خۆپیشاندان، ئەزموونە سەختەکەی یەکێتی!

05/06/2020

دلێر محەمەد نوری


ئەگەر چی نکۆڵی لەو ڕۆژگارانە ناکرێت کە  یەکێتی  لە شاخەوە تاوەکو شار زیاتر لەوانی تر داهێنانی لە بنیاتنانی مافی تاک و ئازادییەکان کردووە، بەڵام کاتێ بۆ یەک جاریش لە ژێر هەر فشار و بیانوویەک، چەک بە دەست و خۆپیشاندەری بێ چەک، لە سنوری قەڵەمڕەوی خۆی، ڕوو بە ڕووی یەک وەستانەوە، سیحری هەموو ئەو کۆششەی یەکێتی بەتاڵ دەکاتەوە. 

هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی یەکێتی ڕەنگە لە زۆر کاتدا خۆشەویستی جەماوەر بوون بن، بەوەی کە کارامە و لێبڕاوانە زۆر قۆناغی سەختیان لە ساڵانی پێشوو تێپەڕاندووە لە پێناو پاراستنی ئارامی شار و شارۆچکەکان. وە قوربانی گەورەشیان بۆ داوە. بەڵام ئەگەر بێت و تەقەکردن ڕوو بە ڕووی خۆپیشاندەران دووبارە بێتەوە ئەوا بێگومان مەسافەی نێوان ئەم دوو جەمسەرەی کۆمەڵگا (جەماوەر و پۆلیس) گەورە دەبێت و لە بری هاوکاری و هاوبەشی دەبن بە نەیار و ناحەزی یەکتری.

ئەوەی پارتی ساڵانێکە بانگەشەی بۆ دەکات دژ بە یەکێتی و حزبەکانی دیکە، بەوەی پێیەکیان لە دەسەڵاتە و پێیەکیشیان لە نێو مەیدانی ئۆپۆزسیۆنە شتێک لە ڕاستی و شتێکیش لە غەدری تێدایە. ڕاستی تێدایە چونکە ناکرێت تۆ رێکبکەویت لەگەڵ پارتی لە سەر دامرکانەوەی خۆپیشاندان و لەولاشەوە خۆپیشاندان وەکو فشار بەکاربهێنیت. غەدریشە لە خۆپیشاندەران چونکە پارتی وەکو کۆنترین حزبی گۆڕەپانەکە تا ئێستا لەوە تێنەگەیشتووە کە خۆپیشاندان داواکردنی ماف و ئازادییە نەک پیلان و ئاژاوەگێڕی دژ بە پارتی. 

یەکێتی بیەوێت و نەیەوێت لە نێوان جەماوەر و دەسەڵات دەبێت یەکێکیان لە دەست بدات. جا بەو هەڵبژاردنەت یان درێژە بە مانەوەت دەدەیت تا تاوێکی دیکەش یان دووبارە  لە دایک دەبیتەوە. 

یەکێتی پێ بزانێت یان نەزانێت دوو ڕاستی هەیە نابێت لە بەر دیدەی نەگرێت، ئەوانیش:-

١/  خۆپیشاندانی سەرتاسەری کارێکی حەتمیە لە ئەگەری ڕوونەدانی گۆڕانکاری لەم پێدراوانەی ئێستا لە بەردەستدان. چونکە کۆمەڵانی خەڵک شتێکی دیکە شک نابەن لە دەستی بدەن و هێدی هێدی ئەکوڵێن. ئەوان لەو شیرە دەچن کە لە سەر ئاگرێکی کز دانراون، بە ئاستەم گەرماییەکی زیاتر هەڵیئەچێنێت. هەر کاتێکیش ڕوو بدات زۆر گومانی تێدا نیە کە لە ناوچەی جێ نفوزی یەکێتییەوە سەر هەڵ دەدات. چونکە ئەو رەمزانەی لە ڕابردوودا  ئەم ناوچانەیان بڕیار لێداوە، هەم نووسەر و هەم ڕۆژنامەنووس و هەم تا ڕادەیەکی باش ئازادی خوازیش بوون. هەر بۆیەش ئەم ناوچانە بوون بە زەوییەکی بە پیتی گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی ناڕەزایی. بە پێچەوانەی ناوچەی قەڵەمڕەوی پارتی، کە سەرکوتکردن و سانسۆر تا ئاستێکی بەرز ئامرازی دەستی رەمزەکانی ئەولا بووە دژ بە جەماوەر.

٢/ گەر ڕۆژگاری ئەمڕۆ نەبووایە پارتی دوو هێندەی دژایەتی خۆپیشاندان لە ناوچەی خۆی حەزی دەکرد خۆپیشاندان لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی ئەنجام بدرایە. چونکە بەمە پارتی بە بەردێک چەند چۆلەکەیەکی ئەکوشت. چونکە ئەوەی دەبوو خۆپیشاندان کپ بکاتەوە و تەقە بکات پۆلیس و ئاسایشی یەکێتی بوون، ئەوەیش کە دەبووە قوربانی لە سەر شەقام دووبارە خەڵکی هەمان ناوچە دەبوون، قەوانی سلێمانی شوێنی فەوزا و ئاژاوەگێڕی و بێ خاوەنیشە دووبارە لێدەدایەوە.

پارتی لە بەر ئەوەی بە هەموو رێکارە نا ڕێگەپێدراوەکان سنوری خۆی لە هەر جووڵە و کردەیەک داماڵیوە کە بۆنی خۆپیشاندان بدات، ئەو کات خۆپیشاندان و سەرکوتکەرانیش زیاتر دەبێتە مۆرکی شاری سلێمانی و دەوروبەری و لە سنوری پارتیش ئەگەر خۆپیشاندان ئەنجام نەدرێت، پارتیش لە کردەی سەرکوتکردن دەبووارێت.

هەر لە بەر ئەمانەی کە باسکران خۆپیشاندان لە سنوری یەکێتی ئەزموونێکی سەختی یەکێتییە، بە سەرکوتکردنی بۆ هەتایە حیکایەتەکانی یەکێتی بۆ ئازادی و مافەکان بە درۆ دەخاتەوە، بە تێکەڵکردنی پۆلیس و ئاسایش بە خۆپیشاندەران ڕوویەکی جوان و شارستانی دەداتە یەکێتی و خۆپیشاندەرانیش دوور دەخاتەوە لە کردەی توند و تیژی.

 زۆر دوور نیە و لە یادەوەری هەموواندا ماوە چۆن سەرباز و هێزی ئەمنی میسری و خۆپیشاندەران لە شاری قاهیرە، لە گۆڕەپانی ئازادی، لە سەروبەندی کەوتنی موبارەک، دەیان شەویان بە پەرداخە چای ڕەشی میسری پێکەوە ڕۆژکردەوە. دەکرێ یەکێتیش لە بری تەقە دیمەنێکی وەها پێشکەش بکات و ئەزموونەکە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی