ڤایرۆسی كۆرۆنا و کاره‌ساته‌ ترسناكه‌كه‌

14/07/2020

سابیری سه‌ندیكا

لە كاتێكدا ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا تێكڕای مرۆڤایەتی كردۆتە ئامانج و ژیانی ئیفلیج كردووە، کۆرۆنای نوێ کە لەکۆتایی 2019 لە چینەوە بڵاوبۆوە، تائێستاش بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە.
کاریگەرییەکانی داهاتووی ڤایرۆسەکە گەورە دەبن و ئێستا چەندین پرسیار بەجێ دەهێڵن: *ئایا بەرکەوتن دەبێت بە شتێکی حەرام؟ شێوەی خواردنگە و قاوەخانەکان چییان لێدێت؟ فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان چیان لێدێت؟


بەبڕوای هەندێک لە شارەزایان ئەم کارەساتە لە داهاتوودا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت. بڵاوبونەوەی شێوازی کارکردن بەبێ تێکەڵاوبوون، گۆڕینی تێڕوانینمان بۆ نەتەوایەتی بەوپێیەی وێنەی سەربازێک دەگۆڕێت بۆ وێنەی پزیشک، یاخود پەرستارێک، گۆڕانی کیشوەری لە سیاسەتی جیهاندا.
رێوڕەسمە ئاینییەکان شێوازێکی دیکە وەردەگرن، هێڵی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەردەست دەبێت و ئەمەش توانای دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان زیاتر دەکات، پێشکەوتنی بواری پزیشك بەوپێیەی پزیشکان دەتوانن چارەسەری نەخۆش بکەن، بەبێ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە یان کلینیکەکانیان بکەن، باوەڕی مرۆڤ بە زانست دەگاتە سەروو نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و تێگەیشتنە هەڵەکان.

بڵاوبوونەوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و چەندین کاریگەریی دیکە کە دەبێت چاوەڕوان بین تا بیانبینین.
بەدرێژایی مرۆڤایەتی، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان یەکێک بوون لەو کارەساتە سروشتیانەی مرۆڤ نەیتوانیوە بە زوویی کۆنتڕۆڵیان بکات و قوربانییەکی زۆری لەو پێناوەدا چەشتووە. کاتێک چارەسەری پێویستیش بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دۆزراوەتەوە، هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو نەخۆشییانە بەردەوامبوون و بووونەتە هۆی رووخاندنی ئیمپراتۆریەتەکان و تێکشکاندنی نەتەوەکان.

‎كۆرۆنا ئه‌وپه‌تا جیهانییه‌ی كه‌ ئابووریی و ئاسایش و ته‌ندروستی و زانست و ژیانی هه‌موو جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه،‌ رۆژانه‌ هەزار كه‌سیش گیان لەدەست دەدەن، پێوسته‌ خه‌ڵك كه‌لتووری خۆپارێزیی په‌یڕه‌و بكات، ئەمەش بۆ سەلامەتیی خەڵکی کوردستان، تا بەگشتیی هەزاران کەس تووشی فایرۆسی کۆرۆنا نەبێت لەباشووری کوردستان، چونکە ‎به‌شێكی زۆر له ‌خه‌ڵكی ئێمه‌ی کوردستان، باوه‌ڕی به‌بوونی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەهێناوە و هۆكاره‌كه‌ش باوه‌ڕنه‌بوونی بەشێک لە خه‌ڵكی کوردستانە به‌ حکومەتی هەرێم كه بەداخەوە ئەو بێ متمانەتتە ‌به‌جۆرێك به‌ناخی بەشێک لەخه‌ڵكدا رۆچووه‌، هه‌ر به‌و چاوه‌وە سه‌یری سیاسه‌ت و سیاسییه‌كانی هه‌موو جیهانیش ده‌كه‌ن.
‎به‌داخه‌وه‌ بەشێک لە ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاتدارییان ناشیرین و بێ متمانه‌ كردووە، هەندێک لە هاووڵاتیانی هەرێم ‎به‌گومانه‌وه‌ سه‌یری هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانیش ده‌كەن.

‎خەڵک ده‌توانێت ژیانی خۆی و دەوروبەرەکەشی بپارێزێت به‌بێ ئه‌وەی گوێ بداته‌ ئه‌وه‌ی کە ڤایرۆسەكه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی كام حزب یەکدەگرێتەوە یان له‌گه‌ڵ كام ئایین و ره‌نگی پێست گرێدراوه‌تەوە، چونكه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌م ڤایرۆسه‌ جیاوازیی ناكات له‌ نێوان هیچ كام له‌ مرۆڤه‌كان به ‌هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه و هەمیشەش دەگۆڕدرێت، بۆیە پێویستە خەڵک بەگشتی ده‌مامك و دەستکێش ببەستن بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە نەبن لەکاتی چوونە دەرەوە بۆ بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەکان و دەشبێت لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە جلوبەرگەکانیان دابنێن و دەستبەجێ خۆیان بشۆن و بەرگی نوێ بپۆشن، ئەمەش بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسەکە.

دەبێت ئەوەش بزانین کە بەتەنیا بەستنی ماسک و دەستکیش گەرەنتی نییە بۆئەوەی کە تووش نابن، بەڵکو دەبێت هەموو رێکارە خۆپارێزییەکان بگیرێتەبەر، وەک : پاکوخاوێنی ماڵ و ئەو شوێنانەی کاری تێدادەکەن، یان تێیدا دەمێننەوە و هەروەها دووریی نێوان تۆ و کەسیکی تر کە دەبێت لە دوو مەتر کەمتر نەبێت و کاتێ نەخۆشکەوتنیشت دەبێت لە ماڵەوە بیت و تێکەڵی خەڵکی دیکە نەبیت و لەکاتی پێویستیشدا نەبێت، نەچیت بۆ بازاڕو مارکێتەکان و واز لە سەردانیکردنی ماڵان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بهێنیت و زوو زوو دەستەکانت بشۆیت و دەست بۆ دەم و چاوت نەبەیت جگە لەکاتەکانی دەست شوشتن.
هەروەک کاتێک زانیت یەکێک نەخۆشە لێی درووبکەوەیتەوە.

تاعون چی بوو؟
پیشان نەخۆشییەک بڵاوبووەوە کە دواتر بە «تاعوونی جەستنیان» ناسرا، تاعوونەکە ساڵی ١٥٤١ لە نزیک شاری بۆرسەعیدی میسر سەریهەڵدا و پاشان گواسترایەوە بەرەو ئەسکەندەرییە و دواتر بەرەو فەلەستین و لەدواییەکانی ساڵی 1542 دا گەیشتە کوستەنتینییە، پایتەختی ئیمپراتۆریەتی رۆمای خۆرهەڵاتی و پاشان بڵاوبوونەوەی بۆ ماوەی دووسەد ساڵ و تاساڵی 1750 بەردەوامبوو.
دەرکەوتە سەرەتاییەکانی، بەپێی وتەی مێژوونووس برکۆبیس قەیسەرانی، بە دەرکەوتنی تایەک لەسەر تووشبوان بوو و پاشان نیشانەکانی تاعوون دەرکەوتن کە لە شێوەی دوومەڵە لەسەر ران یان ژێر باڵی کەسی تووشبوو.

هەندێکیان لە هۆش خۆیان دەچوون. هەندێکی دیکەشیان وڕێنەیان دەکرد و زۆرینەشیان خوێناویان هەڵدەهێنایەوە.
بەپێی سەرچاوەی ناشناڵ جوگرافیک، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاسیا و باکووری ئەفریقا و ناوچە عەرەبییەکان و ئەوروپا بەهۆی تاعوونەکەوە مردوون، لەنێوان 30 بۆ 50 ملیۆن کەس بوون، یان دەکرێت بڵێین نیوەی دانیشتووانی سەرزەوی بووە لەو سەردەمەدا.
ئەم تاعوونە ئیمپراتۆریەتی قوستەنتینییەی لەچەندین رووەوە لاوازکرد.

ئیمپراتۆریەتەکە توانای بەرگریکردن لەخۆی بەرامبەر دوژمنانەکانی لەدەستدا، بەهۆی ئەوەی ژمارەی مردووانی زۆربوو و نەشی دەتوانی راهێنانی سەربازیی زیاتر بکات.
کەمی رێژەی دانیشتووان تەنها کاریگەریی لەسەر سوپاکەی نەبوو، بەڵکو سیستمی ئابووریی و بنیاتی ئیداریی ئیمپراتۆریەتەکەشی تێکشکاند.

سروشتی ڤایرۆسەکان
کاتێک ڤایرۆس دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە، سیستمی بەرگریی لەگەڵیدا دەجەنگێت. زۆربەی کات ڤایرۆسەکە بەبێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک لەگەڵ جەستەدا دەژی، بەڵام کەسی تووشبوو دەتوانێت نەخۆشییەکە بگوازێتەوە بەبێ ئەوەی خۆی تووشی ببێت.

بڵاوبوونەوەی ئاوڵە بۆ پێش مێژووی زاینی دەگەڕێتەوە، وەک کۆلبێرت لە توێژینەوەکەیدا ئاماژەی پێداوە، کاریگەرییەکانی بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بووە. هیچ کەس نازانێت لەکوێ و چۆن دەستیپێکردووە، ئاوڵە لەگەڵ دۆزینەوەی سەردەمی نوێدا لە ساڵی 118 لەڕێی ئیسپانیاوە تەشەنەی سەند بۆ هیسپانیۆلا (یەکێک لە دوورگەکانی دەریای کاریبی).

لە سەرەتاکانی ساڵی 1519 سێ لەسەر چواری دانیشتووانی دورگەکە تووشیبوون. پاشان لە ئیسپانیۆلاوە ئاوڵە گوازرایەوە بۆ بورتوریکۆ و پاشانیش بۆ ئازتیکی پایتەخت کە دەکاتە مەکسیکی ئەمڕۆ.
نووسەرێکی ئیسپانی نووسیوێتی «لەزۆربەی شوێنەکان، هەریەکە و لە ماڵی خۆیدا دەمرد، ژمارەیان هێندە زۆربوو، ئەستەم بوو بیاننێژن بۆیە ماڵەکەیان بەسەردا دەڕووخاندن».
لە مەکسیک نیوەی دانیشتووان گیانیان لەدەستدا، ئاوڵە زۆر خێراتر لە داگیرکاریی ئیسپانییەکان گەشتی دەکرد تا گەیشتە ئیمپراتۆریەتی ئیلانکا و گشت ئیمپراتۆرییەکە تێکشکا و بە ئاوڵە گیانییان لەدەستدا.

ناتوانرێت ژمارەی مردووانی نەخۆشیی ئاوڵە بزانرێت، چونکە تۆمارەکانی ئەو قۆناغە رووکەشین، بەڵام بە خەمڵاندن دەگاتە دەیەها ملیۆن.
بە وتەی ویلیەم دنیڤان مامۆستای جوگرافیا لە زانکۆی مادیسۆن «ئەم ڤایرۆسە گەورەترین کارەساتی دیمۆگرافی بەسەر ناوچەکەدا هێنا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا».
ئەم کارەساتە دیمۆگرافییە بەتەنها کاریگەریی لەسەر ئەوروپا نەبوو، بەڵکو ئەفریقاشی گرتەوە، لە سەدەی هەژدەیەمدا ئاوڵە دووبارە سەریهەڵدایەوە و لەڕێی کەشتییەکی هۆڵەندییەوە گەیشتە باشووری ئەفریقا کە ئەمەش بووە هۆی تێکشاندنی دانیشتووانی (خوی سان) کە دانیشتووانێکی رەسەنی باشووری ئەفریقان.

تاعوونی ڕەش و گۆڕینی ڕووی ئەوروپا
تاعوونی رەش لە ساڵی 1347 و 1351 گەیشتە لوتکە، تاعوونەکە لە خۆرهەڵاتەوە لە رێگەی بازرگانی ناسراو بە «ریگەی ئاوریشم» سەریهەڵدا، دانیشتووانی جیهان لەوکاتەدا لە ٥٠٠ ملیۆن کەس کەمتر بوو. لە ئەوروپا ژمارەی مردووان بە تاعوونەکە گەیشتە ٧٥ ملیۆن.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاعونی رەشدا بەپێی توێژینەوەیەکی لێکۆڵەر جۆشوا مارک کە لە بڵاوکراوەی ئینسکلۆپیدیای مێژووی کۆن بڵاوکراوەتەوە، ئەوروپییەکان چیتر متمانەیان بەو دامەزراوە و رێکخراوانە نەدەکرد کە پێشتر متمانەیان پێان هەبوو.

ئەو سەردەمە بەهۆی گیانلەدەستدانی چەندین کرێکارەوە، درزی تێکەوت. تاعوون لەنێوان نەوەی چینە هەژارەکاندا کە وەک پەنابەر هاتبوونە ئەوروپا، تەشەنەی سەند. لەڕێگەی ئەوانیشەوە تاعوون گەیشتە چینی دەوڵەمەندان و لەساڵی 1352 بە ملیۆنان خەڵک گیانیان لەدەستدا و بونیادی کۆمەڵایەتی ئەوروپا بەشێوەیەکی گەورە گۆڕانی بەسەردا هات.
چونکە ئەوروپا دانیشتوانی زۆربوو، بۆیە لە سەرەتادا کێشەی دەستی کاری نەبوو، کرێکاران کاریان دەکرد کە باجیان بە پاشا دەداو لە بەرامبەردا ئەو زەوی و زارەشی کاریان تێدا دەکرد، تەنها بەشی خواردن و خواردنەوە کرێیان پێ دەدرا.

بەڵام لەگەڵ تەشەنەسەندنی تاعوونەکەدا، ئەوروپا تووشی کارەساتێکی گەورەبوو، بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانەکەیەوە، کە بە مانای کەمکردنی هێزی کار دێت، چونکە ئیتر کرێکاران گرنگییەکی بەرچاویان هەبوو، «ژنان لە بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری پیاواندا، ماف گەلێکی زۆریان بەدەستهێنا، ئیتر ژنان مافی ئەوەیان هەبوو خاوەندارێتی زەویی بکەن و خۆیان کاروبارە ئیدارییەکانی بەڕێوەبەرن.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاعوونەکەشدا، پزیشکانی ئەوروپایی گومانیان لەو رێگەچارە پزیشکییانە دەکرد کە لەیۆنانییەکانەوە سوودیان لێ وەرگرتبوو، بۆیە لەدوای ئەوەوە ئیتر نەخۆشانەکان شێوازێکی مۆدێرنیان کرا بەبەردا.
ژنان لەبەرامبەر گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری پیاواندا، مافگەلێکی زۆریان بەدەستهێنا، ئیتر ژنان مافی ئەوەیان هەبوو خاوەندارێتی زەویی بکەن و خۆیان کاروبارە ئیدارییەکان بەڕێوەبەرن.

لە دەرئەنجامی جەنگی یەکەمی جیهان، ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبۆوە و نزیکەی 500 ملیۆن کەس تووشی بوون. لەنێوانیاندا 50 بۆ 100 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا. نەخۆشییەکە تووشی ئەوکەسانە دەبوو کە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 40 ساڵدا بوون، زۆرینەی تووشبوانیش رەگەزی نێر بوون. لە رێگەی بەرکەوتنەوە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی BBC عەرەبی ئەنفلۆنزای ئیسپانی وەک تاعوون کاریگەریی کۆمەڵایەتی قووڵی نەبوو، بەڵام زۆرینەی بەڵگەکان ئاماژە بە کاریگەریی جۆراوجۆر دەدەن وەک باشتربوونی پێگەی ژنان بەهۆی زۆریی رێژەی مردنی پیاوانەوە.
هەروەها کاریگەریی گەورەی لەسەر جەنگ هەبوو، بۆ نموونە لە هیندستان کە ئەنفلۆنزاکە بڵاوبۆوە، خەڵکی هیندستانی بەریتانییە داگیرکەرەکانیان تۆمەتبارکرد بەوەی کە کەمتەرخەمبوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکاندا.

یەکێک لە کاریگەرییە هەرە گەورەکانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی، گۆڕینی پێوەری جیهانی کەرتی تەندروستی گشتی بوو.
چیتر تاوانبارکردنی نەخۆش بۆ نەخۆشکەوتنیان و چارەسەرکردنی تاک تاکەی نەخۆشەکان مانایەکی نەما و دەوڵەت دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی بنەمای دابینکردنی چارەسەر بۆ هەمووان، هەروەها دەستیکرد بە دروستکردنی کەرتی تەندروستی گشتی و بەرەوپێشبردنی دامەزراوە پزیشکییەکان لەپێناوی چارەسەری پێویست بۆ هەمووان.
هەروەها لەساڵی 1923، نەتەوەیەکگرتووەکان دامەزراوەیەکی تەندروستیی راگەیاند کە لە ساڵی 1948 بە رێکخراوی تەندروستی جیهان WHO ناسرا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی