رۆژئاڤا بە ئاڕاستەی کرانەوەیەکی سیاسی زیاتر

02/08/2020

هیوا سەید سەلیم

  دوابەدوای ئەو جوولە سیاسیەی کە بە هۆی دەستپێشخەریەکەی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی،  بۆ ئەشتەوایی و یەکڕێزی لایەنەکانی رۆژئاڤای کوردستان لە ژێر چەتری دەوڵی و بە پشتیوانی هەریەک لە ولاتانی ئەمەریکا و فەرنسا و چەند ولاتێکی دیکەی ئیقلیمی لە رۆژئاڤای کوردستان دەستیپێکرد، وا خەریکە بەرهەمی ئەو دەستپێشخەریە بەردەگرێت، و رۆژئاوا چەندین دەروازرەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت دبلۆماسی بەڕوودا دەکرێتەوە.

ساڵی پار بڕیاری ئیدارەی کۆشکی سپی لە کێشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا و رۆژئاڤای کوردستان کە لە مانگی نۆڤێمبەری ٢٠١٩ لە رێگەی تویتێکی ترامپ ئاشکراکرا، ناوچەکەی رووبەڕویی قەیرانێکی گەوەرەی سیاسی کردوە،  بە شێوەیەک کە ئەو بڕیارە بووە هۆی ئەوەی تورکیا چرای سەوزی بۆ هەڵبکرێت تا ناوچەیەکی فراوان لە رۆژاوای کوردستان داگیربکات.

تورکیا ئۆپراسیۆنی خۆی دەستپێکرد و بەبەرچاوی دونیا و هێزە نێودەوڵەتیەکان لە گۆرەپانی سوریا لە بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە کۆمەلکوژی ئەنجامدا،  و خاکێکی بەرفراوانیشی داگیرکرد، کە تا ئێستاش لێی ماوەتەوە، بە شێوەیەک کە پێش ئۆپراسیۆنی ئەوەی تورکیا ناوی نابوو (کانی ئاشتی)، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سێ یەکی خاکی سوریایان لەبەردەست بوو، بەڵام دوای ئەو ئۆپراسیۆنە ئێستا تەنیا ٢٨-٣٠٪ لەژیر دەست ماوە، باقی خاکی سوریا و رۆژئاوایی کوردستان ١٥٪ لە لایەن تورکیا داگیرکراوە، لە هەر ناوچە دیارە داگیرکراوەکانی خاکی کوردان لە رۆژئاڤایی کوردستان شاری (عەفرین و سەرێ کانیێ و گرێ سپی) یە، کە تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی (چلە زەیتون و کانی ئاشتی) بە چرای سەوزی روسیا لە لایەک و ئەمەریکا لە لاکەی دیکە داگیری کردوون.

شایانی باسە هەڵویستی ئیدارەی کۆشکی سپی سەبارەت بە کێشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا هەرزوو ڕووبەڕووی کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بوویەوە، لە ئاستی ئەمەریکا کۆنگرس هەڵوێستێکی پێچەوانەی دەربڕی و بڕیارەکەی ئیدانە کرد، وڵاتانی کاریگەری ئەورپی ( فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) کەوتنە جوولە و فشار خستنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی کوردان لە رۆژئاڤایی کوردستان لە کۆمەلکوژی داگیرکاری تورکیا بپارێزن.

 هەموو ئەو فشارانە وای لە ئیدارەی کۆشکی سپی کرد بە بڕیارەکەی دابچێتەوە و لە ژێر ناونیشانی پاراستنی بیرە نەوتەکان بەشێک لە هێزەکانیان لە باکوور و رۆژهەلاتی سوریا بهێڵنەوە.
ئەگەرچی ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕوانگەی پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی هەرزوو بڕیارەکەی خۆی بۆ کێشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا گۆڕی، بەڵام  دەرکەوت لە پشتی پەردەوە هێشتا فاکتەری زۆر هەن کە دەتوانین بڵێین بۆ کورد لە رۆژئاڤایی کوردستان دەکرێت بکرێنە گەرەنتی دەستگرتن بە دەستکەوتەکانی کە کورد دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستیهێناوە.

رۆژی ٣٠ تەمووز سیاناتۆری کۆماری نزیک لە سەرۆکی ئەمەریکا لینسی گراهم،  لەبەردەم کۆنگرس و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ولاتەکەی مایکل پۆمپیۆ، ڕایگەیاند :
(لە لایەن ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی،  پەیوەندی پێوەکراوە و هەواڵی گرێبەستی نەوتی نێوان رۆژئاوایی کوردستان و کۆمپانیایی دلتا کریسنت ئەنێرجی پێڕاگەیاندووە)
 ئەو گرێبەستەی بۆ نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی رۆژئاوایی کوردستان لە نێوان کۆمپانیا ئەمەریکیەکە و ئیدارەی رۆژئاڤا ئەنجامدراوە.

ئاشکراکردنی ئەو جۆرە گرێبەستە لەبەردەم کۆنگرسی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمەریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان مانا و دەلالەتێکی یەکجار زۆری هەیە ، کە دەکرێت بەسەرتای چاوخشاندنەوەی کۆشکی سپی دابندرێت بە سیاسەتەکانی لەبەرامبەر رۆژئاوایی کوردستان، بە تایبەت کاتێک وەزیری دەروە دەڵێت:
(ئەوە سەرەتایە چاوەڕوانی زیاتر بن)

گرێبەستی نەوتی کۆمپانیا ئەمەریکیەکە و رۆژئاڤای کوردستان لەگەڵ ئەوەی ژێرخانی ئابووری رۆژائاوای کوردستان دەبووژێنێتەوە، گرەنتی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەبێت بۆ ئەو ماوەیەی کە گرێبەستەکەی لەسەرکراوە، دواجار دەڵێین سەرکەوتنی ئیرادەی رۆژئاڤایی کوردستان دەبێت بەسەر پیلانی داگرکاری تورکی، هەر بۆیەشە دەبینین تورکیا و سوریا و پشتیوانانیان چەندە بەو هەنگاوە نیگەرانن.