وەزیرە وەرزێرەكانی حیزب

29/06/2020

عیماد عەلی

لەم ماوەیە وەزیرێك نەك بە پێچەوانەی هەڵوێستی سەركردەكەی بەڵكو بە نەرمونیانیش رای تایبەتی خۆی لەسەر بابەتێكی نەتەوەیی بە حۆرێك ئاشكراكردبوو كە نەدژی حزبەكەی بوو و نەش لەگەڵیدا بوو، كە خاوەنكاری دەسترۆیشتوو  پێی زانیبوو بانگرابوو،  بەشێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵدا كردبوو كە رەشەەبا بە دەواری شڕی نەكردبێت. وەزیری داماویش بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو بارە بە ئاشكرا و لە راگەیاندندا، ئەوەی لە خودی بیروبۆچونی خۆیدا باوەڕی پێنەبوو رایگەیاند و خۆی لەو نەهامەتیە رزگار كرد.

ئەمە چی دەگەیەنێت؟ 
* نایەكگرتووی رابۆچونی نێوخۆی حزب و جیاوازی ستراتیجی لەمەڕ پرسەكان و بونی كادری هەمەچەشنی بیرو فكری جیاواز لە نێو حزبەكاندا.
* وەزیری و پلەوپۆست تەنها بۆ لایەنە مادیەكەیە و پشودرێژی و سەبرگرتن قبوڵكردنی  زەلیلی و شكۆشكاندن لەلایەن فەرمانرەوایانی حزبەكانی تریشەوە، تەنانەت نەك بەتەنها بۆ دەسترۆیشتوانی حزبەكانی  خۆیانەوە، لە پیناو مادەیە نەك  خزمەت وەك دەڵێن.
* ئەوەی بیرو پرەنسیپ  و فەلسەفە هەیە بە رێژەی رەهایی لە لایەن ئەو حزبانەوە نەماوە و تەنها وەكو كۆمپانیایەك مامەڵە لەگەل پرس و پێشهاتەكان دەكەن لەو نێوەندەشدا كاروباری وەزیر و گزیر و وەرزێرەكانیان.
* بە پێچەوانەی ئدیعاكانیان رەفتار دەكەن و بەناوی دیموكراسی ئەوپەری دكتاتۆریانە لەگەڵ ژێرەدەستەكانیان دەجوڵێنەوە و زمانی سەردەم لای ئەمانە بە قوفڵی بەرژەوەندی تایبەت و پارەپەرستی كڵۆم دراوە.
* حزب جێگەی پەرلەمان و حكومەتی گرتۆتەوە و سەرجەم بریارەكان پێشوەخت لە حزبەوە دەرەدچێت و ئەركی پەرلەمانتار و وەزیری  وەرزێر تەنها جێبەجێ كردنە.
* كۆمپانیاچێتی جێگەی هەموو حزبایەتیەكی راستەقینەی گرتۆتەوە و لەم بارەوە كوردستان و حزبەكانی دەسەڵات داهێنانیان كردووە.
* ئەوەی پارە و هێزی لایە سەرۆك و سكرتێر و فەرماندەی حزبە و فەرمانی عەسكەری بەناوی بڕیاری سیاسیەوە دەردەكات .
* كادران دەستەمۆن و بە هیچ شێوەیەك راو رای جیاواز و رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن باسوخواسی نەماوە و تەنها باس لە قازناجە مادیەكانی كۆمپانیاكەیە و بەس.
* ئەم رەفتار و بیروبۆچونە ناحزبیانە پلە بە پلە و بەپەك ئاستی بەرپرسیاریتی بۆ خوارەوە شۆر بۆتەوە.  كادر هەبووە هەزار و یەك جوێنی بەسەركردایەتی و كەسی یەكەمی حزبەكەی داوە گوایە لە مەبدەئی ئەو حزبەەی لایداوە، دوای دەست بەسەرشاندا هێنانی و كڕینی سەیارەیەك، وا باسی ئەو كەسەی كە تادوێنی دژی بووە كردووە  كە شان لە شانی جیفارا ئاسا دەدات و خەباتی راستەقینە لای ئەوە، یان رەخنەی لە بندیواری گرتووە و  پلەكەی خۆی لەخوارەوەیە و سێ بندیواری هەیە، واتە دوفاقیزم و ڕاڕایی و بێ فكری سەرجەم كادرانی ئەم حزبانەی گرتۆتەوە و هەر یەك بە پلەیەك.

بۆیە دەكرێت بڵێین ئەم وەزعو شێوەی حزبایەتیە وایكردووە كە كادر ببێت بە كاوڕ و وەزیر ببێت بە وەرزێر و سەركردە ببێت بە سەریگرتە و حزبیش نەمێنێت و كۆمپانیای بازرگانی جێگەی بگرێتەوە وحسابات جێگەی گفتوگۆ بگرێتەوە و ململانێی سودبینینی بڕی مادی جێگەی  مللانێی راستەقینەی سەردەمانە بگرێتەوە و ئەوەی نەزان و پاشەڵ پیس و ناشارەزایە بەهۆكاری پێوەری نوێ كە خۆنزیكركردنەوە و مەرایی و فرتوفێڵ و خستنە ژێر پێی هەموو بەهاكانە، لە نێو حزب و دەسەڵاتی حكومەتیشدا لەسەرووی هەمووانەوەیە.

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی