قسەكردن بۆ میدیا

09/07/2020

تارق جەوهەر

ڕۆژانە دەیان  پەرلەمانتارو  وەزیرو بەرپرسانی باڵای حزبی و حكومی  هەرێم قسە بۆ میدیاكان دەكەن. هەندێك جار قسەی باش وزۆرجاریش قسەكانیان بەخراپ لێوەردەگیرێ.   چونكە نازانن چۆن و كەێ و لەكوێ قسه دەكەن. یاخود كەی بەخۆیان چاوپێكەوتنی میدیایی  دەكەن  كەینێش ڕاوێژكار یا بەڕێوبەری ڕاگەیاندن یا وتەبێژی دامەزراوەكەی ڕادەسپێرێ . یان لەكاتی ئاسایی وقەیرانەكاندا  چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووماڵی میدیایی قەیرانەكەدا دەكەن. گرنكە بزانن چی دەڵین و  چۆن دەیلێن؟ بۆ كوێی دەڵێی؟   بۆ وەرگری چ كەناڵێ قسە دەكەن؟

بەداخەوە  لێرە وانیشان دەدرێ كە ئەو بەرپرسانە هەموو شتێك دەزانن وپێویستیان بە ڕاوێژكارو بەڕێوبەری راگەیاندن و  وتەبێژ نیە. بۆیەزۆرجار ڕۆژنامەنووسی زیرەك لە خشتەیان دەبات وتووشی هەڵەی گەورە و هەڵچونیان دەكەن . یا لەبەر ئەوەی بە باشی خۆیان ئامادەنەكردوە ، وەك كەسێك دەردەكەون وەك بڵیی زانیاری وشارەزایی  پێویستیان لەسەر بابەتەكە نییە..  یان لە كاتی كێشەو قەیرانەكاندا، زۆر جار  قسەكانی ئەوان لە دۆڵێكە و كێشەو نەهامەتییەكانی خەڵكیش لە دۆڵێكی تر بن و ناگەنە یەك. .  ئەوە جگە لە ڕەچاو نەكردنی لایەنی ئەتەكێتی  پۆشینی  جل وبەرگ  و بەكارهێنانی ڕەنگ و ماكیاژو جوڵەی دەست و شێوازی دانیشتن ،  تزرۆ تروكاندنی چاو وزمانی جەستە بەگشتی  هەریەكەیان لەئاوازێك دەخوێنن.  وادیارە تائێستا وەك پێویست سوودیان لەو كتێبانەش وەرنەگرتووە، كە چەند ساڵێكە كەسانی شارەزاو ئەكادیمی نووسیویانە یا توێژینەوەی زانستیان لەسەركردوە یا لەزمانەكانی تر كروانەتە كوردی، دەربارەی چۆنیەتی خۆ ئامادەكردن بۆ چاوپێكەوتن و  بنەماكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و هونەری قسەكردن وكاری وتەبێژی و چۆنیەتی دەركەوتن لە میدیاكاندا.

دەركەوتن لە شاشەی كەناڵەكان، بەگشتی ولەم سەردەمی  سۆشیال میدیاو  میدیای ئەلكتڕونیدا دوو سەرەیە، كارێكی ئاسان نی یە،  و نابێ  هەر بۆ  خۆ نمایشكردن سەیر بكرێ، چونكە ئەگەر بەباشی نەزانی ئەو چەكە كاریگەرە بەكاربهێنی بێگومان زیانت پێدەگەیەنێ ولەوانەیە كەسایەی سیاسیت بشكێنێ. دواجار خەڵكیش متمانەیان بە قسەكانت نەمێنێ. بۆیە دەبێ سەرۆكەكان، وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسانی كە ئەركی خزمەتگوزاری گشتییان لەئەستۆدایە،  كە داوای چاوپێكەوتنێكی میدیاییان لێدەكرێ، ناڵێم خۆیان بدزنەوە بەڵام مەرج نییە هەر خۆیان قسەی تێدا بكەن. پێویستە بابەتەكە زۆر بەجدی وەربگرن و پرس و ڕا بە شارەزایانی بواری میدیاو پ دەوروبەری خۆیان بكەن و بزانن  ئەو چاوپێكەوتنە تا چەند له قازانجی گەیاندین پەیامی دامەزراوەكە دایە. ئایا گرنكە خودی بەرپرسی یەكەم  یا وەزیر قسە لەسەر هەموو شتێك بكات؟ یان پێویستە  بریكارەكەی یا وتەبێژێكی بە( ئاگا وبەشدار) له پڕۆسەی بڕیاردان چاوپێكەوتنەكە بكا؟  بۆ ئەمەش هەقە  چەند سەعات پێشتر  بەداتا وزانیاری خۆیان بۆ هەموو جۆرە پرسیارێكیش ئامادە بكەن، چونكە لەبواری میدیادا هەموو جۆرە پرسیاریك ڕەوایە  كە لە سەرۆك و وەزیرەكان وپەرلەمانتاران وبەرپرسان و وتەبێژی حزبی وحكومی بكرێ ، بەڵام شێوازی وەڵامەدانەوەی ئەو بەرپرسانە ، داتا وئامارەكانی دەیانخەنەڕوو لەگەڵ ڕاستگۆیی و ڕوونی قسەكانیان ئەوە دیاری دەكات ئایا تا چەند لە چاوپیكەوتنەكەدا  سەركەوتووبوینە و لەبابەتەكەشدا لەقازانجی گشتی  و چارەسەركردنی كێشەكاندا قسەیان كردووە.  لێرەوە  باشی وخراپی چاوپێكەوتنەكەو دیاریكردنی ئەو كەسەی قسەی تێدا كردووە بەدیار دەكەوێ كە تا چەند قسەكانی لای خەڵك و میدیاكان جێگای ئیعتیبار بووە!  یان بە پێچەوانەوە  رەنگە چاوپێكەوتنەكە زیان بەپێگەی خۆی وحزبەكەی و دامەزراوەكەی بگەیەنێ واتە قازانج سەری مایەی خواردووە.

تارق جەوهەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی