بۆچی بەغدا نەوتی هەرێمی ناوێت؟

30/07/2020

هیوا سەید سەلیم

سالانێكە هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم  كێشەیانە، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بە ڕێگای سەربەخۆ نەوتی خۆی فرۆشت، بەغدا لە رێگەی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ویستی فشار بخاتە سەر هەرێم،   لە ماوەی دەسەڵاتی سێ كابینەی (مالكی، عەبدولمەهدی، و ئێستاش كازمی) ئەو پرسە بێ چارەسەری بنەڕەتی ماوەتەوە.

لەسەردەمی كابینەكەی (عادل عەبدولمەهدی)دا لە نێوانی هەرێم و بەغدا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن واژۆكرا،  كە دەبوو لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەرامبەر ڕادستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە بەغدا،  دووەمیان بڕی ٤٥٣ ملیار دینار وەك شایستە دارایەكان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی وایكرد ئەو لێك تێگەیشتنەی  نێوان بەغدا- هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ درێژەی نەبێت،  و بەغداش ئەو بڕە پارەی مانگانە بۆ هەرێمی دەنارد ئیتر بە رێكوپێكی و مانگانە نەینێرێت.

شایانی باسە لە ساڵی تازەدا هەرێم چەندین شاندی ڕەوانەی بەغدا كردووە، لە تەواوی كۆبوونەوەكاندا هەڕێم ئامادەی تێدابووە نەك ٢٥٠ هەزار بەرمیل بگرە تەواوی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا بكات تا لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ بیفرۆشێت  بەڵام ئێستا بەغدا رازی نیە نەوتی هەرێم وەرگرێت.

جاران بیانووی بەغدا لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان،   لەسەر ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بوو ئەی بۆچی ئێستا بەغدا ئامادەیی تێدانیە هەرێم نەوتەكەی ڕادەست بكات؟

ئاشكرایە كە ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی  Covid 19  ، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان رووی لە دابەزین كرد، بۆ ڕێگری لەو دابەزینە رێكخراوی ئۆپیك پڵاس كە پێك دێت لە وڵاتانی هەناردەكەری نەوت و رووسیا،  لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رێككەوتن،  و دەبوو هەموو ئەندامانی ئەو رێكخراوەش پێیەوە پابەندبن، لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنە نەبێت عێراق پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بێت، و نسبەتێك لە نەوتی هەناردەكراوی خۆیی كەم بكاتەوە.

جگە لەو خاڵە بەغدا دەزانێت كە نەوتی هەرێمی كوردستان گرێبەستەكانی جێگای مشتومڕن،  و پارەیەكی زۆریشی لێ بەهەدەر دەڕوات،  بە ناوی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە و ئیدیكەش، بۆیە بەغدا ئامادەنیە نەوت لە هەرێمی كوردستان وەرگرێت.

ئامادەنبوونی بەغدا لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم وایكردووە هەردوولا لە رێكەوتنێكی تازە نزیك بكاتەوە، ئەویش بەوەی بەغدا تا ساڵی تازەی ٢٠٢١ هەرێم سەرپشك دەكات نەوەتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام لەبەرامبەر ڕادەستكردنی ٥٠٪ داهاتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەغدا بڕی ٣٠٠ ملیار دینار مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەویش بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئەو ریكەوتنە تازیە ئەگەر سەربگرێت، دەبێت هەرێمی كوردستان لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانی دیكە، بڕی پێویست پارە بخانە سەر ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە ئەمەشیان لەبەردەم چەندین ئاڵنكاریی دادەبێت،  بەوەی ئەگەر جارێكی دیكە نەوت نرخەكەی دابەزێتەوە، یان حكومەتی هەرێمی كوردستان شەفافانە مامەڵە لەگەڵ ئەو داهاتە نەكات.

بەغدا بەو رێكەوتنە تازەیەیی  تۆپەكە دەخاتە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەرێم لەسەریەتی لە بڕی پەنابردنە بەر بڕینی مووچە و دواخستنی،  بیر لە هەنگاوەكانی چاكسازی بكاتەوە، تا لەوە زیاتر خەڵك لە چاوەڕوانی مووچە پەنا بۆ سیاسەتی سك گوشێن نەبات.

لای هەموو لایەك روونە كە لە ساڵی   ٢٠١٤ وە تا ئێستا،  خەڵكی كوردستان كراوەتە قوربانی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، جارێك مووچەی پاشەكەوت دەكریت،  و جارێك لێ دەبڕێت و مانگی بۆ درێژ دەكرێتەوە، بەشێوەیەك كە كەم مووچەخۆر هەیە بزانێت كە چەند پارەی لای حكومەتە، بۆیە خەڵك بەپەرۆشەوە لە چاوەڕوانی ڕێكەوتنی نێوان  بەغدا و هەرێمن.

هیوا سەید سەلیم
   

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی