سەرۆكی حكومەت چاكسازی لێرەوە دەكرێت

02/07/2020

کەمال رەئوف

• هەمووان ئەو راستیە ئەزانین كە دۆخی ئێستای هەرێم لە زۆر رووەوە لە چ تەنگژە وناجۆریدایە، توركیاو ئێران، سنور ئەبەزێنن، پەیوەندی لایەنەكان تەندروست نییە، متمانەی نێوان حكومەت و خەڵك لەسفردایە، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد باش نییە، كێشەی ئابوری بەسەختی یەخەی حكومەتی گرتووە، كەس پرۆژەی كرداری پێنییە، رێككەوتنیش لەگەڵ بەغداد بەوشێوەیە بۆ هەرێم قورسە، ئەوانە هەمووی مەعلومە، بەس ئەوەی دیار نییە وكەس نازانێت و هیچ تەفسیرێك نییە لەم دۆخەدا ئەم بێ باكی و لوتبەرزییەی سەركردە كوردەكان لەپای چییە. 


• لەوە دەچێت پرۆژە چاكسازییەكەی حكومەت، توشی ماخۆلانی كەمركردنەوەی مووچە بووبێت، بۆیە هەر بەدەوری كەمكردنەوەی مووچەدا دەسورێتەوە، خۆ هەركەس چاكسازی بكات، بەدڵنیاییەوە خەڵك پشتیوانی ئەكات، بەڵام گەر چاكسازی هەر كەمكردنەوەی مووچە بێت، نەكردنی باشترە.


• دەكرێت سەرۆكی حكومەت نیەت پاكی و ئیرادەی چاكسازی لەم هەنگاوانەوە نیشان بدات...
1- هێزەكانی رۆژ، كە لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگەیە و نیزك لە ٦ هەزار چەكدار ئەبێت، هەڵبوەشێنێتەوە، چونكە خۆ شوكر مەترسی لەسەر هەرێم  و رۆژئاوا نەماوە، تا ئەو هێزە بەرگری لێبكەن و هەرێمیش بەناچاری ئەو مەسرەفە زۆرەو ئەو هەموو مووچەیەیان بۆ خەرج بكات.


2- هەموو لایەك دەزانێت، كۆمپانیاكانی پارتی و یەكێتی، ساڵانێكی زۆرە دەستكەوتی قەبەیان هەبووە، داهاتێكی زۆریان كۆكردۆتەوە، بائێستا حكومەت فەرزی بكات بەسەریاندا هیچ نەبێت، مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال كراوەكان بخەنە سەر شانی خۆیان تا هەرێم لەم دۆخە قوتار دەبێت. 


3- بۆ مووچەی ئەم مانگە حكومەت بری ٨٠ ملیاری نوقسانە، بۆیە دەبێت بەچەند وەجبەیەك مووچەی وەزارەتەكان بدرێت، باشە سەرۆكی حكومەت روولە بازرگان و سەرمایەدارە ناوخۆییەكان دەكات بۆ قەرز، ئەی ناكرێت حكومەت برێك پارە لە پارتی و یەكێتی قەرز بكات، خۆناكرێت و بوترێت نیانە چونكە كەس بروای بەوە نییە كە پارتی و یەكێتی پارەیان لەبانكەكانی دەرەوەو ژێرزەمینەكاندا نەبێت.


4- چەند مانگە باس لەوە دەكرێت هەندێك لەكۆمپانیاكان بری ٧٠٠ ملێون دۆلار قەرزاری حكومەتن و هەندێكیان وادەی دانەوەی قەرزەكە زۆری بەسەردا تێپەریوە، ئەی ناكرێت حكومەت ئیجرائاتێكی یاسایی و شەفاف وەربگرێت بۆ گەرانەوەی ئەم قەرزانە.


5- لەزاری بەرپرسە باڵاكانی حكومەتەوە قسەیەكی زۆر لەوە دەكرێت زیاتر لە ١٥٠ هەزار مووچەخۆری بندیوار هەن، هەندێكیش باسی بوونی دوومووچەو سێ مووچەدەكەن، هەندێكیش باس لە ٢٠٠ هەزار كەس دەكەن كە بەنایاسایی كراونەتە مووچەخۆر، ئەوانەش زۆربەی لەسەر حزبەكان مەحسوبن و بەشی شێریشیان هی یەكێتی و پارتییە، ئاخۆ حكومەت ناتوانێت لەماوەیەكی كەمدا لیستی مووچەخۆان پاك بكاتەوەو و ئەو بارە قورسە لەسەر شانی خۆی لابدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی