەها لە ووتاری كۆتایی سەرۆكایەتی ووتی من پێشتر لە ژیانم كارم جوتیاری بووە و دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر كاری پێشووتری خۆم، و ئەمەش دەست پێشخەریەكی مێژوویی و بێ وێنە بوو، دواتر ئەمە بوو بە نەریت، لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ئەم خاڵە لە دەستوور جێگیر كرا، جۆرج واشنتۆن دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتی گەڕایەوە بۆ كێڵگەكەی خۆی لە شارۆچكەی ماونت ڤێرنۆن لە ویلایەتی ڤیرجینیا بۆ كاری جوتیاری، ئەو دوو ساڵ دوای ئەوە لە ساڵی 1799 بە نەخۆشی هەوكردنی سییەكان كۆچی دوایی كرد، لە دوای مردنیەوە جۆرج واشنتۆن وەكو گرنگترین سەركردەی ئەمەریكا هەموو ساڵێك یادی دەكرێتەوە، پایتەختی ئەمەریكا و یەك ویلایەت و دەیەها شار و شارۆچكە و هەزارەها پارك و شەقام لە سەرانسەری ئەمەریكا ناوی ئەویان لێنراوە...

دەستكەوتەكانی ئەم شۆڕشە گەورەیە دوای پتر لە سەد ساڵ لە دامەزراندنی بە تەواوی بەرجەستە بوو، دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووە گەورەترین پڕۆژەی دروست كردنی ناسنامەیەكی نوێ بۆ مرۆڤەكان لە مێژووی نوێ، بە ووردیش لە كۆتایی سەدەی نۆزدە كاتێك ئەمەریكا دەرگای كۆچ كردنی بەسەر هەموو هاووڵاتیانی جیهان كردەوە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بە دوای ژیانێكی نوێ یان داهێنان دەگەڕێن دوور لە چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی بێ گوێ دان بە ڕەچەڵەك یان بیرو باوەڕە ئاینیەكانی ئەو كەسانە...

هەر تاكێك كۆچی كردبێت بۆ ئەمەریكا لە هەژارترین یان دەوڵەمەندترین ووڵاتی دونیا، هەڵگری هەر بۆچوونێك یان ئاینێك بووبێت، شێوە و ڕەنگی پێستەی هەر چۆنێك بووبێت بۆتە خاوەنی ئەو ناسنامەیە...

ئەی چۆن و بۆچی ئەمەریكا بووە بە بەهێزترین و داهێنەرترین و دەوڵەمەندترین ووڵاتی جیهان؟ نهێنیەكە چیە؟

زۆربەی ئەوانەی كە لەسەرتای ساڵانی هەزار و شەش سەدەكانەوە لە ئەوروپاوە كۆچیان كرد و چوون بۆ ئەمەریكا لەدەست چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی ووڵاتەكانیان جێهێشت و بڕیاریان دا ژیانێكی باشتر و ئاسودەتر بۆ خۆیان و نەوەكانیان لەسەر ئەو خاكە نوێیە دابین بكەن و ئازادانە بژیین و كاربكەن، هەر بۆیەش دوای دامەزراندنی ووڵاتەكەیان و بەوردیش لە سەرەتای ساڵانی هەزار و هەشت سەدەكانەوە بڕیاردرا دەرگای كۆچكردن بۆ ئەمەریكا واڵا بكرێت بۆ ئەو مرۆڤانەی بەدوای ژیانێكی ئاسودەتر و باشتردا دەگەڕێن بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی لەدەست چەوسانەوەی سیاسی و ئایینی دەناڵێنن، لەسەرەتای سەدەی بیستەمیشەوە تاوەكو ئێستاش دەرگای كۆچكردن بۆ ئەمەریكا بەتایبەتی لەسەر پشت بووە بۆ زاناكان و بلیمەتەكان هەروەها كەسە بە تواناكان لە بواری هونەر و وەرزش و خاوەن كارەكان و داهێنەرەكان...

ئەم شەپۆڵە بەردەوامەی كۆچكردنیش هەر لە زووەوە ئەمەریكای كرد بە موگناتیسێك بۆ ڕاكێشانی بلیمەتەكان و زاناكان و داهێنەرەكان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو داهێنان و پێشكەوتنە زانستیانەی هاتنە كایەوە لە ئەمەریكا بەهۆی بوون و كاركردنی ئەو بلیمەت و زانایانە بووە، هەموو ئەو داهێنانە زانستیانەش ڕاستەوخۆ كاردانەوەی ئەرێنی هەبووە لەسەر پیشەسازی و بەرهەمهێنان و بەهێزبوونی ئابووری، هەر بۆیەش ئەمەریكا لەو كاتەوە بووە بە دەوڵەندترین و بەهێزترین و پێشكەوتووترین ووڵات لە جیهان، بێ گومان جگە لەوەش نهێنیەكی تری بەهێزی و پێشكەوتنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێكی تریش، ئەویش پێداگری بوو لەسەر پێ بەپێ جێبەجێكردنی ئەو كۆمەڵە شیعارە لە حوكم كردن كە لە سەرەتا زۆر سادە بوون بەڵام دوایی گرنگیەكەی بۆ هەموو جیهان دەركەوت، ئەوانیش بریتی بوون لە یەكسانی، ئازادی، دادپەروەری و خۆش گوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتیان، ئەمانەش بێ گومان لە پاڵ دەستوری ووڵات مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی بیر و باوەڕ و ئازادی هەڵبژاردنی ئایینیان دابین كرد بۆ هاووڵاتیان، هەروەها كاركردن و كۆڵنەدانی هاوڵاتیانیش فاكتەرێكی تری گرنگ بوون لە سەركەوتن و گەیاندنی ووڵاتەكەیان بەم پلەو پایە...

ئەو نائارامیەی ئێستا لە ئەمەریكا هەیە ئەو ووڵاتە بەرەو كوێ دەبات؟

ئەو نائارامیەی ئێستا لە ئارادایە لە ئەمەریكا دەیەها جار لە مێژووی ئەو ووڵاتەدا ڕوویانداوە، هەر جارێك ڕووداوی لەم شێوەیە ڕوویدابێت بۆتە هۆی داڕشتنەوەی سیاسەتە ناوخۆییەكان بە شێوەیەكی باشتر و دەستنیشانكردنی كەم و كوڕیەكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاری، ئەو تاوان و كارە قێزەوەنەی پۆلیسێك ئەنجامیدا بەر لە چەند ڕۆژێك دژی هاووڵاتیەكی ڕەش پێست وەكو هەر تاوانێك تەنیا ئەنجامدەرەكە لێی بەرپرس بووە كە پۆلیسەكەیە و ئەویش دەستگیر كراوە و بە سزای خۆی دەگەیەنرێت، ئەو تاوانانە كارێكی دامەزراوەیی نین یان سیاسەتی حكومەت و دەزگاكانی پۆلیس نین، لێرە ژیانی مرۆڤ بەهادارە، ئێوە بینیوتانە لەم هەموو خۆپیشاندانە گەورانە كە لە هەموو شارە گەورەكانی ئەمەریكا ئەنجام دەدرێت و چەندەها هێرش دەكرێتە سەر پۆلیس بە زبڵ و بوتڵی ئاو و جنێودان هەروەها گەلێك لە كاری توند و تیژیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆلیس و هێزەكانی پاراستنی ئاسایش نەوەك تەنیا یەك فیشەكیان نەتەقاندووە بەڕووی خۆپیشاندەران بەڵكو هیچ هێزێكی جەستەییشیان بەكارنەهێناوە لە دژی ئەوان، لەم ووڵاتە لەسەرتای دروستبوونیەوە كێشەی زۆر زۆر گەورەتر هەبوون بەڵام پێ بەپێ گۆڕانكاری ئەنجامدراوە تاوەكو گەیشتوە بە ئێستا، كۆیلەداری قێزەوەنترین دیاردە بوو لەم ووڵاتە لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم، بەڵام لە ساڵی 1861 سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمەریكا ئەبراهام لینكۆلن دوای شەڕێكی ناوخۆیی زۆر خوێناوی چوار ساڵە لەگەڵ ویلایەتەكانی باشور توانی كۆتایی بەم دیاردەیە بهێنێت، لە شەستەكانی سەدەی بیستەمیش هێشتا ڕەگەزپەرستی و جیاكاری بە زەقی لە ئەمەریكا مابوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی زۆر گەورە و كەوتنەوەی نائارامیەكی زۆر بۆ چەند ساڵیك لە زۆربەی ناوچەكان توانرا لە كۆتاییەكانی شەستەكانی سەدەی بیستەم یاساكانی مافە مەدەنیەكان بۆ هەموو هاوڵاتیان بە یەكسانی تێبپەڕێندرێت لە كۆنگرێس، ئەمانە تەنیا دوو نمونەن، هەموو گۆڕانكاریەكان و بەرەو پێش چوونەكان بەزۆری دوای خۆپیشاندان و تا ڕادەیەكیش كەوتنەوەی نائارامی ڕوویانداوە، بۆیە ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە دەبێتە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك یاسای نوێ دەربكرێن بۆ ئەوەی هێزەكانی پۆلیس و پاراستنی ئاسایش لەژێر هیچ بیانوێكدا نەتوانن هێزی زیاتر لە پێویست لەدژی هاووڵاتیان بەكار بهێنن...

لوقمان حەوێز


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی