كۆمارەكەی بەهادین نووری

04/07/2020

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

لە كتێبی بیرەوەرییەكانی (بەهادین نووری) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق، چیرۆكێكی راستەقینەی سەرنجڕاكێشی تێدایە كە دەڵێی چیرۆكخوانەكانی كۆن دایانڕشتووە بۆ ئەو نیمچە دەوڵەتەی پەنجا ساڵ دواتر لە هەرێمی كوردستان دەڕەخسێ.

ناواخنی چیرۆكەكەیش ئەمەیە: ساڵی 1954 لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان لە باشووری عێراق، كە تاقانە بینایەكی زۆر گەورەیە لە چەقی بیابانی نێوان عێراق و سعودییە، ژمارەیەكی زۆر ئەندام و سەركردەی حیزبی شیوعی حوكمدرابوون. لەناو ئەو بینایەدا شیوعییەكان كۆمارێكی میللیان دروستكردبوو، ئاڵایەكی رەنگ سووریان هەڵدابوو، بە پلێت و چینكۆ كە هی تەنكیی سەربان بوون، چەندین شمشێریان لێ دروسكردبوو. سەرۆكی ئەو كۆمارە میللییە كوردێكە بەناوی ( حەمید عوسمان) هەموو بەیانییەك شیوعییەكانی سەر بەو كۆمارە دەچنە بەردەمی ئاڵا و سروود دەخوێنن كە شیعری سروودەكە دەڵێ:

ئەی كۆمەڵانی برسی
لە گوزەرانی ژێردەستی زۆردران بێزاربوون
ئەمە دوا ڕۆژانی ململانێیە
چۆك بە مردن دا بدەن تا ژیان بدرەوشێتەوە
بۆخەبات.. بۆ پێشەوە... بۆ چەك... بۆ تۆڵە سەندنەوە

دانیشتووانی گرتووخانەكە بەوانەی سەر بە كۆماری شیوعییەكان و ئەوانەیشی لە دەرەوەی كۆماربوون، ڕۆژانە بە سەیارەی پۆلیس، خواردن و ئاویان بە تانكەر بۆ دەهات. خۆ ئەگەر یەك ڕۆژ خواردن و ئاویان بۆ نەچووایە، پەشێو و شپرزە دەبوون.

بەهادین نووری دەڵێ، ئەو ڕۆژانە، بەرپرسانی كرتووخانەكە لەگەڵ زیندانییەكان زۆر پشوودرێژ و لەسەرخۆبوون، هاوكارییان دەكردن و تاڕادەیەك چاوپۆشییان دەكرد لە هەڵسوكەوتی زیندانییەكان بەتایبەت شیوعییەكان كە زۆرینەی زیندانییەكانیان پێك دەهێنا.

بەهادین نووری دەیگێڕێتەوە سەرۆك و ئەندامانی ئەم كۆمارە میللییەی ناو گرتووخانەی نوگرە سەلمان زۆر توندوتیژبوون. دەیانویست بچنەوە بەگژ دەوڵەتدا، دەیانوت ئەم كۆمارە سەرەتایەك و ئەزموونێكە بۆ ئەو كۆمارەی لە داهاتوودا ڕایدەگەیەنین. منیش عەقڵم ئەو هەڵسوكەوت و جرپنییەی قبوڵ نەدەكرد پێموتن، ناكرێ لەم زیندانەدا كە هیچی لە دەستی ئێمەدا نییە ئاوا پێداگربن. ئێمە خاوەنی سنووری ئەودیو دەرگاكەمان نین، بەرپرسانی زیندان ئەگەر دەست بۆ تفەنگ و زۆرداریش نەبەن، تەنیا بە گرتنەوەی ئاو و نان لێمان، ئێمە تێك دەشكێین و ئەوەی هەمانە لە دەستی دەدەین. تكایە ئارام ببنەوەو هەڕەشە مەكەن. بۆ ئەوەی كۆمارە میللییەكە و ئاڵا و شمشێرەكەتان بمێنێتەوە، واز لەو كەلـلـەڕەقیی و هەڕەشە و گوڕەشەیە بێنن.

لە درێژەی چیرۆكەكەدا بەهادین نووری ئەوەی نیشانداوە، كە تاڕادەیەك سەرۆك و ئەندامانی كۆمارە میللییەكە بە نابەدڵیی رازی بوون واز لەو هەڵسوكەوتە هەرزەكارانە بێنن، بەڵام لە كۆتاییدا سەربازەكان بەهۆی كەلـلەڕەقیی حەمید عوسمانی سەرۆكەوە، رۆژێك لە كاتی گواستنەوەی زیندانییەكاندا، شیوعییەكان داركاریی دەكەن و زۆربەی زۆریان خەڵتانی خوێن دەكەن.

دوای نیو سەدە لە تێپەڕینی ئەم رووداوە، كتومت دەڵێی بۆ ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان داڕێژراوە. حكومەتەكە دەڵێی تاقانە بیناكەی نوگرە سەلمانە لەو بیابانەدا، پشوودرێژیی و چاوپۆشیی بەرپرسانی گرتووخانە دەڵێی ئەو دەرفەتەیە ئەمریكییەكان رەخساندوویانە بۆ كورد، تورك و عەرەب و فارسیش بەناچاری قبوڵیانكردووە.

سوپا و كەرەستە سادەكانی سوپای ئەو كۆمارە كەشمشێری لەتەنەكە دروستكراوبووە، ڕێك دەڵێی چەكی كۆنی بەردەست هێزە پەرت و نانیزامییەكەی پێشمەرگەیە. هێنانی رۆژانەی نان و ئاو لە دەرەوە هەمان هاوردنی هەموو شتێكە لە دەرەوە!

كەلـلەڕەقیی حەمید عوسمانی سەركۆماری شیوعییەكانی نوگرەسەلمان و حساب نەكردن بۆ ئەو واقیعە تاڵەی زاڵە بەسەر ئامانج و هیواو خەونی لەمێژینەت، هەمان كەلـلـەڕەقیی و ناواقیعبینی سەركردەكانی هەرێمی كوردستان بوون لە بیابانێكی پڕ لە تەڵە و تەنگ و چەڵەمەدا. 


تائێرە، ئەزموونی هەرێمی كوردستان زیاتر لە نیوەی ئەو چیرۆكەی شیوعییەكانی گرتووخانەی نوگرە سەلمانی بەسەردا هاتووەتەوە، ئینسان كە هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو لە چاككردنی ئەو هەموو هەڵە و پەڵەیەی سەركردەكان دروستیان كرد، ئاوات دەخوازێ كە وەكو حەمید عوسمان و ئەندامانی كۆمارە میللییەكەی، لە سەیارە دانەگیرێن خەڵتانی خوێن بكرێن و كۆتایی بە كۆمارە میلییەكە و ئاڵا سوورەكە بێنن و شمشێرە لە تەنەكە دروستكراوەكانیش نەتوانن زلـلـەیەكی دروژمن كەم بكەنەوە. چونكە ئەوەی كۆمارە میللییەكەی نوگرە سەلمان ئەنجامی ناواقیعیی و كەلـلـەڕەقیی سەركردەكانی بوو كە زووتر هەڵوەشایەوە.

هەموو خەون و ئامانجێك، چەندە پێویستی بەحەقیقەت و ڕەوایەتیی هەیە، ئەوەندە و زیاتریش پێویستی بە زەمینەسازیی هەیە، پێویستی بە بیركردنەوەی ژیرانە هەیە بۆ مسۆگەركردنی.

سەركردە و ئینسانی ژیر، هەوڵ دەدات زیاتر بمێنێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر بەدەستبێنێ. بەڵام سەركردەی هەڵەشە پێچەوانەی ئەمانە دەكات بەر لەوەی زۆر بكات زۆری دەوێ!

كاوە شێخ عەبدوڵڵا 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی