نامەیەکی کراوە بۆ داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان

06/06/2020

پەیمان عیزەدین


ئەگەرچی ئێمە تا ئێستا چەندین ئەزمونی تاڵمان هەیە لەگەڵ بەڕێزتان و چەندین جار شاهیدی بێدەنگیتان بوین لەسەر زۆربەی ئەو ناعەدالەتی و گەندەڵی و ناقانونیانەی ،ژیانی خەڵکیان لەم هەرێمەدا بەرەو کەناری مەرگ بردوە، بەڵام بە دوو هۆکار ،وەک هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە ئەم نامەیەتان ئەڕاستە ئەکەم : 

١-لەنزیکەوە چەند ئەندامێکی داواکاری گشتی ئەناسم و دڵنیام لە دڵسۆزی و دژایەتیکردنیان بۆ گەندەڵی.

٢- چەند جارێک لەسەر ڕاسپاردەی بەرپرسانی ئەم هەرێمە ، داواکاری گشتی ئازایانە دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنوسان و کەسایەتیە سیاسیەکان.

بۆیە و لەو دوو ڕوانگەیەوە داواکارم لەبەڕێزتان سکاڵای یاسایی بجوڵێنن لەسەر: 

٭ڕاگرتنی سەدان پەیج و ئەکاونتی ساختە کەبەپێی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای فەیسبوک، خاوەندارێتیان ئەگەڕێتەوە بۆ دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، کە ئەمە تاوانێکی بینراوە و ئەمەش ڕێگاتان دەدات و دەبێتە پشتیوانیی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو دەزگایە و دەبێتە دەروازەیەکیش بۆ ڕاگرتن و سزادانی هەموو ئەو پارتانەی تریش کە سەدان پەیجی تریان هەیە و بەهەزارەها دۆلاری لەبودجەی گشتی بۆ تەرخان و سەرف ئەکرێت.

٭ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیاری کێشانەوەی تیمی تەندروستیان لە مەرزی باشماخ داوە و بەهۆیەوە سەرلەنوێ ڤایرۆسەکە بڵاوبوەوە وتا دێ زیاتر تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان ئەخاتە مەترسیەوە،  ئیهمالیکردن و ڕەچاونەکردنی ڕێکارەکانی تەندروستی بەمەبەست و بە بڕیاری فەرمی، تاوانە و ئۆباڵی نەخۆشکەوتن و مردنی هاوڵاتیان لە ئەستۆی ئەوانەیە کە ئەو بڕیارەیان داوە یان بەشداربون تیایدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی