ئەمەشیان موزایەدەی سیاسییە

02/07/2020

كوردۆ فەرەج

رۆژی (1/7/2020)، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان، بە مەبەستی ڕەتكردنەوەی موچەی خانەنشینی فۆرمیان پركردەوە بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینی وەرنەگرن، لەكاتێكدا ئەو پەرلەمانتارەی مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی هەیە، بە پێی یاسای چاكسازیی، دەبێت دوو مەرجی تێدا بێت، 15 ساڵ خزمەتی حكومی و تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵەوە بێت، ئینجا تەنها 50%ی خانەنشینی وەردەگرێت و ئەوانەشی ئەو مەرجانەیان تێدا نییە، لەكاتی گڤتوگۆی یاساكەدا لە پەرلەمان، مافێكیان بۆ پینەكرا و بڕیاردرا ئەوانیش بە رێژەی 15%ی موچەكەیان خانەنشین بكرێن، بەڵام نابێت بگاتە رێژەی 25%.

دوای ئەوەی هەشت پەرلەمانتار لە دیوانی پەرلەمانی كوردستان فۆرمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینیان پركردەوە، بەڵام پێشتریش بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەو بریارە جێبەجێكرا، كە هەر پەرلەمانتارێك دوو مەرجی یاسایی تێدابێت كە 15 ساڵ خزمەتی حكومی و تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵەوە بێت، دەتوانێـت بەپێ یاساكە خانەنشین بن، ئەمەش لە یاسای خانەنشینیی عیراقی دا هەر بەمجۆرەیە. بەڵام ئەو هەشت پەرلەمانتارەی كە تائێستا فۆرمیان پركردووەتەوە، یەك پەرلەمانتاریان یەك مەرجی تێدایە، كە تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵییەوەیە، بەڵام مەرجی خزمەتی نییە و تەنانەت بۆ رۆژێكیش لە وەزیفەی حكومی دا نەبووە. ئەو حەوت پەرلەمانتارەی دیكە، هیچ كام لەو دوو مەرجەی خانەنشینییان تێدا نییە.

كاتێك پەرلەمانتارێك كە هەردوو مەرجەكەی تێدا بوو، مافێكی تەواو یاساییە كە لە پاش تەواوكردنی خولی پەرلەمانیی، خانەنشینی وەربگرێت و بەپێی یاسای چاكسازیش كراوەتە 50%ی موچەكانیان، كە پێشتر 80%ی موچەكانیان بوو. ئەمە لەكاتێكدایە حیكمەتی خانەنشینبوون بەپێی مەرجەكان، لەو روانگەوەیە كە پێشتر ئەو كەسەی خانەنشین دەبێت، مانگانە بڕێك پارەی خانەنشینیی لە موچەكەی بڕاوە، تا ئەوكاتەی بەپێی یاسا دەگاتە تەمەنی خانەنشینبوون و دوای خانەنشینبوونیش، پارەی بڕاوی خانەنشینییەكەی وەردەگرێتەوە. بەڵام نەك پەرلەمانتارێك كە مەرجەكانی ساڵانی خزمەت و تەمەنی یاسایی خانەنشینبوونی نەبێت و پێش كاری پەرلەمانیی چەند ساڵێك، یان تەنانەت رۆژێكیش موچەخۆری دەوڵەت نەبووبێت و پارەی خانەنشینی لە موچەكەی نەبڕابێت و كەچی بە چوار ساڵی پەرلەمانیی، خانەنشین بكرێت! وەك ئەو هەشت ئەندام پەرلەمانەی فۆرمی رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینیان پڕكردووەتەوە.
 
من پێم سەیرە بەشێك لە پەرلەمانتاران موزایەدە بە سەر هاوپیشەكان و تەنانەت هاوڵاتیانیشەوە دەكەن، كە پەرلەمانتار هەیە لە پاش تەواو بوونی خولی پەرلەمان، بگەرێتەوە سەر پیشەكەی پێشووی كە پزیشكە، موچەكەی نزیكەی پێنج ملیۆن دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر دوای تەواوبوونی ئەم خولە و بەپێی یاسای چاكسازیی، موچەی خانەنشینی وەربگرێت، موچەكەی نزیكەی ملیۆن و نیوێك دینار دەبێت. بۆیە ئەمەی ناویانناوە رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینی، لەراستیدا رەتكردنەوەی لەتەموچەی خانەنشینییە. لە كاتێكدا وەزیرێك، كە پلەیەك لەخوار پەرلەمانتارەوەیە و ئێستا موچەكەی نزیكەی حەوت ملیۆن و 600 هەزارە، بۆ هەر مانگێك بری پانزە ملیۆن دیناریش نەسرییەی هەیە و بە بێ چاودێری دارایی، خۆی سەرپشكە لە چۆنێتی سەرفكردنی. واتا مانگانەی وەزیرێك نزیكەی 23 ملیۆن دینارە. سەرباری ئەوەی دەیان دەسەڵاتیان  هەیە بۆ رێككەوتن و گرێبەست و بەخشینی پڕۆژەی جیاجیا بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و دەتوانن سود لە دەسەڵاتەكانیان وەربگرن و یەك پەرلەمانتاریش نییە، بچوكترین دەسەڵاتی لەوجۆرەی هەبێت، لەكاتێكدا ئەمڕۆ میدیای كوردی و سۆشیالمیدیا فۆكسەكەیان خستوەتە سەر پەرلەمانتار، وەك لەوەی بیخەنە سەر وەزیر و دەسەڵاتدارەكانی تری ناو حكومەت و گەندەڵییە گەورەكە لەناو حكومەتدایە، نەك پەرلەمان، كە تەنها كێشەكە لە بەرزی موچەكەیاندایە و ئەمەش بەوهۆیەوەیە كە پلەكەیان، سێیەم پۆستە لەسەر ئاستی كوردستان، لەكاتێكدا پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری، سەدان ملیۆن دینار نەسریەی مانگانەیان لەبەردەستدایە و بە 108 پەرلەمانتاری كوردستانەوە، بێجگە لەو سیانەی دەستەی سەرۆكایەتیی، هیچیان یەك دینار نەسریەیان لەبەردەستدا نییە تاكو گەندەڵیی لەسەر بكەن و ئەمەش بەرگریكردن نییە لە پەرلەمانتار، بەڵكو وتنی راستییە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانتارەكان خۆیان بێدەنگیان لەمبارەیەوە هەڵبژاردوە و بوونەتە گوێرایەڵی حزبەكانیان و لەسەر ئەم پرسە گرنگانە نایەنە وەڵام.

پەرلەمانتاریش، وەكو وەزیر و دادوەر و هەر پلە باڵایەكی تر، مافی خانەنشینبوونی هەیە، ئەگەر مەرجەكانی خانەنشینبوونی عیراقی گرتییەوە، بەڵام شلكردنی مەرجەكان و دەرفەتدان بۆ ئەوانەشی كە نە ساڵانی خزمەت و نەتەمەنی خانەنشینبوونیان هەیە، بەڵام بە رێژەی 15ش بۆیان هەبێت خانەنشین ببن، وەك ئەو هەشت پەرلەمانتارەی دوێنێ فۆرمەكانیان پڕكردوەتەوە، ئەمەیان ناڕەوایە و كەچی سەرەڕای ئەوە موزایەدەش بكەیت بەسەر ئەوانەی تەواوی مەرجەكانیان تێدایە. بۆیە، هەقە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی مەرجی 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەنیان تەواونەكردووە، هەر هەموویان ویژدانی ئەوەیان بجوڵێت خانەنشینی رەتبكەنەوە و دواتر بچنەوە سەر وەزیفەكانی پێشوویان، یان دوای كاری پەرلەمانیی، بچن كار و كاسبییەك بدۆزنەوە و ئەمەش عەیبە نییە و سەربەرزییە و پێویستیش ناكات وەكو موزایەدە بە هاوڵاتیان و پەرلەمانتارەكانی تری بفرۆشنەوە.

بۆیە، پڕكردنەوەی فۆرمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی، موزایەدەیەكی تەواو ساسیی بێ بنەمایە، چونكە پەرلەمانتار هەیە پێشتر مامۆستای زانكۆ بووە، ناكرێت زیاتر لە بیست ساڵ خزمەتی هەبێت و دوای پەرلەمان جارێكی دیكە ناچاربكرێت بگەرێتەوە سەر كارەكەی خۆی، ئەگەر داوای خانەنشینی بكات تەواوی یاساییە. هەربۆیە دەبێت رێگانەدرێت یاری بە بیرو هۆشی هاوڵاتی بكرێت، كە رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەم هەرێمە بە فێڵ و شێوازی جیاجیا دەدزرێت و دەبرێتە دەرەوەی كوردستان، بەڵام كە دێتە سەر خانەنشینی پەرلەمانتارێك، تەواوی تۆرە كۆمەڵایەتی و میدیاكان، كە بە پارەی میللەت بەرێوەدەبرێن، باسی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار دەبێت جێگای باس و سەردێری هەواڵەكانیان و دزییە گەورەكانی پێدادەپۆشرێت.

كوردۆ فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی