گومان لە هێزە عێراقیەكەی زاخۆ

04/07/2020

هیوا سەید سەلیم

دوای چەند هەفتە لە ئۆپراسیۆنی زەمینی و سەربازی سوپای توركیا بۆ ناوچەی حەفتانین لە دەوروبەری قەزایی زاخۆ، دیمەنی هێزێكی سەربازی لە دەڤەری شەڕی نێوان سوپای توركیا و  PKK یڵاودەبێتە  كە ئالای عێراقیان لەو دەڤەرە هەڵكردووە كە ساڵانێكی زۆرە ئەو ناوچەیە بەو ئاڵایە و بە هێزەكانی عێراقی نامۆیە.

هێزە عێراقیەكە كێن و سەر بەكێنە و سەر بە چ لایەن و نەتەوەیەكن كوردن یان عەڕەب؟  زۆر گرنگ نیە، ئەوەی كە زۆر گرنگە بزانرێت ئەركی ئەو هێزانە لەو كاتە هەستیارە كە دەڤەرەكە مەیدانی شەڕێكی یەكجار نابەرابەرە لەوێ چیە؟

پرسیار و گومانەكان لەوە سەرچاوە دەگرن،  كە لێرەو لەوێ باس لە هەماهەنگی سەربازی و ئیستخباراتی توركیا – عێراق دەكرێت،  بۆ سەركەوتنی توركیا لەو ئۆپراسیۆنە، ئەوەشی كە گومانەكان زیاتر دەكات، هاتنی شاندی باڵای ئیستخباراتی توركیا بە سەرۆكایەتی (هاكان فیدان) بۆ بەغدا بە دوو رۆژ پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكەی سوپای توركیا.

هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای ئیستخباراتی توركیایە، پێشتر بە حوكمی كارەكەی پەیوەندی باشی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبووە، كە هەردووكیان لە پۆستی سەرۆكی دەزگای موخابەرات بوونە.

دوا جاریش ئەو لێدوانەی كە لەزاری قسەكەری وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا بڵاوكرایەوە، كە باس لە گرنگی هەماهەنگی نێوان عێراق و توركیا و هەرێم دەكات بۆ وەدەرنانی هێزەكانی PKK لەو ناوچەیە.

هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە بە دوو جۆر شیكاری بۆ دەكرێت، یەكەمیان بەوەی گومانەكان ڕاست بن و ژێر بە ژێر ریكەوتن لەسەر دژایەتی PKK كرابێت، هی دووەمیش عێراق نەچووبێتە ژێرباری داخوازی توركیا و بۆ ڕێگری لەو ئۆپرسیۆنە ئەو هێزەی لەو ناوچەیە دامەزراندبێت.

هەردوو بژاردەكە ڕێگای تیدەچێت بە تایبەت لایەنی دەستەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان هەمیشە جەغت لەوە دەكاتەوە كە نابێت چیتر PKK بیانوو بداتە هێزەكانی توركیا،  و ماكینە راگەیاندنەكەشی لە خزمەتی بیانووهێنانەوەیە بۆ ڕەوایەتی دان بە شەڕی (PKK)ە.
   
ئەوەی تا ئێستا وا دەكات گومان بكەین عێراق و هەرێم بەو ئۆپراسیۆنە رازی بن،  و هاوكاری توركیا بكەن ، گومانی هەموو لایەكە لە ئەجێندای دەوڵەتی توركیا، بەوەی نایشارنەوە ئەوان بە گەڕانەوە بۆ میساقی میللی دەیانەوێت دەست بگرنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی كە لە رێكەوتننامەی لۆزان لەدەستیان داوە.

بە واتایەكی دیكە هەموو كارەكتەرەكانی نێو قەیرانەكانی ناوچەكە لە پیلانی دەولەتی توركیا گەیشتوون، بەوەی ئەگەر بۆی بچیتە سەر نەك دەست دەگرێت بەسەر هەرێمی كوردستان و سنووری ویلایەتی موسڵی كۆن، بگرە هەموو ئەو ناوچانەش دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی كە لەسەردەمی شەش سەدەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە ژێر دەستی ئەو دەوڵەتە داگیركەرە دابوونە.

لە سەرتایی ساڵانی ٢٠٠٠،  و دوای هاتنە سەركاری پارتی داد و گەشەپێدان لە توركیا دوڵەتی عوسمانی نوێ ئەجیندای ئەردۆغان و پارتەكەی بووە، تێزەكەی ئەحمەد داود ئۆغلو كە لە نامەی دكتۆراكەی هاتووە ( قوڵایی ستراتیژی) زۆر بە ڕوونی باس لە توركیای نوێ دەكات.

بۆیە لە بەرژەوەندی هیچ یەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان دانیە بچنە ژێر باری ئەجێندای دەوڵەتی توركیا، بەڵام وەرنەگرتنی هەڵوێستێكی جدی لەبەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە و بردنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەكانی شەڕ هیشتان جێگای گومانە.

ئەوەی كە زۆر گرنگە ئەوەیە PKK بەرەیەكی شەڕی دیكە لە دژی خۆی نەكاتەوە،  و كاردانەوەی دژ بەو هێزە نەبێت كە لەو ناوچەیە جیگیركراوە، ئەگینا ڕادەكێشرێت بۆ نێو شەڕێك كە ئەنجامەكەی بە سوودی ئەجێندای توركیا دەشكێتەوە. 
 
هیوا سەید سەلیم


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی